Accessibility links

شێروان میرزا:عێراق بەبێ هەماهەنگی دەسکاری نرخی دۆلار بکات،ئەوا لەوانەیە دیناری عێراقی به‌هه‌مان شێوه‌ی لیره‌ی تورکی و تمه‌ن خراپتری لێدێت


شێروان میرزا ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابووری لەپەرلەمانی عێڕاق

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کتوپڕ دابەزی بەرامبەر بە دیناری عێراقی، ئەمەش پاش ئەوە هات کە 41 پەرلەمانتار داوایەکییان ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراق کردووە بۆ دابەزینی نرخی دۆلار.

شێروان میرزا ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابوری لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت " دەستکاری کردنی نرخی دۆلار و دینار ئیشی پەرلەمان نیە، بەڵکو ئیشی بانکی ناوەندی عێراقە، میرزا دەشڵێت" ئه‌گه‌ر به‌بێ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سندوقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌تی و بانكی نێوده‌وڵه‌تی دەستکاری نرخی دۆلار لە عێراق بكرێت، پێموایه‌ ئه‌نجامێكی زۆر خراپی ده‌بێت له‌وانه‌یه‌ دیناری عێراقی به‌هه‌مان شێوه‌ی لیره‌ی تورکی و تمه‌نی ئێرانی خراپتریش بێت، چونكه‌ ده‌وڵه‌تێكی وه‌كو توركیا یان وه‌كو ئێران له‌ڕووی سیاسیه‌وه‌ له‌ڕووی داراییه‌وه‌ ته‌نانه‌ت له‌ نێوده‌وڵه‌تیش سه‌قامگیرترن له‌ دۆخی سیاسی عێراق. "

"سیاسەتی نەختینەیی ئیشی پەرلەمان نییە"

لە سەرەتای قسەکانیدا سەبارەت بە دابەزینی نرخی دۆلار شێروان میرزا وتی" له‌ لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق نوسراوێک كراوه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان داواكراوه،‌ بڕگه‌یه‌ک بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌ باس له‌ دابه‌زینی نرخی دۆلار بكرێت و دابه‌زێنرێت بۆ 130 هه‌زار دینار بۆ هه‌ر 100 دۆلارێک، هه‌ندێک چه‌مک هه‌یه‌ ده‌بێت ئێمه‌ لێی تێبگه‌ین یه‌كێک له‌وانه‌ سیاسه‌تی (نه‌قدی-نه‌ختینه‌یی) له‌ وڵاتدا ئیشی په‌رله‌مان نییه‌ یان ئیشی هه‌ندێک ده‌زگای تر نییه‌، به‌ڵكو تایبه‌ت به‌ ده‌سه‌ڵاتی بانكی ناوه‌ندییه‌ به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی بڕیار له‌وه‌ ده‌دات سیاسه‌تی نه‌ختینه‌یی ئه‌م وڵاته‌ چۆنه‌. "

" بۆچی کاتی خۆی دۆلار لە 120 هەزارەوە کرا بە 145 هەزار دینار؟"

ئەو ئەندامەی لیژنەی کاروباری دارایی لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد" كاتی خۆی بڕیاری به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی دۆلار یان دابه‌زینی نرخی دیناری عێراقی به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بۆ 145 هه‌زار بۆ هه‌ر 100 دۆلارێک ئه‌و نرخه‌ی كه‌ بانكی مه‌ركه‌زی دایناوه‌ نه‌ک ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ بازاڕدایه‌، یه‌كه‌م، ئه‌مه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای داواكاری یان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ (سندوقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌تی) كراوه‌، دووه‌م، بۆ به‌رگرتن بووه‌ له‌وه‌ی نرخی دیناری عێراقی به‌یه‌كجاری دانه‌به‌زێت وه‌كو لیره‌ی توركی و تمه‌نی ئێرانی لێ نەیەت، سێیه‌م به‌شێک له‌م داواكاریانه‌ زیاتر داواكاری شه‌قامی عێراقیه‌ یان هی خه‌ڵكه‌ هێزه‌ سیاسیه‌كان چ نوێنه‌ره‌كانیان له‌ په‌رله‌مان و چ وه‌كو هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌وه‌ی كه‌ داوابكه‌ن نرخی دیناری عێراقی به‌رز بكرێته‌وه‌ و دۆلار دابه‌زێنرێت به‌و پێیه‌ی كه‌ هاوڵاتی سوودی زیاتر لێده‌بینێت. "

