Accessibility links

ئێران حزبوڵا و حەشدی شەعبی بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بەکاردەهێنێت


ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست رایگەیاندوە ئێران هیزەکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵا بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بەکاردەهێنێت.

ئەو ڕۆژنامەیە لە زاری سەرچاوەکانی خۆیەوە رایگەیاندوە کە لە نێو سەرکوتکارانی دەسەڵاتی ئێران لە شارە جیاوازەکان لەوانەش لە تاراندا بینراوە کە هەندێ لە هێزەکان بە جلوبەرگی تایبەتیەوە و بە زمانی عەرەبی و بە لەهجەی لوبنانی قسە دەکەن.

بە گوێرەی هەواڵەکەی ماڵپەڕی ئۆرشەلیم پۆست، ئەو کەسانە یارمەتی سەدان هێزی پۆلیس، بەسیج و سوپای پاسداران دەدەن بۆ سەرکوتکردنی توندوتیژانەی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی دژە حکومەت لە ئێراندا.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو هێزانە هەروەها لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی دژ بە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ساڵی 1988 دا لە ئێران دەستیان هەبووە.

ناڕەزایەتییەکانی ئێستای ئێران مانگێک لەمەوبەر و لەدوای کوژرانی ژینا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەربوونیدا لە لایەن پولیسی ئاکاروە سەریان هەڵداوە.

لە ئەنجامی ناڕەزایەتیەکاندا سەدان خۆپیشاندەر لە نێویاندا منداڵ و خوێندکار بە تەقەی هیزەکانی ئاسایش کوژراون و دەستگیرکراون.

حەسەن نەسروڵا، سەرکردەی حزبوڵای لوبنان لە سەرەتای مانگی دەدا، پرسی گیانلەدەستدانی ژینای بە پرسێکی ناڕوون ناوبرد، و رایگەیاند کە مەرگی ئەو بۆ هاندانی خەڵک دژی حکومەت بەکارهاتووە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی ئۆرشەلیم پۆست، یارمەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ گرووپە بە وەکالەتەکانی وەک حیزبوڵڵا، حوسییەکانی یەمەن، حەماس و گرووپە جیهادییەکانی دیکەی فەلەستینی و میلیشیا شیعەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق، بڕی زیاتر لە یەک ملیار دۆلارە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی بارودۆخی خراپی ئابووری و زیادبوونی هەڵاوسان و ئاڵنگاری بژێوی ژیانیان بووەتەوە.

XS
SM
MD
LG