Accessibility links

ئایا محەمەد شیاع ئەلسودانی دەتوانێت کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر بکات؟


کاتێک باس لە پەیوەندی ئاڵۆز و زۆرجار پڕ لە کێشەی نێوان بەغدا و هەولێر دەکرێت، هەموو چاوەکان لەسەر سەرۆک وەزیری تازە دەستنیشانکراوی عێراق، محەمەد شیاع ئەلسودانین.

ئومێدێک هەیە سودانی کە پاڵپشتی هەردوو پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی
نیشتمانی کوردستانی هەیە، بتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانەی چەندین ساڵە کەوتوونەتە نێوان بەغدا و هەولێر.

مایکل نایتس، پسپۆڕی باڵای کاروباری عێراق و هەرێمی کوردستان لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک، پێیوایە سودانی زیاتر لە یەکێتی نزیکە کاتێک باس لە بابەتی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و دابەشکردنی داهات و پرسە سەرەکییەکانی دیکە دەکرێت.

نایتس دەڵێت "بۆیە یەکێتی، پێموایە، لە پەیوەندی لەگەڵ سودانیدا لە پێشترە". "بە گشتی سودانی زۆر نزیک نییە لە هەرێمی کوردستان بەو شێوەیەی کە سەرۆک وەزیری پێشوو عادل عەبودلمەهدی بوو، بەڵام هەروەها زۆر بە توندی دژی هەرێمیش نییە."

نایتس دەشڵێت، ئەو پەیوەندییە نزیکەی کە گوایە لە نێوان سودانی و یەکێتیدا هەیە، ڕەنگە بە دژی بەرژوەندییەکانی پارتی بشکێتەوە.

نایتس، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت: "پێموایە بە ئەگەرێکی زۆرەوە سودانی و یەکێتی پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی هەولێر ناچاربکەن دەستبەرداری بەشێک لە دەسەڵاتەکانی بێت، هەندێکیان بۆ بەغدا، هەندێکیشیان بۆ سلێمانی."

عەباس ئەلکازم، پسپۆڕی باڵای عێراق لە ئەنجومەنی ئەتڵەنتیک کە بنکەکەی لە واشنتۆنە، پێیوایە زۆرێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر پێویستیان بە هەوڵێکی قووڵترە لە دەستپێشخەری سەرۆک وەزیران.

ئەلکازم لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی " بینیمان سەرۆک وەزیرانی پێشوو هەموو هەوڵێکیان دا بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایانە و ئاشتکردنەوەی ئەو پرسانە بەڵام سەرکەوتنی ئەوتۆیان بەدەست نەهێنا."

ئاماژەی بەوەشکرد، "پێموایە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسانە پێویستە چاکسازی دەستووری بکرێت. هەروەها پێویستە چاکسازییەکی یاسایی هەبێت کە کۆمەڵێک یاسایە کە لەلایەن پەرلەمانەوە بە زۆرینەی باش دەربچێت بۆ ئەوەی شەرعیەتی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی هەبێت."

بەشێک لە پرسە هەرە زەقەکان کە ڕووبەڕووی سودانی دەبنەوە بریتین لە یاسای هایدرۆکاربۆن کە هێشتا عێراق پەسەندی نەکردووە و جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق. یاسای هایدرۆکاربۆن پێویستە بۆ دیاریکردنی چۆنیەتی دابەشکردنی داهاتی نەوتی عێراق لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.

لەلایەکی دیکەوە ماددەی 140میکانیزمێکی دیاریکردووە بۆ چارسەرکردنی ناوچە جێناکۆکەکانی وەک شاری کەرکوکی دەوڵەمەند بە نەوت.

ئەلکازم پێی وایە سودانی وەک سەرۆک وەزیرانەکانی پێش خۆی لە کۆتاییدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە لە چارەسەرکردنی ڕاستەقینەی ئەو درزەی لە نێوان بەغدا و هەولێردا هەیە.

ئەلکازم گوتی" باوەڕی من ئەوەیە کە زۆرێک لەو پرسانە هەردەمێنن گرنگ نییە کێ دەبێتە سەرۆک وەزیران."

XS
SM
MD
LG