Accessibility links

هەڕەشەکانی ڕووسیا بۆ بە ئامانج گرتنی مانگە دەستکردەکان یاساکانی جەنگ لە بۆشایی ئاسمان تاقیدەکاتەوە


هەڕەشەی بەرپرسێکی ڕووسی لەم هەفتەیەدا بۆ "لێدانی" مانگە دەستکردەکانی ڕۆژئاوا کە یارمەتی ئۆکرانیا دەدەن، تیشک دەخاتە سەر بوارێکی تاقینەکراوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش نیگەرانی پارێزەرانی بۆشایی ئاسمان و بەڕێوەبەرانی پیشەسازی لەبارەی سەلامەتی تەنەکان لە خولگەدا دروست دەکات.

کۆنستانتین ڤۆرۆنتسۆڤ بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوە بە نەتەوە یەکگرتووەکانی گوتووە، "ژێرخانی نیمچە مەدەنی ڕەنگە ئامانجێکی ڕەوا بێت بۆ لێدان و تۆڵەسەندنەوە"، هەڵوێستی مۆسکۆی دووپاتکردەوە کە مانگە دەستکردە مەدەنی و بازرگانییەکانی ڕۆژئاوا کە یارمەتی ئۆکرنیا دەدەن لەم جەنگەدا "ڕەوتێکی زۆر مەترسیدارە".

تا ئێستا هیچ وڵاتێک هێرشی مووشەکی بۆ سەر مانگی دەستکردی دوژمن ئەنجام نەداوە. کردەوەیەکی لەو جۆرە لە کاتی شەڕی ئۆکرانیادا دەتوانێت گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەپێبدات.

میشێل هانلۆن، بەڕێوەبەری پرۆگرامی یاسای ئاسمانی و بۆشایی ئاسمانی قوتابخانەی یاسای زانکۆی میسیسیپی دەڵێت: "ئەم هەڕەشەیە ئێمەی گەیاندۆتە لێوارێک کە پێشتر هەرگیز نەگەیشتۆتە ئەم ئاستە". "هەمیشە هەستێک هەبووە کە دەتوانرێت ئەمە ڕووبدات، بەڵام هەرگیز کەسێک لە ڕاستیدا نەیگوتووە کە دەشێ ئەو کارە بکات."

سوپای ئۆکرانیا زیاتر پشت بە سپەیس ئێکسی کۆمپانیای ئیلۆن ماسک دەبەستێت بۆ ئینتەرنێتی فراوان کە لە تۆڕی مانگی دەستکردی ستارلینکەوە تیشک دەدات. کۆمپانیا ئەمەریکاییەکانی وەک ماکسار (MAXR.N) وێنەی جەنگەکە لە مانگە دەستکردەکانەوە لە خولگەدا دەگرن. وە دەیان هەزار ئامێری پەیوەندی لە ئۆکرانیا پشت بە تۆڕی مانگی دەستکردی کۆمپانیای زەبەلاحی پەیوەندی مانگی دەستکردی ئەمەریکایی ئیریدیۆم دەبەستن.

مات دێش، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئیریدیۆم بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، "بەڕاستی قسەکردن لەسەر خستنە خوارەوەی هەر شتێک لە بۆشایی ئاسمان بەهەر هۆکارێک بێت، نابەرپرسیارانەیە."

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG