Accessibility links

زانیارییەکان لەبارەی ژمارەی کوژراو و دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران


لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکانی ئێران کە لە ئەنجامی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر دوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلسی ئەخلاقی ئێرانەوە دەستیان پێکرد، هێشتا لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە و بە تایبەت لەناو زانکۆکان و شارە کوردنشینەکان بەردەوامیان هەیە.

ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران تاکو ئێستا بە تەقەی هێزەکانی ئاسایشی ئێران گیانیان لەدەستداوە، هاوکاتیش دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە پەنایان بردۆتە بەر دەستبەسەرکردنی توندوتیژانەی خەڵکی مەدەنی.

دوایین ڕاپۆرتی ئاژانسی مافی مرۆڤی ئێران "هرانا" ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تاکو ئێستا کوژراون، گەیشتووەتە 252 کەس، بەڵام خاڵی جێگای سەرنج لە ڕاپۆرتەکەی ئەو ئاژانسەدا، ژمارەی ئەو منداڵانەیە کە لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون کە تاکو ئێستا کوژرانی 35 منداڵ پشتڕاستکراوەتەوە.

ڕێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆی ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای ژمارەی زۆری کوژراوان لە شارە کوردنشینەکاندا، دەسەڵات خەڵکێکی زۆریشی لەو ناوچانە دەستبەسەر کردووە. ئەو ڕێکخراوە ڕاشیگەیاند "لەم دواییانەدا لە شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشان، لانیکەم 14 خوێندکار لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون."

ئەو ڕێکخراوەیە هەروەها نووسیوێتی "لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوابەدوای خۆپیشاندانەکان لە دەڕەشەهر و ئابدانان کە دوو شاری پارێزگای ئیلامن، لانیکەم 8 هاووڵاتی لە دەڕەشەهر و 20 هاووڵاتیش لە ئابدانان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.

جێی ئاماژەیە کە ئەو ڕێکخراوە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لەسەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە تا ئێستا 39 خۆپیشاندەر له شارەکانی ورمێ، شنۆ ، پیرانشار، دیواندەره ، سەقز، سنه ، مەریوان، کرماشان و ئیسلام ئابادی غەرب له لایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە تەقەیان لێکراوە و کوژراون، هەروەها لەم ماوەیەدا زیاتر لە 800 خۆپیشاندەر لەلایەن ئەو هێزانەوە بریندارکراون و زیاتر لە دوو هەزار کەسیش دەستگیرکراون.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هرانا لە ماوەی شەش هەفتەی ڕابردوودا لە هەموو شارەکانی ئێراندا زیاتر لە 13 هەزار و 309 خۆپیشاندەر دەستگیركراون، لەو ژمارەیەش تەنیا شووناسی هەزار و 2 كەسیان پشتڕاستکراوەتەوە کە 214یان خوێندكاری زانكۆ جۆراوجۆرەكانی ئەو وڵاتە بوون.

چەند ڕۆژێك لەمەوبەریش کەمپەینی مافەکانی مرۆڤی ئێران ناوی 36 ڕۆژنامەنووسی دەستبەسەرکراوی بڵاوکردەوە، هەرچەندە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان باس لەوە دەکەن کە بەهۆی بێدەنگی بەشێک لە بنەماڵەکان و سەختی دەستڕاگەیشتن و کۆکردنەوەی زانیارییەکان، ژمارەی ڕاستەقینەی دەستبەسەرکراوان ڕوون نییە و ژمارە ڕاستەقینەش لەم ڕێژەیە زیاترە.

XS
SM
MD
LG