Accessibility links

د.فازڵ نەبی:کێشەی ئێمە ئەوەیە خه‌ڵكێكمان هه‌یه‌ كورده‌ و له‌ وه‌فدی كوردی بووه‌ كوردستانی تووشی كاره‌سات كردووه‌ له‌ بودجەی عێراقدا‌


پڕۆفیسۆر د.فازڵ نه‌بی

پڕۆفیسۆر د. فازڵ نەبی پسپۆڕی بواری ئابوری کە هاوکات لە پێشووتردا بریکاری پێشوتری وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی عێراق بوو، لەم وتووێژەدا باس لە دۆخی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان دەکات لەسەردەمی حکومەتی نوێی عێراق بەتایبەت کە هەندێک دەنگۆ لەسەر وەزیری نوێی دارایی عێراق(تەیف سامی) بڵاو دەکرێتەوە کە دژی ناردنی بودجە و موچەی هەرێمی کوردستانە.

پڕۆفیسۆر د. فازڵ نەبی دەڵێت" ئەم خانمەی ئێستای وەزیری دارایی به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ دژی كورد نه‌بووه‌ هه‌رگیز دژی كوردیش نابێت، ئەو تەنها یاسای بودجە وەک خۆی جێبەجێدەکات، بەڵام کێشەکەی ئێمە ئەوەیە کە ئێمه‌ خه‌ڵكێكمان هه‌یه‌ كورده‌ و له‌ وه‌فدی كوردی بووه‌ هه‌رێمی كوردستانی تووشی كاره‌سات كردووه‌ له‌ بودجەی عێراقیدا‌ مادده‌یه‌كی وایداناوه‌ هه‌رێمی كوردستان تووشی كاره‌سات بووه‌، خۆمان وه‌كو كورد له‌دوای ساڵی 2018 به‌شێک بووین له‌دانانی ئه‌و بودجه‌یه‌ و شانازیشمان پێوه‌ كردووه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كان هه‌ندێک له‌ به‌رپرسانی ئێمه‌ شانازیان ده‌كرد كه‌ له‌ بودجه‌ی 2019 به‌شدار بوون، نازانن قوڕی به‌سه‌ر خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، چونكه‌ ناكرێت خه‌ڵكی نه‌زان بنێردرێت و موناقه‌شه‌ی بودجه‌ بكات، بۆیه‌ دیسان جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌و ئافره‌ته (وەزیری دارایی عێراق)‌ دژی هه‌رێمی كوردستان نییه،‌ به‌ڵام یاسای بودجه‌ جێبه‌جێ ده‌كات، ده‌بێت وه‌كو كورد ئازا بن له‌ به‌غداد له‌یاسای بودجه‌ی جێگه‌ی مافه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بكه‌نه‌وه‌ "‌

" ئه‌و شتانه‌ی كه‌ ڕێككه‌وتن كراوه‌ له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غداد پێشتریش له‌ كابینه‌كانی تر ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ هه‌بووه‌ "

لە سەرەتای قسەکانیدا سەبارەت بە پێشبینی بۆ کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی، پڕۆفیسۆر د. فازڵ نەبی وتی" له‌ڕاستیدا هه‌میشه‌ مرۆڤ ده‌بێت گه‌شبین بێت و پێشبینی شتی باش بكات، به‌ڵام ئه‌و شتانه‌ی كه‌ ڕێككه‌وتن كراوه‌ له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غداد پێشتریش له‌ كابینه‌كانی تر ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ هه‌بووه‌،‌ من هه‌میشه‌ وتوومه‌ كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كاتێک كه‌ ڕێككه‌وتن ده‌كرێت له‌گه‌ڵ به‌غداد، بەغداد ده‌ڵێت باشه‌ من فڵان مادده‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌م و بودجه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌م و فڵان شت جێبه‌جێ ده‌كه‌م، به‌ڵام له‌كۆتایی هه‌موو شته‌كان هه‌ر ده‌ڵێت به‌گوێره‌ی ده‌ستوور كه‌ وتی به‌گوێره‌ی ده‌ستوور لێره‌دا گرفت دروست ده‌بێت، چونكه‌ به‌غداد به‌جۆرێک ده‌ستوور لێكده‌داته‌وه‌ و هه‌رێمی كوردستانیش به‌جۆرێكی تر ده‌ستور لێكده‌داته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراق نه‌رمی زۆری تێدایه‌ واته‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها كاتی خۆی نه‌نوسراوه‌ كه‌ هیچ مانایه‌كی تر هه‌ڵنه‌گرێت ئینجا كاتێک كه‌ ئه‌وان به‌گوێره‌ی دڵی خۆیان لێكده‌ده‌نه‌وه‌ ده‌ڵێت فڵان شت به‌گوێره‌ی ده‌ستور نابێت كه‌واته‌ ئیشه‌كه‌ ناكات. "