شێروان میرزا زیاتر وتی" بێگومان له‌ گۆڕینی نرخی دینار و دۆلار ڕاسته‌ هاوڵاتی عێراقی زیانی كردووه‌ و حكومه‌ت قازانجی كردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی حكومه‌ت به‌گشتی به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ نه‌وت به‌ دۆلار ده‌فرۆشێت، به‌ڵام مووچه‌ به‌ دینار ده‌دات بۆیه‌ زیاده‌یه‌كی ده‌ست ده‌كه‌وێت له‌مه‌ بارگرانیه‌كه‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆری كه‌وتۆته‌ سه‌ر هاوڵاتی له‌ كڕینی شتومه‌ک و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی ئه‌و كاڵایانه‌ی كه‌ له‌ بازاڕ هه‌یه‌ به‌و پێیه‌ی كه‌ هاورده‌كردنی كه‌لوپه‌ل به‌ دۆلاره‌ و ئه‌و دۆلاره‌ش له‌سه‌ر هاوڵاتی گرانتر ده‌كه‌وێت. "

" پێشبینی ده‌كه‌م چه‌ند ڕۆژی تر نرخی دۆلار وه‌كو خۆی لێدێته‌وه‌ "

به‌ڵام ئایا بانكی ده‌چێته‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌و داواكاریانه‌ و نرخی دۆلار داده‌به‌زێنێته‌وه‌؟

لە وەڵامدا شێروان میرزا وتی" به‌ڕای من پێشبینی ناكه‌م بانكی ناوه‌ندی ئه‌مه‌ بكات به‌و پێیه‌ی كه‌ ده‌بێت خاوه‌ن سیاسه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بێت، ئه‌گه‌ر بانكی ناوه‌ندی خاوه‌نی سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت و هه‌ر ڕۆژه‌ی له‌ژێر كاریگه‌ری داوایه‌كی هێزه‌ سیاسیه‌كان یان په‌رله‌مان یان ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیدار نین وه‌كو (صلاحیه‌-ده‌سه‌ڵات) ده‌سه‌ڵاتیان نییه‌ بكه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌وانه‌ (مصداقیه‌) و هێزی خۆی له‌ بازاڕی دراوی جیهانی له‌ده‌ست ده‌دات و له‌وانه‌یه‌ (سندوقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌تی) وه‌كو پێویست مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كات، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دابه‌زیووه‌ زیاتر په‌یوه‌ندی به‌و نوسراوه‌وه‌ هه‌یه،‌ پێشبینی ده‌كه‌م چه‌ند ڕۆژی تر وه‌كو خۆی لێدێته‌وه‌ چونكه‌ ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا بانكی ناوه‌ندی ڕاگه‌یه‌نراوێكیان ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌وان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نیازی ده‌ستكاریكردنی نرخی دۆلاریان نییه‌ له‌ئێستادا. "

" بانکی ناوەندی به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نرخی دۆلار ده‌ستكاری ناكات "

میرزا زیاتر جەختیکردەوە" به‌ڕای من سیاسه‌تی بانكی ناوه‌ندی له‌ئێستادا به‌و ئاراسته‌یه‌ نییه کە گۆڕانکاری لە نرخی دۆلاردا بکات،‌ نه‌خێر به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نرخی دۆلار ده‌ستكاری ناكات و به‌های دیناری عێراقی به‌رز ناكاته‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، به‌ڵكو وه‌كو خۆی ده‌یهێڵێته‌وه‌. "

