Accessibility links

زانیاری لە بارەی ناسنامەی چەکدارانی داعش لەو ناوچەیەی ژمارەیەک سەربازی کۆماندۆی هەرێم تێیدا بوونە قوربانی


سوڕانەوەی فڕۆکە و گواستنەوەی بڕیندار لە گەرمیانەوە بۆ سلێمانی، ڕۆژی چوارشەممەی کردە ڕۆژێکی جیاواز بۆ گەرمیانییەکان، کە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبی چێنراوەوە، پلەدارێکی هێزی کۆماندۆی هەرێم گیانی لەدەستدا و 6 ئەفسەر و سەربازی تر برینداربوون، ئاکام عومەری فەرماندەی گشتی هێزی کۆماندۆ لە نێو بریندارەکان دا بوو.

بۆمبە چێنراوەکە لە ناوچەی غەڕەوپەڵکانەی سنوری قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین بە هێزەکەی کۆماندۆدا تەقییەوە، ئەو ناوچەیەی لە ساڵی 2017 ەوە، بووەتە یەکێک لە پێگە سەرەکییەکانی داعش لە عێراق، بەهۆی ڕێکنەکەوتنی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە، نەتوانراوە هێز لەو ناوچەیە جێگیر بکرێت، کە دەکەوێتە نێوان بارەگاکانی هەردوولایانەوە.

ناوچەکە ناو بە ناو لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بۆردومان دەکرێت، بە تایبەت لەوکاتانەی داعش جموجۆڵی تێیدا زۆرە، سەرباری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپا و پێشمەرگەش بۆ سەر ناوچەکە، بەڵام داعش دەستبەرداری نابێت، بەو پێیەی ناوچەیەکی ستراتیژییە و پارێزگاکانی کەرکوک، سەڵاحەدین، دیالە و ناوچەی گەرمیان پێکەوە گرێ دەدات.

لیوا محەمەد ڕۆستەم جێگری میحوەری قەرەتەپە_حەمرینی هێزی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"داعش لە ناوچەی غەڕەوپەڵکانە بۆسە دانانێت بۆ ئەوەی چەکدارەکانی نەکوژرێن، بەڵکو زیاتر لە ڕێگەی دانانی بۆمبەوە زیان بە هێزە عێراقی و کوردییەکان دەگەیەنێت."

ئەو هێزەی کۆماندۆ کە بۆمبەکەیان پێدا تەقییەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ڕۆیشتبوونە سنورەکە و دوای موشەک بارانکردنی ناوچەکە، ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامدابوو، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیاندا، بۆمب پێیاندا تەقیووەتەوە.

ئاکام عومەری فەرماندەی کۆماندۆ، یەکێکە لە فەرماندە نزیکەکان لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، دوای ئەوەی بە سەختی بریندار دەبێت، لە ڕێگەی فرۆکەوە خێرا دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەی فاروق لە سلێمانی و تا ئێستا لە ژێر چاودێری وردی پزیشکیدایە، دواتریش بافڵ تاڵەبانی بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی تەندروستی، خۆی گەیاندووەتە نەخۆشخانەکە.

دوو سەرچاوەی بەرپرس و ئەمنی، لە بارەی ژمارەی چەکدارانی داعش و ناسنامەی چەکدارەکان، زانیاری وردیان دایە دەنگی ئەمەریکا، کە بەپێی وتەی سەرچاوەکان، ناوچەی غەڕەو پەڵکانە، نزیکەی 20 چەکداری داعشی تێدایە، 5 لە چەکدارەکان کوردن.

سەرچاوە ئەمنییەکان، ئەوەشیان بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند"یەکێک لە کوردەکان، کوردی ئێرانە و ناوی ئەبوجابان ی کوردییە، قاچێکی نییە و شارەزای بواری دانانی بۆمبە، کەسێکیش بە ناوی ئەبوعەبدوڵا سەرپەرشتی چەکدارەکانی داعش دەکات لەو ناوچەیە، خەڵکی ناوچەی سلێمان بەگە و پێشتر کاری قاچاخچێتی کردووە."

لەماوەی ڕابردوودا، چەکدارانی داعش لە سنوری جەلەولا و قەرەتەپە و قەزای خورماتوو، نزیکەی 20 کەسیان ڕفاندووە و دواتر لەبەرامبەر پارەدا ئازادیان کردوون، بەو پێیەی بۆ دابینکردنی خۆراک و چەک و تەقەمەنی پێویستیان بە پارەیە، هەندێک لە ڕفێنراوەکانیشیان لەبەرامبەر وەرگرتنی مۆلیدە و داو دەرمان لەکەس و کارەکانیان ئازاد کردووە.

لیوا محەمەد رۆستەم جێگری فەرماندەی میحوەری قەرەتەپە_حەمرینی پێشمەرگە، جەختی لەو زانیارییانە کردەوە، کە سەرچاوە ئەمنییەکان بە دەنگی ئەمەریکایاندا، گوتی"چەند چەکدارێکی کورد لە نێو داعشەکانی غەڕەوپەڵکانەدان.

برینداربوونی ئاکام عومەری فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ لە تەقینەوەکەی ڕۆژی چوارشەممەی ناوچەی غەڕەو پەڵکانە، دەنگدانەوەی لە نێوخۆی هەرێم دروستکرد، بەتایبەت پێشتر زانیاری لە بارەی گیان لەدەستدانی بڵاو بوویەوە و دواتر سەرکردەکانی یەکێتی هەواڵەکەیان ڕەتکردەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:31 0:00

XS
SM
MD
LG