د. فازڵ نەبی زیاتر وتی " ئێمه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌مان هه‌بووه‌ نه‌ک له‌ئێستاوه،‌ به‌ڵكو هه‌تا هه‌تایه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ هه‌بووه‌، كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی ئێمه‌ كه‌ دانوستان ده‌كه‌ن له‌ به‌غداد به‌ڕای كه‌سی خۆم به‌گوێره‌ی پێویست نین، واته‌ له‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ی دانوستان نین كه‌ دانوستان بكه‌ن هه‌موو بۆشاییه‌كان پڕبكه‌نه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غداد، چونكه‌ كاتێک كه‌ دانوستان ده‌كرێت و پێكهاتن له‌گه‌ڵ هه‌رلایه‌نێک ده‌كرێت ده‌بێت هه‌موو بۆشاییه‌كان پڕبكرێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی سبه‌ی ڕۆژ مه‌جالی تری تێدا نه‌بێت جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ده‌نوسرێت ئینجا ئێمه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌مان هه‌ر هه‌بووه‌، به‌پێشبینی من ئه‌وانه‌ كێشه‌ی هه‌تاهه‌تاین له‌گه‌ڵ به‌غداد به‌رده‌وام هه‌ر ده‌بن به‌و عه‌قڵیه‌ته‌ی كه‌ له‌هه‌ردوولا هه‌یه‌ نه‌ک ته‌نها له‌ به‌غداد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی من وه‌كو كوردێک هیواده‌خوازم كه‌ ئه‌و كێشانه‌ هه‌موویان چاره‌سه‌ر بكرێن به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكوپێک به‌بێ ئه‌وه‌ی كێشه‌ بۆ هه‌ردوولا دروست ببێت. "

" ئه‌و قسانه‌ی لەسەر وەزیری دارایی كه‌ ده‌كرێن هیچیان ڕاست نین، چونكه‌ ئه‌و خانمه‌ په‌روه‌رده‌ی ده‌ستی منه‌ "

له‌سه‌ر ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌زیری دارایی باس له‌وه‌ ده‌كرا له‌پێشووتردا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وه‌زیری دارایی بڕیاری ده‌دا 200 ملیاره‌كه‌ بنێرێت بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ڵام ئه‌م خانمه‌ كه‌ پێشتر پۆستی باڵای هه‌بوو له‌ وه‌زاره‌تی دارایی ڕێگری ده‌كرد، پێشبینیتان چیه‌ بۆ ئه‌م وه‌زیره‌ نوێیه‌؟