" بۆچی بانکی ناوەندی دەستکاری نرخی دۆلار ناکات؟"

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی به‌ڕای تۆ بۆچی عێراق هەوڵی گۆڕانکاری لە نرخی دۆلاردا نادات؟

شێروان میرزا وتی" له‌به‌رئه‌وه‌ی شڵه‌ژاویه‌ک له‌بازاڕی دراودا دروست ده‌بێت، وه‌ له‌ حساباتی (سندوقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌وتی و بانكی نێوده‌وڵه‌تی) بانكی ناوه‌ندی عێراقی تووشی لاوازی ده‌بێت، وه‌كو بڵێن سیاسه‌تی نه‌ختی له‌ده‌سه‌ڵاتی بانكی ناوه‌ندیدا نامێنێت ده‌كه‌وێته‌ ده‌ستی لایه‌نی تری ناپه‌یوه‌ندیدار، به‌شێک له‌ هێزه‌ سیاسیه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردندا داواكاریان ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ نرخی دیناری عێراقی به‌رز بكه‌نه‌وه‌ ئه‌مه‌ وه‌كو به‌شێک له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن به‌كاریان هێناوه‌ ئێستا له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌وه‌دان به‌وپێیه‌ی كه‌ گوایه‌ یه‌ده‌گی بانكی ناوه‌ندی به‌رز بۆته‌وه‌ و نرخی نه‌وت به‌رزه‌ وه‌كو باسمكرد به‌شی زۆری ئه‌و باجه‌ی كه‌ دراوه‌ له‌ گۆڕینی نرخی دینار و دۆلار له‌سه‌رشانی هاوڵاتی بووه‌ ئه‌مه‌ وایكردووه‌ كه‌ ماوه‌ ماوه‌ داوای گۆڕانكاری له‌ نرخه‌كه‌یدا بكرێت، به‌ڵام به‌ڕای من له‌ئێستادا بانكی ناوه‌ندی نیازی ده‌ستكاریكردنی نرخی دۆلاری نییه. "

" ماوە ماوە گۆڕانکاری لە نرخی دۆلار! "

‌سەبارەت بەوەی دەوترێت ئه‌مه‌ یارییه‌كی هه‌ندێک خه‌ڵكی سیاسیه‌ و بانگه‌شه‌یه‌كه‌ بۆئه‌وه‌ی دۆلار بخه‌نه‌ ناو بازاڕه‌وه‌ دواتر بیكڕنه‌وه‌؟

لە وەڵامدا شێروان میرزا دەڵێت" له‌ڕاستیدا من به‌ڵگه‌یه‌كی وردم له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ بڵێم فڵان بانكه‌ یان فڵان لایه‌نی سیاسی و فڵان دامه‌زراوه‌یه‌ به‌نیازه‌ شتێكی وابكات، به‌ڵام ئه‌مه‌ قسه‌یه‌ چونكه‌ به‌رده‌وام ماوه‌ ماوه‌ داواكارییه‌ک فڕێ ده‌درێت و شڵه‌ژاویه‌ک له‌بازاڕی دۆلاردا دروست ده‌كات كه‌ دۆلارێكی زۆر ده‌كڕدرێت و دۆلارێكی زۆر ده‌هێنرێته‌وه‌ بازاڕ، ئه‌مه‌ وه‌كو پێشبینی ده‌كرێت، به‌ڵام وه‌كو باسمكرد به‌ڵگه‌یه‌كی ته‌واوم له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ بڵێم فڵان بانک یان فڵان لایه‌نه‌ به‌نیازی ئه‌وه‌یه‌ یان وایكردووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ناو ناوه‌ندی سیاسی عێراقی و ناوه‌ندی دارایی عێراقی ته‌نانه‌ت له‌ناو بازاڕیشدا شتێكه‌ به‌رده‌وام باس ده‌كرێت. "

" سندوقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌تی به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ڕازی نییه‌ كه‌ نرخی دۆلار ده‌ستكاری بكرێت "

