Accessibility links

لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا هەڵبژاردن لە کاتی خۆی ئەنجام نەدراوە


جارێکی تر پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وادەی خۆی درێژ کردەوە، ڕێکەوتی 6ی مانگی یازدەی 2022 کە دوا وادەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام نەیتوانی بڕیار لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەم بدات بەمەش ئەم دامەزراوەیە لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵی تەمەنیدا و بە 5 خول نەیتوانیوە لە کاتی یاسایی خۆی هەڵبژاردن ئەنجام بدات.

دواکەوتنی هەڵبژاردنەکان دوای خولی یەکەم بەم شێوەیە بووە:

خولی دووەم ساڵی 2005 ئەنجامدرا، واتە نزیکەی 10 ساڵ دواخرا بەهۆی شەڕی ناوخۆ.
خولی سێیەم ساڵی 2009 نزیکەی 2 مانگ دواخرا.
خولی چوراەم ساڵی 2013 2 هەفتە دواخرا.
خولی پێنجەم ساڵی 2018 زیاتر لە ساڵێک دواخرا.

لەم بارەیەوە شارەزایەکی یاسایی و سیاسی ئاماژە بەوە دەکات، درێژ کردنەوەی ماوەی پەرلەمان کەلێنێکی گەورە لە کۆی سیستەمی حوکمڕانی لە وڵاتدا دروستدەکات.
دکتۆر عابد خالید پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە کۆلێژی زانستە ڕامیارییەکانی زانکۆی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە یاسا سەروەر نیە لە هەرێمی کوردستاندا.

" تاکید پابەند نەبوونی دەسەڵاتداران بە یاساکانەوە، لە زمنی پابەندبوون و پابەند نەبوون بە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا، هەر تەنها بۆشایی دەستوری دروست ناکات، بەڵکو کەلێنێکی گەورە لە کۆی سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا دروستدەکات، عادەتەن ئەو سیستەمە سیاسیانەی کە پابەند نین بە یاساکانی خۆیانەوە، تیایاندا یاسا سەروەر نیە، وە نەبوونی سەروەری یاساش بۆشاییەکی درێژخایەنی گەورەیە لە کۆی سیستەمی حوکمڕانیدا کە تیایدا هیچ کەسێک متمانەی بەو دەسەڵاتە نیە، خۆی ڕێز لە یاسا ناگرێت، کەواتە چۆن دەبێت بە ئاسایش و ئارامی و چۆن دەبێت بە پشتیوان بۆ خەڵکی، کەواتە ناتوانێت متمانەی خۆی بۆ هاوڵاتیان دروست بکات."

لە پرسیاری غیابی یاسا و کاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئەو شارەزا سیاسیە پێی وایە، پەرلەمان لە هەرێمی کوردستاندا بە درێژایی مێژووی خۆی نەیتوانیوە ئەرکی نوێنەرایەتی خەڵک بگرێتە ئەستۆ.

" پەرلەمان خۆی ئەرکی چیە؟ بۆ ئەوەیە نوێنەرایەتی خەڵک بکات، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا وەک دەزانین پەرلەمان ڕاستیەکەی ناتوانێت ئەم ئەرکە بەجێ بگەیەنێت، بۆیە پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان ئەوەنەی ڕووکەش کردن و ڕوپۆشکردنی سیستەمی حوکمڕانیە کە نەیتوانیوە، دیموکراسی ڕاستەقینە بەرهەم بهێنێت، زیاتر نیە، لەبەر ئەوە ئەوەی هەیە، ئێمە لە قەیرانێکی گەورەی نەبوونی دیموکراسیدا دەسوڕێینەوە تیایدا دامەزراوەکان کە بەناوی دیموکراسیەوە دروستدەکرێن ناتوانن ڕۆڵی خۆیان ببینن وە ئەو کاریگەریەش، ئەوە نیە ئەمڕۆ دروستببێت، ئەم پەرلەمانە ئەگەر لە وادەی خۆیدا نەبێت بۆشایی گەورە دروست دەکات، بەڵکو کۆی سیستەمی حوکمڕانی پابەند نین بە یاساکانەوە، بۆیە بۆشاییەکی درێژخایەنی ئەبەدی ودرێژخایەنیشی هەیە، لەبەر ئەوە هەمیشە قەیرانی گەورە ئەوەیە کە خەڵک بێ نوێنەری ڕاستەقینەیە لە سیستەمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا، لەبەر ئەوەی پەرلەمانەکەی ناتوانێت، ئەساسی خۆی ببینێت."

هەر سەبارەت بەم پرسە هیوا ڕەش کە دانیشتوی شاری سلێمانیە دەڵێت" بە ڕای من هەڵبژاردن نەکرێت، ئەم پەرلەمانە بکرێت بە ئەبەدی، هەتا هێزێکی شۆڕشگێڕی کاریگەر بێت بتوانێت ئیزاحە بەمانە بکات و بیانخاتە لاوە، چونکە ئەم هەڵبژاردنە کە دەکرێت، هەموو خولێک 111 پەرلەمانتار خانە نشین دەکرێت، 111 پەرلەمانتاری تازە دێتە پێشەوە، یەکی 4 بۆ 5 پاسەوانیان هەیە واتە تەعین دەکرێن و هەرکەسێکیان یەکی سەیارەیەکی لاندکرۆزەر وەردەگرن، کە هەمووی لە داهاتی گشتی دەڕوات."

سەلام فاتیح هاوڵاتیەکی ترە و نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت " تا ئێستا لە یەکەم ڕۆژی پەرلەمانەوە خێرەکەی پەرلەمانم پێ بڵێ بۆ کوردستان، خێری تا ئێستا هەبوە، لە دەرمان پیرۆزتر نیە لە دنیا کە ئێکسپایەر دەبێت، فڕێدەدرێت، چونکە مودەکەی تەواو بووە، تەواو خواحافیز چۆڵی کەن، حەقە پۆلیسەکەی بەردەمی پەرلەمان بڵێ سەیرێکی هەویەکەتان بکەن و بڵێ تەواو بووە هەویەکانتان، نەهێڵێت بچنە ژورەوە."

لە ئێستادا بە هۆی درێژ کرنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەشێک لە فراکسیۆنەکان داواکاریان داوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ کشانەوەیان و دەڵێن ئامادە نین لە ماوەی یاسایی خۆیان زیاتر درێژە بە کاری پەرلەمانی بدەن، بەڵام دیار نیە ئایە ئەمە دەچێتە بواری جێبەجێکردن و کاریگەریشی چی دەبێت لەسەر ڕۆڵی یاسایی پەرلەمان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:48 0:00

XS
SM
MD
LG