Accessibility links

سەربازانی کیێڤ خۆیان بۆ شەڕێکی خوێناوی لە خێرسۆن ئامادە دەکەن


سەربازانی ئۆکرانیا خۆیان بۆ شەڕێکی یەکلاکەرەوە بەرامبەر بە دوژمنە ڕووسەکانیان لە باشووری شاری خێرسۆن ئامادە دەکەن، ئەمەش ئەگەری شەڕێکی خوێناوی لە هەفتەکانی داهاتوودا زیاد دەکات، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەندەری ستراتیژی لە کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری دنیپرۆ.

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، پێویستە هاووڵاتیانی مەدەنی لە ناوچە جێناکۆکەکان دووربخرێنەوە، ئەمەش یەکەم دانپێدانانە بە تێکچوونی بارودۆخی ئەو ناوچانەی کە شەڕێکی سەختی تێدایە و مۆسکۆ بانگەشەی ئەوە دەکات بە خاکی ڕووسیاوە لکاندوونی.

هێزەکانی ئۆکرانیا بە کەڵک وەرگرتن لە چەکی دەستبەسەرداگیراوی ڕووسیا ئامانجەکانی ڕووسیایان لە نزیک شاری بەخموت لە ڕۆژهەڵاتی ناوچەی دۆنێتسک پێکاوە، لە کاتێکدا شەڕ لەو ناوچەیە بەردەوامە کە مۆسکۆ هەوڵی زۆر دەدات دەستی بەسەردا بگرێت.

ئەمەریکا ڕۆژی هەینی 400 ملیۆن دۆلاری دیکەی هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند لەوانە سیستەمی بەرگری ئاسمانی جۆری هاوک تی حەفتاودوو.

شی ژینگ پینگ، سەرۆکی چین و ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، هەڕەشەکانی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمییان لە ئۆکرانیا سەرکۆنە کرد، شۆڵز هۆشداریدا لەوەی ڕووسیا بە پەنابردن بۆ چەکی ئەتۆمی مەترسیەکی گەورە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دێنێتە ئاراوە.

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گروپی حەوت ڕایانگەیاند، هەر جۆرە بەکارهێنانێکی چەکی کیمیایی، بایۆلۆژی یان ئەتۆمی لەلایەن ڕووسیا، لێکەوتەی سەختی دەبێت و دووبارە داوایان لە مۆسکۆ کرد کۆتایی بە شەڕ لە ئۆکرانیا بهێنێت.


سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG