Accessibility links

هاکس بناسە: چالاکوانێکی سۆشیاڵ میدیا کە بە زمانی ئینگلیزی پەردە لەسەر ڕەگەزپەرستی دژی کورد هەڵدەماڵێت


ئەم هەفتەی ڤیدیۆی کوڕێکی کورد لە خۆپیشاندانێکی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە لەندەن لە سۆشیاڵ میدیا دەنگی دایەوە. کوڕەکە، کە نزیکەی 140 هەزار شوێنکەوتوو (فۆڵۆوەر)ی لە ئینستاگرام هەیە، لە سۆشیاڵ میدیا بە هاکس (Haks) ناسراوە.

لە ڤیدیۆکەدا، هاکس دەردەکەوێت ئاڵایەکی کوردستانی بەرزکردۆتەوە و لانیکەم دوو کەسی فارس دەیانەوێت ڕێگری لێبکەن ئاڵاکەی کوردستان هەڵبدات. لە خۆپیشاندانەکەدا دەبینیت ئاڵای سەردەمی پاشایەتی ئێران هەڵکراوە و کەس ڕێگریان لێناکات.

بە زمانی کوردی هاکس هاواردەکات "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی کوردستان." لە باکگراوند دەنگی کچێک دەبیسترێت بە زمانی ئینگلیزی ڕووبەرووی فارسەکان دەڵێت "بەسە ڕەگەزپەرست مەبن."

هاکس لە کۆتای ڤیدیۆکەدا بە زمانی ئینگلیزی نوسیوویەتی "هەوڵماندا شانبەشانی ئەوان بە یەکگرتووی [خۆپیشاندانەکە] بکەین بەڵام ئەوان نەیاندەویست. بۆیە ئێمەش دوورکەوتینەوە و لە شوێنێکی جیا لەوان گردبوونەوەی خۆمان ئەنجامدا. تاکە کوردێک بەوانی نەگووت ئاڵای خۆیان نزمبکەنەوە. ئەو ئاڵایەی بەدەستیانەوە بوو هەمان ئەو ئاڵایە بوو کە هەزارن کوردی [لە ژێردا] کوژراوە و بە سەرکردەمان قازی موحەمەدەوە. هێشتا هیچمان نەگووت. بەڵێ ئەمە فاشیزمە. بەڵێ ئەمە رەگەزپەرستییە."

ئەمە تاکە ڤیدیۆ نییە کە تیایدا هاکس هەوڵدەدات ڕەگەزپەرستی لە نێو گەلانی دیکەی ناوچەکە دژی کورد بخاتە ڕوو. چەندین ڤیدیۆی دیکەی هەیە لە ژوورەکانی چاتکردن (گفتوگۆی ئۆنلاین) کە تیایدا تورک قسەی ناشیرینی پێدەڵێن لەبەر پۆشینی جلوبەرگێک کە لێی نوسراوە "کوردستان" یاخود تەنیا گوتنی ئەوەی کە "ئەو کوردە."

هاکس کێیە؟

هاکس نەوی تەواوی هەکار میرزایە. کوڕێکی تەمەن 31 ساڵە کە لە لەندەن لە دایکبووە و گەورە بووە. هەرچەندە بڕوانامەی لە زانستی کۆمپیوتەردا هەیە، هاکس زیاتر بە چالاکییەکانی لە میدیای کۆمەڵایەتی ناسراوە.


لە دیدارێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا خۆی بە کەسێکی بێلایەن وەسفکرد کە میدیای کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنێت بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی کورد لە هەرچوارپارچەکە دەکات.

"کاتێک دەستم پێکرد، شوێنێکم نەبینی ئۆنلاین بۆ کورد کە سەر بە حیزبێک نەبێت. ئەو هەستەم بۆ دروست بوو کە هەموو شوێنێک بەئاراستەی حیزبێکدایە. ئەمەم بەدڵ نەبوو و هەستم کرد پێویست بە جۆرێک نیشتیمان پەروەریش لە نێو کورددا هەیە."

هاکس لە کاتێکی گونجاودا دەستی بە کاری چالاکوانی کرد. ساڵی 2017 کاتێک هەرێمی کوردستانی عێراق ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا و ئەمەش کاردانەوەی توندی لە نێوخۆی عێراق و لایەن وڵاتانی دراوسێووە لێکەوتەوە. تورکیا و ئێران سنوورەکانی خۆیان بەسەر هەرێمەکەدا داخست و گەشتی ئاسمانی لە هەولێرەوە بۆ دەرەوەی وڵات وەستا. لەو کاتەدا وادەردەکەوت، رەگەزپەرستی بەرامبەر کورد لەزیادبووندابێت.


بەڵام لەسەردەمی ڤایرۆسی کرۆنادا، هاکس کاتی زیاتری بۆ رەخسا تا چالاکی لە میدیای کۆمەڵایەتی ئەنجامدا.

هاکس دەڵێت، "لەسەردەمی ڤایرۆسی کرۆنادا، وێبسایتێکم دۆزیەوە کە بۆ چاتکردنەوە تیایدا دەتوانێت خەڵکی نەناسراو ببینیت و لەگەڵیاندا قسەبکەیت...وڵاتێک هەڵبژێریت و قسە لەگەڵ خەڵکی ئەو وڵاتە دەکەیت. قسەم لەگەڵ تورکی ناو تورکیا کرد. ئەوەی روویدا زۆر خراپتر بوو لەوەی چاوەڕێم کردبوو. ئیتر منیش گوتم دەبێت ئەمە پیشانی جیهان بدەم. زۆر بڵاو بووەوە و لە تورکیا بوو بەهەواڵ."

هاکس لە دایک و باوکێکی کورد لە دایک بووە. دایکی خەڵکی عەفرینە و باوکی خەڵکی سلێمانییە. دایکی لە سوریایەکدا گەورەبووە کە زمانی کوردی تێدا قەدەغەبووە و باوکیشی لە عێراق پێشمەرگەبووە دژی دیکتاتۆری پێشوو سەددام حسێن کە کۆمەڵکوژی دژی گەلی کورد ئەنجامدا. هاکس دەڵێت لە لەندەن باوک دایکی هەمیشە باسی کورد و ئەزموونی خراپی کوردیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ کردووە.

هاکس دەڵێت تەنانەت لە ناو کوردیشدا هەندێک کەس دژی کارە چالاکوانییەکانی وەستاونەتەوە.

هاکس دەڵێت، "پێیان دەگوتم دەزانین کە رەگەزپەرستن. تۆ بەتەمای چیت لەم کارەت؟ ئەمە کوردی خۆمان ئەمەی دەگووت. منیش گوتم، تۆ دەزنیت. ئەوان نازانن. جیهان نازانێت. دەمەوێت جیهان دان بەو شتانەدا بنێن کە کوردن وئێمەش دەبێت شانازییان پێوە بکەین"

بۆ ئەو گەنجە کوردانەی کە سارددەبنەوە لەوەی چالاکی ئەنجامبدەن بەهۆی گەندەڵی و گرفتی حوکمڕانی لە هەرێمە کوردییەکان، هاکس ئامۆژگارییەکی بۆ تاکی کورد هەیە: "لە جیاتی ئەوەی جەخت بکەیتە سەر ئەو شتانەی لەدەرەوەی کۆنترۆڵتە، جەخت بکە ئەو شتانەی لە کۆنترۆڵتدایە و دەتوانیت بیانگۆڕیت، چونکە ئەگەر ئەوە نەکەیت ئەوا هەرگیز ناچیتە پێش."

XS
SM
MD
LG