لە وەڵامدا بریکاری پێشوتری وەزیری دارایی حکومەتی عێراقی دەڵێت " ئه‌و خانمه‌ پێش ئه‌وه‌ی ببێته‌ وه‌زیر من چاوپێكه‌وتنێكم هه‌بوو له‌گه‌ڵ ته‌له‌فزیۆنێكی عه‌ره‌بی هه‌مان پرسیاریان كرد، من بریكاری وه‌زاره‌ت بووم له‌ساڵی 2007 ئه‌و خانمه‌ ئه‌و كاته‌ یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی بودجه‌ بووه‌ له‌ساڵی 2008 كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری بودجه‌ خانه‌نشین بوو، ئه‌و خانمه‌ كرایه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری بودجه‌ ئه‌و ده‌نگۆ و ئه‌و قسانه‌ی كه‌ ده‌كرێن هیچیان ڕاست نین، چونكه‌ ئه‌و خانمه‌ په‌روه‌رده‌ی ده‌ستی منه‌، واته‌ 10 ساڵ من لێپرسراوی بووم، ئه‌و خانمه‌ هه‌ندێک سیفاتی ئه‌وه‌نده‌ جوانی هه‌یه‌ كه‌ له‌ هیچ خه‌ڵكێكی تردا نیه،‌ یه‌كه‌میان بۆ ده‌ستپاكی باوه‌ڕ ناكه‌م نمونه‌ی هه‌بێت له‌ حكومه‌تی عێراق وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ئیشی كردووه‌، دووه‌میان له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ هه‌رگیزاو هه‌رگیز نه‌ک بۆ سه‌رۆک وه‌زیران بۆ هه‌موو دنیاش هه‌ڵبستێت مه‌سه‌له‌ی نایاسایی قبوڵ ناكات، یاسا چۆنه‌ یاساكه‌ وه‌كو خۆی جێبه‌جێ ده‌كات، ئه‌و به‌رپرسه‌ له‌ یاسای بودجه‌، یاسای بودجه‌ چۆنه‌ وا جێبه‌جێی ده‌كات ئینجا یاسای بودجه‌كه‌ به‌دڵی هه‌رێمی كوردستان نییه‌ یان به‌دڵی به‌غداد نییه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندی به‌وه‌ نییه‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌ كه‌واته‌ بۆ هیچ لایه‌ک نه‌ک بۆ كورد به‌ڵكو بۆ عه‌ره‌بیش له‌ ژیانیدا ئه‌و خواری نه‌كردووه‌ یاسا چۆن بووه‌ ئاوا جێبه‌جێی كردووه‌. "

" به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ دژی كورد نه‌بووه‌ هه‌رگیز دژی كوردیش نابێت "

د. فازڵ نەبی زیاتر وتی"خاڵی سێیه‌م كه‌ ده‌ڵێن ئەم وەزیری داراییە دژی كورد بووه،‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک وانیە، پێشتر ئه‌وه‌نده‌ له‌ژێر فه‌رمانی ئێمه‌دا بووه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ به‌غداد بووین، ئێستاش له‌ به‌غداد ده‌ڵێن ته‌نها دكتۆر فازڵ ده‌یتوانی فه‌رمانی پێبكات فڵان شت بكات و فڵان شت بكات، چونكه‌ ئێمه‌ به ‌یاسایی تێمانده‌گه‌یاند كه‌ ئه‌و شته‌ بكرێت و به‌و شێوازه‌ بۆیه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک دژی كورد نه‌بووه‌، هه‌موو ئه‌و بودجانه‌ی له‌ ساڵی 2005 وه‌ دروستكراون و من له‌ 2007 چوومه‌ به‌غداد هه‌تا 2017 هه‌موو ئه‌و بودجانه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ی بودجه‌ دروستكراوه‌ ئه‌گه‌ر ته‌ماشای بودجه‌كان بكرێت هه‌مووی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ هه‌تا ساڵی 2017 كاتێک كه‌ ئێمه‌ خانه‌نشین بووین له‌ به‌غداد هاتینه‌وه‌ ئیتر حكومه‌تی عێراق كاریگه‌ری لێیان كرد و شته‌كانی گۆڕی نه‌ک ئه‌و خانمه‌ چونكه‌ ئه‌و خانمه‌ فه‌رمانبه‌ر بووه‌ وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی بودجه‌ سه‌رۆک وه‌زیران یان وه‌زیری دارایی چی پێ وتووه‌ ئه‌وه‌ی كردووه،‌ كه‌واته‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ دژی كورد نه‌بووه‌ هه‌رگیز دژی كوردیش نابێت ته‌نانه‌ت من كاتێک پیرۆزبایم بۆ نارد ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی پیرۆزباییه‌كه‌ ببینن ده‌زانرێت ئه‌و ئافره‌ته‌ چه‌ند ڕێز و ته‌قدیر و خۆشه‌ویستی بۆ ئێمه‌ هه‌یه‌، فه‌رمانگه‌ی بودجه‌ فه‌رمانگه‌یه‌كی وشكه‌ ناتوانێت به‌قسه‌ی هه‌موو خه‌ڵک بكات فه‌رمانگه‌ی بودجه‌ فه‌رمانگه‌یه‌كی پلاندانانه‌ ده‌بێت پلانی دارایی ساڵێک بكات ئه‌گه‌ر به‌گوێی هه‌موو خه‌ڵک بكات كه‌واته‌ ماڵی عێراق وێران ده‌بێت بۆیه‌ نه‌ک ته‌نها له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو له‌ به‌غدادیش زۆرجار كه‌ خۆپیشاندان ده‌كرا دژی ئه‌و ئافره‌ته‌ ده‌كرا ئێمه‌ ده‌مانوت به‌ده‌ستی ئه‌و نییه‌ ئه‌وه‌نده‌ پاره‌ له‌به‌رده‌سته‌ و ده‌توانێت به‌و شێوه‌یه‌ پلان دابنێت، ئافره‌تێكی زیره‌ک و ده‌ستپاک و ئافره‌تێكی ڕێكوپێک كه‌ هیچ گرفتێكی نه‌بووه‌ كاتێک ده‌ ساڵ له‌گه‌ڵ من ئیشی كردووه‌ بۆیه‌ ئه‌و قسانه‌ هیچی ڕاست نییه‌ ئه‌و قسانه‌ی كه‌ له‌سه‌ری ده‌كرێت. "

