Accessibility links

کاتی فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە دیاری دەکرێت کە ساڵانە هەزاران هاووڵاتی و گەشتیار کۆدەکاتەوە


ساڵانە لە پارێزگای هەڵەبجە و ناوچەی هەورامان، فێستیڤاڵی تایبەت بە هەنار و بەرهەمە پاییزیەکان ڕێکدەخرێت، بە ئامانجی زیاتر گەشەدان بەم فێستیڤاڵە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم کۆی تێچووی فێستیڤاڵەکەی لەخۆ گرتووە و سەدان باخەوان و جوتیار و دەستڕەنگین سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ هێنانی بەرهەمەکانیان کە بڕیارە لە 27 ئەم مانگە تا کۆتایی مانگ بەردەوام بێت .

بڕیارە لە 27 بۆ 30ی مانگی دە، هەشتەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە بە بەشداریەکی فراوان لە جوتیاران و پیشەوەران لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەبچێت، کە زیاتر لە 400 جوتیار و پیشەوەر بەرهەمەکانیان بۆ فێستیڤاڵەکە ئامادەکردووە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە ڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوەوە بڕی 25 ملیۆن دیناری بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە تەرخان کردووە .

ستار مەحمود بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کورستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئامادەکارییەکان بۆ فێستیڤاڵەکە کراون و لە ماوەی سێ ڕۆژدا و لە شاری یاری هەڵەبجە فێستیڤال بەڕێوەدەچێت، سەرەکیترین بەرهەمی نمایشکراو هەنار دەبێت، پاشان ئەو بەرهەمانەی دیکە کە لەلایەن جوتیارانەوە ئامادە کراون."

ئێستا لەناو بازاڕی هەڵەبجە هەناری دوای یەکەمین باران بە ڕێژەیەکی فراوان هەیە و جوتیارەکان خۆیان بۆ فێستیڤاڵەکە ئامادە دەکەن، کە چاوەڕوان دەکرێت هەزاران هاووڵاتی و گەشتیار لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە سەردانی بکەن، محەمەد عەلی باخەوانە و هەناری لاڕەشە دەفرۆشێت دەڵێت هەنارەکان ئاودارن و خۆش بوون.

لەم ساڵدا تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە، ژوورێکی هەماهەنگیان بۆ باش بەڕێوەچوونی ڤێستیڤاڵەکە دروست کردووە و بڕیارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئامادەبێت، جوتیارانیش چاویان لەوەیە کە ئاسانکاریان بۆ بکرێت تا هەنارەکانیان هەناردەی وڵاتانی دەرەوە بکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:02 0:00

XS
SM
MD
LG