Accessibility links

ئێران ڕەتیدەکاتەوە چەکی بۆ ڕووسیا دابینکردبێت بۆ ئەوەی لە دژی ئۆکرانیا بەکاربهێنرێت


ڕۆژی شەممە وەزارەتی دەرەوەی ئێران جارێکی دیکە ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن چەکیان بۆ ڕووسیا دابینکردووە "بۆ ئەوەی لە شەڕی ئۆکرانیادا بەکاربهێنرێت."

کیێڤ و زۆرێک لە هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی مۆسکۆیان تۆمەتبار کردووە بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران لە هێرشەکانی چەند هەفتەی ڕابردوودا بۆ سەر ئۆکرانیا. بڕیارە ڕۆژی دووشەممە لە کۆبونەوەیەکدا لە لۆکسمبۆرگ لە لایەن وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا تاوتوێی ئەم بابەتە بکرێت.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند، حسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران "جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران هیچ چه‌كێكی بۆ دابین نه‌كردووه‌ و ناشیكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ شه‌ڕی ئۆكرانیادا به‌كاربهێنرێت."

وەزیری دەرەوەی ئێران له پەیوەندییەكیدا لەگەڵ جواو گۆمێس کراڤینۆی هاوتا پورتوگالییەکەی گوتی"پێمان وایه چەک کردنی هەر لایه نێک قەیرانی شەڕەکە درێژتر دەکاتەوە."

"ئێمە نە لە ئۆکرانیا، نە لە ئەفغانستان، سوریا و یەمەن شەڕمان بە ڕێگای ڕاست نەزانیوە و بە ڕێگای ڕاستیشی نازانین."

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ڕۆژی هەینی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی جیادا لەگەڵ جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، هەڵوێستی فەرمی ئێرانی لە بێلایەنی دووپاتکردەوە سەبارەت بەو شەڕەی کە نزیکەی هەشت مانگ لەمەوبەر دەستی پێکرد.

گوتیشی "هاوكاری بەرگریمان لەگەڵ ڕووسیا هەیە، بەڵام سیاسەتی ئێمە سەبارەت بە شەڕی ئۆكرانیا ناردنی چەك نییە بۆ لایەنە ناكۆكەكان، بەڵکو ڕاگرتنی جەنگ و كۆتاییهێنان بە ئاوارەبوونی خەڵكە".

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكرانیا ڕایگەیاند، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئێران لە هێرشەكانی ڕووسیا بۆ سەر ژێرخانی وزە لە چەند شارێكی ئۆكرانیا بەكارهێنراون.

مانگی ڕابردوو، کیێڤ بڕیاریدا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ تاران بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە، بەهۆی ئەوەی کە گوایە چەک ڕادەستی ڕووسیا کراوە.


XS
SM
MD
LG