" له‌ساڵی 2018 وه‌ یاسای بودجه‌ كه‌ ده‌رده‌چێت وه‌فدی كوردی ده‌چێته‌ به‌غداد هه‌موو یاساكان دژی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ "

كه‌واته‌ پێتوایه‌ ئه‌گه‌ر یاسای بودجه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌ربچێت یاخود ڕێككه‌وتنێكی وه‌كو ئه‌وه‌ی بۆ 200 ملیاره‌كه‌ كراوه‌ ئه‌م خانمه‌ وەزیرە جێبه‌جێی بكات و له‌سه‌رده‌می ئه‌و ئاسانكاری زیاتر ده‌كرێت بۆئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غداد له‌ڕووی داراییه‌وه‌ كێشه‌یان نه‌مێنێت و ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ جێبه‌جێ بكرێت؟

لە وەڵامدا د. فازڵ نەبی وتی" له ‌ڕووی یاساییه‌وه‌ دڵنیام له‌وه‌ی سه‌د له‌سه‌د كه‌ ئه‌گه‌ر یاسای بودجه‌ چۆن ده‌ربچێت ئه‌و خانمه‌ وه‌كو خۆی جێبه‌جێی ده‌كات یه‌ک ڕۆژ سه‌رپێچی یاسای بودجه‌ی نه‌كردووه‌، له‌ هه‌موو ژیانیدا كه‌ هاته‌ جێگه‌ی من و بریكاری وه‌زاره‌ت بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بودجه‌ بووه‌ یه‌ک ڕۆژ سه‌رپێچی نه‌كردووه‌ به‌هێنده‌ی سه‌ری ده‌رزییه‌ک له‌ یاسا لای نه‌داوه‌ بۆیه‌ كورد ده‌بێت زیره‌ک بێت له‌وه‌ی كه‌ یاسای بودجه‌ چۆن ده‌رده‌كات، له‌ساڵی 2018 وه‌ یاسای بودجه‌ كه‌ ده‌رده‌چێت وه‌فدی كوردی ده‌چێته‌ به‌غداد هه‌موو یاساكان دژی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ ئه‌ی باشه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ئێمه‌ له‌ به‌غداد چیان ده‌كرد؟! یان ئه‌و وه‌فدانه‌ی ئێمه‌ كه‌ ده‌چوونه‌ به‌غداد چۆن موناقه‌شه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌یان ده‌كرد یاساكه‌ دژی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ و ئه‌ویش یاساكه‌ی جێبه‌جێ كردووه‌. "

" ئێمه‌ خه‌ڵكێكمان هه‌یه‌ كورده‌ و له‌ وه‌فدی كوردی بووه‌ هه‌رێمی كوردستانی تووشی كاره‌سات كردووه‌ له‌ بودجەی عێراقیدا‌ "

كه‌واته‌ به‌شێک له‌و كه‌موكوڕی دارایی كه‌ هه‌بووه‌ یان زۆرجار حكومه‌تی عێراقی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی نه‌ناردووه‌ ئایا به‌شێكی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ خه‌له‌لی نوێنه‌رانی كورده‌وه‌؟