به‌ڕای تۆ‌ (سندوقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌تی) ڕێگه‌ به‌ عێراق ده‌دات كه‌ نرخی دۆلار دابه‌زێنێت به‌رامبه‌ر به‌ دیناری عێراقی؟

لە وەڵامدا شێروان میرزا دەڵێت" ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا ئێمه‌ ئاگاداربین نه‌خێر سندوقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌تی به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ڕازی نییه‌ كه‌ نرخی دۆلار ده‌ستكاری بكرێت، دووه‌م ئه‌گه‌ر هاتوو به‌بێ حساب كردن یان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ و لێكتێگه‌یشتن و ئه‌و موناقه‌شانه‌ی له‌گه‌ڵ سندوقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌تی كراوه‌ عێراق یان بانكی ناوه‌ندی به‌رده‌وام نرخی دینار و دۆلار ده‌ستكاری بكات، له‌وانه‌یه‌ ئاماژه‌ده‌رێكی خراپ بێت له‌لایه‌ن سندوقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ له‌سه‌ر بانكی ناوه‌ندی عێراقی و له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی عێراقیش به‌گشتی به‌ ئه‌نجام له‌وانه‌یه‌ به‌ زیانێكی گه‌وره‌تر بشكێته‌وه،‌ چونكه‌ كاتی خۆی سندوقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌تی ئاگاداری عێراقی كرد كه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو ده‌ستكاری نرخی دۆلار و دینار نه‌كات له‌وانه‌یه‌ چاره‌نوسی دیناری عێراقی زۆر له‌وه‌ی ئێستا خراپتر بوو بێت ته‌نانه‌ت 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بگاته‌ نزیكه‌ی (250-300) هه‌زار دیناری عێراقی . "

" له‌وانه‌یه‌ به‌هه‌مان شێوه‌یه‌ی لیره‌ی تورکی و تمه‌نی ئێرانی خراپتریش بێت "
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی و ئابوری لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق (شێروان میرزا) دەشڵێت"ئه‌گه‌ر به‌بێ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سندوقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌تی و بانكی نێوده‌وڵه‌تی بكرێت پێموایه‌ ئه‌نجامێكی زۆر خراپی ده‌بێت، له‌وانه‌یه‌ به‌هه‌مان شێوه‌یه‌ی لیره‌ی تورکی و تمه‌نی ئێرانی خراپتریش بێت، چونكه‌ ده‌وڵه‌تێكی وه‌كو توركیا یان وه‌كو ئێران له‌ڕووی سیاسیه‌وه‌ له‌ڕووی داراییه‌وه‌ ته‌نانه‌ت له‌ نێوده‌وڵه‌تیش سه‌قامگیرترن له‌ دۆخی سیاسی عێراق، عێراق به‌و دۆخه‌ سیاسی و داراییه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی هه‌نگاوی له‌و شێوه‌یه‌ بنێت به‌بێ هه‌ماهه‌نگی و به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سندوقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌تی له‌وانه‌یه‌ چاره‌نوسی دیناری عێراقی زۆر خراپتر بێت له‌وه‌. "

شێروان میرزا ئەوەشی وت" من پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م له‌ ڕۆژانی داهاتوو ئه‌مه‌ موناقه‌شه‌ بكرێت له‌ناو په‌رله‌مانی عێراق، به‌ڵام پێشبینی ناكه‌م ئه‌نجامێكی هه‌بێت و پێشبینی ناكه‌م بانكی ناوه‌ندی بچێته‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌م داواكاریانه‌ له‌ئه‌نجامدا نرخی دۆلار به‌رز ده‌بێته‌وه‌،
به‌ڕای هه‌موو شاره‌زایانی ئابوری هه‌ر ده‌بێت بانکی ناوەندی ئه‌وه‌ هه‌ڵ‌بژێرێت کە دەستکاری نرخی دۆلار نەکات، چونکە ئەگەر وانەکات ئەوا له‌دوور مه‌ودا ئه‌نجامه‌كه‌ی خراپتره‌. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:33 0:00

XS
SM
MD
LG