Accessibility links

بەهۆی تەقینەوەی کانێکی خەڵوز لە تورکیا 40 کەس گیانیان لەدەستدا


به‌رپرسانی توركیا ڕایانگه‌یاند‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ ژماره‌ی كوژراوان به‌ هۆی ته‌قینه‌وه‌ی كانێکی خه‌ڵوز له‌ باكووری توركیا بۆ 40 كه‌س به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

کەسوکاری کرێکارانی ناو کانەکە بە درێژایی شەو لە سەرمادا لە دەرەوەی کانی دەوڵەتی TTK Amasra Muessese Mudurlugu لە شارۆچکەی ئەماسرا لە پارێزگای بارتین لە کەناری دەریای ڕەش چاوەڕێی بوون، بەو هیوایەی هەواڵێکیان دەستگیر بێت. لە کاتێکدا لە کاتی تەقینەوەکەدا ئێوارەی ڕۆژی هەینی 110 کرێکار لە کانەکەدا کاریان دەکرد.

سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، 40 کرێکاری کانگاکە گیانیان لەدەستداوە. 11 کەس بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون، 58 کەسی دیکەش توانیویانە خۆیان لە ئاگری کانەکە ڕزگاربکەن یان بەبێ زیان ڕزگارکران.

فاتیح دۆنمێز وەزیری وزە گوتی هەوڵەکانی ڕزگارکردن نزیکە لە تەواوبوون. پێشتر گوتبووی کە هێشتا ئاگرێک لە گەلەرییەکەی کانەکەدا دەسوتێت کە زیاتر لە دەیان کرێکار تیێدا گیریان خواردووە. گوتیشی، كاركردن بۆ کۆنتڕۆڵکردن و دامرکانەوەی ئاگرەكە بەردەوامە.

دۆنمێز گوتیشی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێدەچێت تەقینەوەکە بەهۆی فایردامپەوە بێت، کە ئاماژەیە بۆ ئەو گازە سووتێنەرانەی لە کانەکانی خەڵوزدا دەدۆزرێتەوە. هەروەها سێ داواکاری گشتی لێکۆڵینەوەیان لە هۆکاری تەقینەوەکە دەستپێکردووە.

سەرچاوە:AP

XS
SM
MD
LG