Accessibility links

توێژەرێکی سیاسی: حکومەتی داهاتوو بە سپۆنسەری ئێرانە و کارەکتەری نوری مالیکیە بۆیە پێدەچێت هەمان چارەنوسی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی هەبێت


هەرچەندە پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلابۆتەوە و کاندیدی سەرۆک وەزیران ڕاسپێردراوە بۆ ئەوەی حکومەتی داهاتووی عێراق پێبهێنێت و چاوەکان لەسەر ئەوەن کابینەی نوێ بتوانێت کێشە کەڵەکەبوەکانی عێراق لە کێشەی سیاسی، ئیداری, ئەمنی، دارایی، و ناکۆکی نێوان لایەنەکان چارەسەر ببێت و عێراق پێ بنێتە کەناری ئارامی و سەقامگیری، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆری کێشەکان و کەڵەکە بوونیان ئەو ئەگەرە دەخاتە بەر پرسیارو گومان و چاودێڕان پێیان وایە بە پێكهێنانی کابینەی نوێش کێشەکانی عێراق پێناچێت بەرەو چارەسەری هەنگاو بنێن.

لەو بارەیەوە چاودێرێكی سیاسی پێی وایە ئەو حکومەتەی پێکدێت حکومەتێکی ناچاریە، وە لەژێر هەژموونی ئێرانە بۆیە درێژەی نابێت و ناشتوانێت گوزارشت لە داخوازییەکانی خەڵکی عێراق بکات.

دکتۆر سەنگەر سەید قادر توێژەر لە ناوەندی ئیماڕات بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە وتووێژێکی دەنگی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد ئەم حکومەتەی پێکدێت ئیشی گەڕاندنەوەی میلیشیات و ئەو هێزانەیەکە هێزی شکستخواردوو بوون و لەسەر ئاستی شەقامیش قبوڵکراو نین بۆیە حکومەتەکەش حکومەتێکی شكستخواردوو دەبێت و ناتوانێت بەردەوام بێت.

" ئەوە چاوەڕوان دەکرێت ئەم حکومەتە حکومەتێکی کاتی بێت، وە نەتوانێت ماوەیەکی زۆر بەردەوامی هەبێت، ئەمەش لەبەر چەند هۆکارێک، یەکەمیان ئەم حکومەتە حکومەتێکی ناچاریە یاخود، لە کۆبوونەوەی کۆمەڵیک هێز دروستبووە کە ئەم هێزانە ترسی لە ناوچوون و ترسیان لە ئایندەی سیاسی خۆیان هەبووە، وە هێزەکان ئەوانەن کە لە بەرەی ئێرانەوە نزیکن، یاخود ڕاستەوخۆ سەر بە ئێرانن وە بەشێک لەو هێزانەی تریش لەژێر فشاری ئێراندا یاخود لە پێناو بەرژەوەندیە ئابوری و بازرگانیەکەیاندا بەشداری ئەکەن لەم حکومەتەدا، واتە ئەم حکومەتە حکومەتێک نابێت دەرهاویشتەی واقعی سیاسی عێراق بێت، ئەو هێزەی براوەی هەڵبژاردنەکان بووە کە سەدریەکانن بەشداری ناکەن وە سەدر بەوە ناسراوە کە ڕوخێنەری هەمو ئەو حکومەتانەی ڕابردوو بووە کە لەسەر خواستی سەدر پێكنەهاتووە، بۆیە هەموو سیناریۆکان بۆ ئەوە دەچن ئەم حکومەتەش هەمان چارەنوسی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی هەبێت."

" بە پێی پێشبینیەکان حکوومەتی داهاتوو حکومەتی بەرژەوەندی سیاسی کۆمەڵێک هێزە کە زۆرینەیان نزیکن لە بەرەی ئێرانەوە، وە لە ئاست قەیرانە سیاسی و ئەمنیەکان نیە کە ڕووبەڕووی عێراق دەبێتەوە."

