Accessibility links

کوژرانی عەقید هاوکار جاف دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دووچاری پەرتبوونی زیاتر دەکات


کوژرانی عەقید هاوکار جاف ئەفسەری دەزگای دژەتیرۆری یەکێتی، ناکۆکی لە نێوان دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی و پارتی قوڵتر دەکاتەوە، بە تایبەت دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر، چەند ئەفسەرێکی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی بە ئەنجامدانی تاوانەکە تۆمەتبار دەکەن و یەکێتیش، پەنجەی تۆمەت بۆ دەزگای پاراستن ی پارتی درێژ دەکات.

ڕۆژی 7 ی مانگی دەی 2022 لە گەڕەکی سەربەستی شاری هەولێر، لە ڕێگەی بۆمبی لکێنراوەوە بە ئۆتۆمبێلەکەی، عەقید (هاوکار جاف) کرایە ئامانج، لە ئەنجامدا خۆی گیانی لەدەستدا و چەند کەسێکی خێزانەکەشی برینداربوون، ئەم ڕووداوە جارێکی تر، گڕی لە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بەردایەوە.

هاوکار جاف، عەقیدێکی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی بوو، بەڵام دوای تەقینەوەی ناکۆکییەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکانی پێشتری یەکێتی، ئەم پلەدارە لە شاری هەولێر بەیەکجاری گیرسایەوە، بەو پێیەی ئەوکات لە لاهور شێخ جەنگیەوە نزیکبوو، تا لە ڕۆژی 7ی مانگی دەی ئەمساڵ کرایە ئامانج.

دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، دان پێدانان و گرتەی ڤیدیۆیی چەند ئەفسەرێکی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتییان بڵاو کردەوە، گوایە ئەوان لە پشت ڕووداوی "تیرۆر"کردنی عەقید هاوکار جافەوەن، بەڵام دواتر دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی لە ڕاگەیەنراوێکدا، بەرگری لە ئەفسەرەکانی کرد و گرتە ڤیدۆییە بڵاوکراوەکانی بە سیناریۆ ناوبرد.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"دەزگا ئەمنییەکان، تۆمەتبارەکانیان دەستگیرکردووە و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، ڕاستە تاوانەکە تیرۆر بووە، بەڵام پەیوەندی بە گروپە تیرۆرستییەکانەوە نەبووە، بەڵکو دەرئەنجامی ناکۆکی نێوان لایەنێکی دیاریکراو یاخود دەزگایەکی ئەمنی بووە."

گوتیشی"بێگومان کەسێک تاوانی قێزەون ئەنجام بدات، پاساو دەهێنێتەوە، دیکۆمێنت قسە دەکات و ئیعتیباری هەیە، نەک قسە و بەیاننامەی چەند کەسێک."

دوای تۆمەتبارکردنی چەند ئەفسەرێکی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی بە تێوەگلان لە کوژرانی عەقید ( هاوکار جاف) دا، ئەم دەزگایە لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕەتیکردووەتەوە ئەفسەرەکانی تێوەگلابن لە تاوانەکەدا، ڕایگەیاندووە"تاوانەکە بە پیلانی دەزگای پاراستنی پارتی و تیمێکی دیاریکراو جێبەجێکراوە، کە ماوەیەکە لە ژێر چەتری بەناو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە هەولێر کاردەکەن."

لە وەڵامی ڕاگەیەنراوەکەی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی دا، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمیش کە لە هەولێر ئیش و کارەکانی ڕادەپەڕێنێت، ڕایگەیاند"دژە تیرۆری سلێمانی وەڵامێکی شڵەژاوانە و بێسەروبەریان بڵاوکردووەتەوە، ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ لاوازییان لەبەرگری کردنیان لەو تاوانبارانەی بە بەڵگەوە تێوەگلاون لە کردەوەکە."

