Accessibility links

ئەمەریکا و کەنەدا پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران دووپات دەکەنەوە


ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و هاوتا کەنەدییەکەی پشتگیری خۆیان بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران دووپات کردەوە کە زیاتر لە چل ڕۆژە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە مردنی ژنێکی گەنج ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.

بلینکن ڕۆژی پێنجشەممە لە ئۆتاوا ڕایگەیاند کە لەگەڵ میلانیا جۆلی وەزیری دەرەوەی کەنەدا بیروڕایان لەسەر ئەو بابەتە ئاڵوگۆڕ کردووە.

بلینکن گوتی"ئێمە پێکەوە کاردەکەین بۆ لێپرسینەوە لە ڕژێمی ئێران لە بەرامبەر سەرکوتکردنی چەوتانەی ژنانی لاوی ئازا ، کە بەردەوامن لە ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ داواکردنی مافەکانی خۆیان."

جۆلی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەدا گوتی "کەنەدا سڵاو بۆ هەموو ئەو ئێرانییانە دەنێرێت کە دژی ستەمکاری دەجەنگن، ئێمەش لەگەڵ ئەو ژن و کچانەدا دەوەستین کە ئازایانە لە دژی ڕژێم تێدەکۆشن. پەیامەکە سادەیە: مافی ژنان مافی مرۆڤە. ئێمە ئەرکێکی ئەخلاقمان لەسەرە بۆ پابەندبوون بە پشتیوانیکردن لە ژنانی ئازای ئێران و لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە دەیان چەوسێننەوە."

بلینکن هەروەها گوتی کە پشتیوانی تەواوی ئەو لێدوانە دەکات کە جۆلی و 11 وەزیری دەرەوەی ژنی دیکە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا سەبارەت بە ڕژێمی سەرکوتکاری ئێران دەریان کردبوو.


XS
SM
MD
LG