وەڵامەکەی بریکاری پێشوتری وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقی (د. فازڵ نەبی) بەمجۆرەبوو" نه‌خێر، من ده‌ڵێم براده‌رانی ئێمه‌ له‌ به‌غداد له‌كاتی دانانی بودجه‌ له‌ئاستی پێویست نه‌بوون، دووه‌م وه‌فده‌كانی ئێمه‌ كه‌ چوونه‌ته‌ به‌غداد بۆ موناقه‌شه‌ی بودجه‌ له‌ ئاستی پێویست نه‌بوون، چونكه‌ من 10 ساڵ بریكاری وه‌زاره‌ت بووم و ڕاسته‌وخۆ به‌رپرس بووم له‌ بودجه‌ كه‌ یاسای بودجه‌ ده‌خوێنمه‌وه‌ دوای ساڵی 2018 هه‌ست ده‌كه‌م كه‌ چ غه‌درێک له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بزانێت چۆن به‌رگری له‌خۆی ده‌كات كێشه‌كه‌ لێره‌دایه‌ ده‌بێت زانستیانه‌ و واقیعیانه‌ و لۆژیكانه‌ به‌رگری له‌خۆی بكات نه‌ک هه‌ڕه‌مه‌كی یان له‌خۆیانه‌وه‌ شت بنوسن، ئێمه‌ خه‌ڵكێكمان هه‌یه‌ كورده‌ و له‌ وه‌فدی كوردی بووه‌ هه‌رێمی كوردستانی تووشی كاره‌سات كردووه‌ له‌ بودجه‌ مادده‌یه‌كی وایداناوه‌ هه‌رێمی كوردستان تووشی كاره‌سات بووه‌ له‌سه‌ری بێگومان، من كاتی خۆیشی وتم ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی یاسای بودجه‌ بێت و ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت به‌رز بوویه‌وه‌ من له‌ به‌غداد بم و كاكه‌ حه‌مه‌ش له‌ به‌غداد بێت كه‌ یاسا جێبه‌جێ ده‌كرێت، یاساكه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت ناتوانرێت شتی تر بكرێت كه‌ یاساكه‌ش جێبه‌جێ ده‌كرێت یاساكه‌ دژی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ خۆمان وه‌كو كورد له‌دوای ساڵی 2018 به‌شێک بووین له‌دانانی ئه‌و بودجه‌یه‌ و شانازیشمان پێوه‌ كردووه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كان هه‌ندێک له‌ به‌رپرسانی ئێمه‌ شانازیان ده‌كرد كه‌ له‌ بودجه‌ی 2019 به‌شدار بوون نازانن قوڕی به‌سه‌ر خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ چونكه‌ ناكرێت خه‌ڵكی نه‌زان بنێردرێت و موناقه‌شه‌ی بودجه‌ بكات، بۆیه‌ دیسان جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌و ئافره‌ته (وەزیری دارایی عێراق)‌ دژی هه‌رێمی كوردستان نییه،‌ به‌ڵام یاسای بودجه‌ جێبه‌جێ ده‌كات ده‌بێت وه‌كو كورد ئازا بن له‌ به‌غداد له‌یاسای بودجه‌ی جێگه‌ی مافه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بكه‌نه‌وه‌. "

" ناتوانم هه‌موو قسه‌یه‌ک بكه‌م له‌ هۆیه‌كانی ڕاگه‌یاندن "

پێتوایه‌ ئه‌گه‌ر كورد خه‌ڵكی شاره‌زای هه‌بووایه‌ له‌بواری دارایی و ئابوری ئه‌م كێشه‌ داراییانه‌ ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان نه‌ده‌بوویه‌وه‌؟

لە وەڵامدا د. فازڵ نەبی وتی " له‌سه‌دا سه‌د، من ناتوانم هه‌موو قسه‌یه‌ک بكه‌م له‌ هۆیه‌كانی ڕاگه‌یاندن، ته‌نها من ده‌زانم چی هه‌یه‌ و پێشتر چیمان كردووه‌ و چۆن ئیشمان كردووه‌ و چیمان كردووه،‌ به‌ڵام هه‌موو قسه‌یه‌ک له‌ ڕاگه‌یاندن ناكرێت. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:38 0:00
XS
SM
MD
LG