Accessibility links

لەگەڵ چڕبوونەوەی ناڕەزاییەکان بەرپرسێکی سوپای ئێران هۆشداری دەداتە خۆپیشاندەران 'ئەمڕۆ دوا ڕۆژی ناڕەزاییەکانە'


سەرۆکی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری دەداتە خۆپیشاندەران کە ڕۆژی شەممە دوا ڕۆژی خۆپیشاندانیان دەبێت لە شەقامەکاندا، ئەمەش نیشانەیە بۆ ئەوەی کە ڕەنگە هێزە ئەمنییەکان سەرکوتکردنی توندتر بۆ ئەو نائارامییانەی وڵاتەکەی گرتووەتەوە چڕتر بکەنەوە.

ئێران لە دوای مردنی ژنە کوردێکی تەمەن 22 ساڵ لە ژێر دەستی پۆلیسی ئەخلاق لە مانگی ڕابردووەوە دەستی بە ناڕەزایەتییەکان کردووە، یەکێک لە بوێرترین بەرانگارییەکان لە دوای شۆڕشی 1979ەوە بۆ سەرکردایەتی ڕۆحانی هێنایە ئاراوە.

حسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران بە توندترین زمان گوتی: "مەهێنە سەر شەقامەکان! ئەمڕۆ دوا ڕۆژی خۆپیشاندانەکانە".

سەلامی گوتی: ئەم پلانە ترسناکە، پلانێکە کە داڕێژراوە ... لە کۆشکی سپی و ڕژێمی زایۆنیستی.

ئێرانییەکان بە درێژایی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەی کە ژنان ڕۆڵی بەرچاویان تێدا گێڕاوە، سەرپێچییان لەم جۆرە هۆشدارییانە کردووە. ڕۆژی شەممە ڕاپۆرتی زیاتر هەبوون لەسەر ڕژانی خوێن و کوشتنی زیاتر.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هەواڵی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی لە قوتابخانەی کچان لە شاری سەقز بڵاو کردەوە. لە پۆستێکی دیکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خوێندکارانی زانکۆی زانستی پزیشکی کوردستان لە شاری سنە کردووە.

هەنگاو گوتی چەند خوێندکارێک بریندار بوون و یەکێکیان گولە بەر سەری کەوتووە.

هەفتەی داهاتوو ئەمەریکا تیشک دەخاتە سەر ناڕەزایەتییەکانی ئێران و بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ بەرەوپێشبردنی لێکۆڵینەوە باوەڕپێکراوەکان و سەربەخۆکان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی ئێران.

ستیفان دوجاریک، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد کە چارەسەری "ناڕەزایەتییە ڕەواکانی خەڵکی ئێران بکەن، لەوانەش سەبارەت بە ڕێزگرتن لە مافەکانی ژنان" و گوتی هێزە ئەمنییەکان دەبێ خۆیان لە "بەکارهێنانی هێزێکی ناپێویست" لە دژی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بەدوور بگرن.

XS
SM
MD
LG