لە بارەی تۆمەتبارکردنی چەند ئەفسەرێکی سەر بە دژەتیرۆری حیزبەکەی، کەریم شکور ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای وت"ئەوانەی ناویان بڵاوکراوەتەوە، لە ڕووی یاساییەوە، هیچ شتێکیان لەسەر ساغ نەبووەتەوە، ئەمە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی و بنکەی جەماوەری هەردوولاش."
گوتیشی"گواستنەوەی ناکۆکییە سیاسیەکان بۆ ڕاگەیاندن خراپە، دەتوانرێت کێشەکان بە گفتووگۆ چارەسەر بکرێن."

کوژرانی عەقیدەکەی دەزگای دژە تیرۆر، ناکۆکی نێوان دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر و سلێمانی گەیاندووەتە لوتکە، ڕەنگە ئەم ناکۆکییانە، سەر بۆ ناکۆکی زیاتری نێوان دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم بکشێن، بەتایبەت گەر دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی لە پەرچە کرداردا، دیکۆمێنت لەسەر تێوەگلانی دەزگا ئەمنییەکانی هەولێرلە ڕووداوی جیاوازتردا بڵاوبکەنەوە.

لیوا محەمەد سابیر شارەزای بواری ئەمنی و ئەفسەری خانەنیشین، دەڵێت"کوژرانی عەقید هاوکار جاف پێشتر پلانی بۆ دانراوە، بۆیە تاوانەکە دەچێتە چوارچێوەی تیرۆرەوە، تاوانەکە حوکمی مادی و مەعنەویشی هەیە."

یەکێک لەو ڕەخنانەی لە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەگیرێت، وابەستەییانە بە پارتە سیاسییەکانەوە، هەرئەمەش وایکردووە، ماوەی چەند ساڵێکە هێزەکانی هاوپەیمانان داوای بە نیشتیمانیکردنی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام تا ئێستا پارتە سیاسییەکان دەستبەرداری هێزەکانیان نەبوون، بەو پێیەی مانەوەیان بە هەبوونی ئەو هێزانەوە دەبینن.

ناسر هەرکی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای وت"تیرۆر لە ناو هەرێم قابیلی قەبوڵ نییە، چونکە هەرێم ئەو پارچەیەی عێراقە، خەڵکی شاهیدی بۆ ئارامیەکەی دەدات."

لەکاتێکدا دەزگا هەواڵگیرییەکانی یەکێتی و پارتی، دوو دەزگای سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانن، بەڵام لە ڕوودانی کوژرانی عەقید (هاوکار جاف) دا کە یەکتری تۆمەتبار دەکەن، داوای لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دەکەن، هۆکاری ئەمەش بۆ نەبوونی متمانە لە نێوانیان دەگێڕدرێتەوە.

دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی داوایکردووە، تیمێکی پسپۆڕی بێ لایەن لە هێزەکانی عێراق، هاوپەیمانان و یەکێتی ئەوروپا لە ژێر چاودێری پەرلەمانی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی کوشتنی پلەدارە ئەمنییەکە پێکبهێنرێ، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمیش کە پارتی دیموکرات باڵادەستە بەسەریدا، ڕایگەیاندووە"لاریمان نییە، لە بەشداری هەر لایەنێکی نێودەوڵەتی، لە پێناو دڵنیابوون لە ئەنجامەکان و ئاشکرابوونی ئەو دەستانەی لە پشت کردەوە تیرۆرستیەکەوەن."

لە بارەی پەنابردنی دەزگا ئەمنییەکان بۆ بەشداریکردنی هاوپەیمانان لە پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە کوژرانی پلەدارە ئەمنییەکە، زانا رۆستایی پسپۆڕی بواری یاسایی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"گەر تاوانێک ڕەهەندی نێودەوڵەتی هەبێت، دەتوانرێت پەنا ببرێتە بەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەڵام گەر تاوانێک ڕوویدابێت و بەشداربووان هاوڵاتی یەک نیشتیمان بن و بێگانەی تێدا نەبێت، لەڕووی یاساییەوە، هیچ ڕێگەیەک نییە، تا لایەنی دەرەکی بێتە ناو پرۆسەی لێکۆڵینەوەوە."

XS
SM
MD
LG