" لە ساڵی 2019 وە عێراق لە هەوڵدا بوو پێگەو سەنگی خۆی لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانیش بگەڕێنێتەوە، وە ئابوریەکەی تا ئاستێکی باش گەشەی کرد و ئێستا عێراق لە ڕووی ئابوریەوە وڵاێكی سەقامگیرە، وە میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لە ئێران پێش 2019 کە دەستیان بەسەر عێراقدا گرتبوو، بەڵام لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوو جۆرێک لە کۆت و بەندیان بۆ دیاری کرابوو، وە دەسەڵاتیان لە ڕووی سیاسی و ئەمنی و ئابوریشەوە دیاری کراوبوو، وە لە هەڵبژاردنەکانیشا ئەوە ڕەنگی دایەوە، بەڵام ئەوەی بینیمان ئەم حکومەتەی کە پێک دێت ئامانجی گەڕانەوەی ئەو هێزانەیە کە لە ڕابردوودا شکست خواردوو بوون، وە لەسەر ئاستی شەقامیش قبوڵیەتیان نیە، وە ئەم حکومەتە کە هی بەرەی ئێرانە، دەیەوێت ئەو میلیشیا چەکدارانە زیندوو بکاتەوە، وە جارێکی تر بگەڕێنەوە سەر گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی عێراق کە ئەمە کێشەی زیاتر دروستدەکات لە ڕووووی سیاسی و حکومەتداریەوە وە پێناچێت نە ئەمەریکاو نە وڵاتانی هەرێمی ئەمە قبوڵ بکەن."

سەبارەت بە داهاتووی عێراق و عێراقیەکان ئەو توێژەرە سیاسیە پێی وایە، عێراقی داهاتوو پڕ کێشمەکێشم و ململانێی سیاسی زیاتر دەبێت و پێناچێت داهاتووی عێراق بەرەو سەقامگیری و ئاراممی بچێت.

" ئەوەی چاوەڕێ دەکرێت بە دڵنیاییەوە داهاتوو بۆ عێراق پڕ لە کێشەو ئاستەنگی دەبێت، بە تایبەت ئەم حکومەتە کە گوزارشتە لە بەشێکی کەم لە شەقامی عێراقی، وە ئەم شەقامەی کە ناڕازین لەو چینەی کە لە عێراقدا حوکمیان کردووە، لە ئێستاشدا جارێكی تر دەیانەویت بگەڕێنەوە دەسەڵات، ڕاستە سودانی کاندیدی سەرۆک وەزیرانە، بەڵام ئەوەی لە پشت سودانیەوەیە و حوکم دەکات نوری مالیکی و وە هەروەها ئەو گروپە چەکدارانەن کە نزیکن لە ئێڕان، حکومەتەکە سپۆنسەرەکەی ئێڕانە بۆیە بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا چی لەسەر ئاستی شەقام چی لە ڕووی ئەمنیەوە عێراق بەرەو ئاڵۆزی دەچێت وە لە ڕووی ئابوریشەوە مەترسی ئەوە هەیە، کە ئەو پارە زۆرەی هەیە کە لە ئێستادا نزیکەی 114 ملیار دۆلاری نەختینەیە وە نزیکەی 70 ملیار دۆلار لە یەدەکی دراوە بیانیەکان و یەدەکی ئاڵتون هەیە مەترسی ئەوە هەیە وەک حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی ئەو خەزێنەیەی لە عێراق هەیە سفر بکرێتەوە، وە لە لایەن گروپ و میلیشیاکانەوە تەفرو تونا بکرێت و دابەش بکرێت بەسەر ئەو هێزانەدا."

لەگەڵ چاوەڕوانی گەلانی عێراق بۆ تێپەڕبوون لە دۆخی چەقبەستووی سیاسی و ئەمنی و ئیداری، بەڵام پێناچێت خەونی عێراقیەکان بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووش بە دیبێت، ململانێی سیاسی لە عێراقدا هێشتا گرێ کوێرەی بەردەم خەونی عێراقیەکانە و پێدەچێت لە داهاتوودا عێراق بەرەو دۆخی خراپتر هەنگاو بنێت و جارێكی تر گەڕی ململانێی سیاسی دەستپێبکاتەوە تا دەگاتە کۆتایی پێهێنانی حکومەتێک کە هێشتا عێراقیەکان لە چاوەڕوانی پێکهێنانیدان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:09 0:00

XS
SM
MD
LG