Accessibility links

وردەکاری هۆکارەکانی ڕووداوەكانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان کە ساڵانە چەندین کەس دەکاتە قوربانی


لە نزیک پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆ پێنج کەس دەبنە قوربانی، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی لە ناو تۆنێلێكی نزیک پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆو کە لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری هیوندای تایبەت و فۆرتێکی پیکابدا ڕوویدا پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی تریش برینداربوون.

سەبارەت بە هۆکاری دروستبوونی ئـەو ڕووداوە و گیانلەدەستانی ئەو پێنج کەسە، فازڵ حاجی گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" هۆکاری سەرەکی تیژڕەویە و یەکێکیان کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە بەڵام کامەیانە کە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و چووەتە ئەودیوی شەقامەکە ئەوە هێشتا دیارنییە، چونکە هەردوولا گیانیان لەدەستداوە و لەناو تۆنێلەکەش کامێرای چاودێری تێدا نییە، تەنها شوێنێک ماوە کە کامێرای چاودێری لێیە ئەویش هی کۆمپانیایەکە و داخراوە، بەڵام بڕیاروایە ئەو جەماعەتە کە لە موسڵن بێن کامێراکان لێدەنەوە و سەیری دەکەین، بۆیە لە لێکۆڵینەوەکانیش لایەنی تاوانبارمان دیاری نەکردووە".

بەپێی بەدواداچوونەكانی دەنگی ئەمەریکا بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی شوفێریدا و هەڵەی خودی شۆفێر لە شەقامەکاندا لە كاتی سورانەوە و هەروەها خراپی ڕێگاوبان و خراپی کوالیتی ئۆتۆمبێلەکان و تاکساید لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕووداوی هاتوچۆن.

ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " شەقامەکانی هەولێر باشترین شەقامن لە سەرانسەری عێراق و چەند وڵاتی دراوسێش، هەولێر 30 مەتری، 40م ، 60م ، 100م ، 120م ، 150 مەتریشی تێدایە، و وەزارەتی ناوخۆیش هیچ درێغی نەکردووە لە دانانی کامێرا و هەروەها لە چاودێریکردنی مۆڵەتی شوفێری کە بووەتە ئەلیکترۆنی، بە یارمەتی کۆرییەکان سیستەمێک دانراوە کە هیچ سیستەمێک لەعێراقدا وەک ئەوەی هەولێر و کوردستان نییە، سیستەمێکی ڕێکوپێک بە کۆمپیۆتەرە."

لە بارەی هۆکارەکانی ئەو هەموو ڕووداوانە، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت " دەبێت هەوڵ بدەین هێشتا زیاتر پەروەردەی چۆنیەتی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل لەناو کۆمەڵگادا بەهێزتر بکەین و جەخت لەسەر بابەتی پەروەردەی چۆنیەتی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل قۆڵتر بکەینەوە، بابەتی پەروەردەکردنی چۆنیەتی بەکارهێنانی ئامرازەکانی گواستنەوە دەبێت ببێتە پەروەردەیەک و بتوانین زیاتر جەخت لەسەر بابەتی چۆنیەتی بەکارهێنانی ئامرازەکانی گواستنەوە و پەڕینەوە لە شەقامەکان بکەینەوە."

وتەبێژەکەی هاتوچۆ دەڵێت تیژڕەوی کارەساتەکان گەورەتر دەکات و دەبێتە هۆی کۆنتڕۆڵ لەدەستدان و لە بارەی ڕووداوی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینیش زیاتر گووتی " ئەوە لەناو تۆنێل بووە، خۆی ئەگەر بیتۆ ئەو ئۆتۆمبێلە بەخێرایی60 ڕویشتبا کە خێرایی 60 بۆ ئەو شوێنە دیاریکراوە نە کۆنتڕۆڵی لەدەست دەدا و نە ئەگەر کۆنتڕۆڵیشی لەدەست بدابایە ئەو کارەساتەی لێدەکەوتەوە، ئەو هێزی پێکدادانەی کە لە ڤیدیۆکاندا دیارە لەوانەیە خێراییەکەی لەسەرووی 150 بێت، چونکە ئۆتۆمبێل بەو شێوەیە تێکناشکێت ئەگەر خێراییەکە خەیاڵی نەبێت."

بەپێی بەدواداچوونەکان لە هەرێمی كوردستاندا شوفێر گەلێک هەن کە پابەندی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ نابن بۆیە بەردەوام تووشی ڕووداوی هاتوچۆ دەبن و بەهۆیەوە شۆفێر و سەرنشینان دەبنە قوربانی و بریندار دەبن.

لەبارەی زانیاری زیاتر لەسەر ئەو ڕووداوەی کە پێنج کەسی کردە قوربانی، فازڵ حاجی ئـەو گوتەبێژەی هاتوچۆ گوتی" لەو ڕووداوەدا دیارە کە هەڵەی شۆفێرەکەیە چونکە تیژڕەوی کردووە، تەنانەت تا ئێستا ئێمە نازانین بڵێین کە کامەیان شۆفێرەکە بووە چونکە ئەوانەی کە بوونەتە قوربانی منداڵن هەندێکیان بە پارچە لەناو ئۆتۆمبێلەکان دەرهێنراون."

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەرەخۆشی ئاڕاستەی شوان شێخ ئەحمەد و بنەماڵەی حاجی موعتەسم حاجی سەعید کرد و تێیدا دەڵێت" بە داخێکی زۆرەوە، هەواڵی گیان لە دەستدانی پێنج کەس لە بنەماڵە بەڕێزەکانتانم بیست بەهۆی ڕووداوێکی دڵتەزێنی هاتووچۆ لە ناو شاری هەولێر. پرسە وسەرەخۆشیتان لێ دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمتان دەزانم ، خوای مەزن گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و سەبرو ئارامی بەهەمووان ببەخشێت و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم."

شارەزایانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ڕووداوەکانی دەرەوەی شارەکان بکوژترن لەوەی نێو شارەکان ئەویش بۆ خێرایی لێخۆڕینی شوفێران دەگەڕێتەوە.
خێڕایی لێخۆڕین و پابەندنەبوونی شوفێران و خراپی ڕێگاوبانەکان هۆكاری تری ڕووداوی هاتوچۆن.

ئەو وەزیرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر بە دەنگی ئەمەریکای گووت" بەو هەموو گەمارۆیەی کە عێراق لەسەر کوردستان داینا و بودجەی کوردستانی نەنارد یەک لەحزە دروستکردنی شەقامی نوێ لە هەولێر و کوردستان نەوەستاوە."

ڕووداوەکانی هاتوچۆو لە هەرێمی کوردستاندا چەندین چیرۆکی تراژیدی و خەمناکیان بەدوای خۆدا هێناوە و ساڵانە بەدەیان کەس دەکاتە قوربانی و برینداردەبن، ماوەکانی ڕابردوو لە خانەوادەیەکی گوندی دولێجانی سەر بە قەزای بەردەڕەش لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا تەنها کچێک بەبرینداری ڕزگاری دەبێت و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی گیان لەدەست دەدەن، هودا سامی ئەو کچەی کە سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی وەکو دایک و باوک و خوشک و برا بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلەوە لەڕێگای نێوان هەولێر - دهوک گیانیان لە دەستداوە داوایکرد کە ڕێگاوبانەکان باش بکرێن و چیتر کەس نەبێتە قوربانی خراپی ڕێگاكانی هاتوچۆ.

بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2021 لە هەرێمی کوردستاندا 662 هاوڵاتی بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە و 7 هەزار و 220 کەسی دیکەش برینداربوونە، ژمارەکان بەراورد بە ساڵی 2020 زیادیان کردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:04 0:00

XS
SM
MD
LG