Accessibility links

پەرلەمانی عێراق سەرۆک کۆمارێکی نوێ هەڵدەبژێرێت؛ بەرهەم ساڵح هەڵنابژێردرێتەوە


ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە جیاتی بەرهەم ساڵح، سەرۆکی ئێستای عێراق، ڕۆژی پێنجشەممە دەنگی بە لەتیف ڕەشیدا کە کاندیدێکە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پشتیوانی لێدەکرێت و ئەمەش کۆتایی بە ساڵێک لە چەقبەستووی سیاسی لە وڵاتەکە هێنا.

هەڵبژاردنی لەتیف رەشید گورزێکی گەورەیە لە کاندیدەکەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە سەرەڕای دژایەتی پارتی چوار ساڵ پێش ئێستا وەکو سەرۆک هەڵبژێردرا.

پاڵپشتی پارتی لە لەتیف ڕەشید وەک ڕێگەیەک بۆ تۆڵەسەندنەوەی لە بەرهەم ساڵح سەیر دەکرا کە ساڵی 2018 بە زۆرینەی دەنگەکان لەکاندیدەکەی پارتی بردەوە. ئەوەی وایکرد پارتی ئەمجارە سەرکەوتوو بێت بەشداریکردنی بوو لە هاوپەیمانێتییەکی چاوەڕەواننەکراودا بەناوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە دیارترین سەرکردەی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقە.

هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ ساڵێک بنبەستووی سیاسی لە عێراق کۆتای پێهێنا، دوای ئەوەی ڕەوتی سەدر زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێنا بەڵام نەیتوانی هاوپەیمانێتییەکی هێندە گەورە دروست بکات کە حکومەت پێبکهێنێت.

دوای هەڵبژاردنی، لەتیف رەشید موحەمەد شیاع ئەلسودانی کاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەڵبژارد تا لە ماوەی مانگێکدا حکومەت پێکبهێنێت. لەگەڕی یەکەمی دەنگداندا، لەتیف رەشید نەیتوانی زیاتر لە دوو لەسەر سێی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنێت و هەڵبژاردن لەپەرلەمان دووبارەکرایەوە.

لەگەڕی دووەمدا، تەنیا زۆرترین دەنگی ئەندام پەرلەمانانی ئامادەبوو پێویست بوو تا یەکێک لە کاندیدەکان بیباتەوە. لە کۆی 269 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لەتیف ڕەشید لانیکەم 162 دەنگی بەدەستهێنا، کە زیاتر بوو لەو ژمارەیەی پێویستییەتی ببێتە سەرۆک.

هێشتا نیوەی دەنگەکان ئاشکرا نەکرابوون، کەناڵە ناوخۆییەکان بەرهەم ساڵحیان نیشاندا کە پەرلەمانی جێدەهێشت وەکو ئەوەی دڵنیابووبێتەوە کە ئەنجامەکە لە بەرژەوەندی ئەو نابێت.

لەتیف ڕەشید (یاخود عەبدوللەتیف ڕەشید)، تەمەن 68 ساڵ، ئەندامێکی کۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، هەرچەندە یەکێتی پاڵپشتی کاندیدبوونی نەکرد.

لە کابینەی نوری مالیکیدا، لەتیف رەشید وەزیر سەرچاوەکانی ئاوبوو لەسەر لیستی یەکێتی و هاوسەری کەسایەتی ناسراو شاناز ئیبراهیم ئەحمەدە کە ئەندام پەرلەمانی عێراق و خوشکی خانمی یەکەمی پێشووی عێراق هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە. ئەمە یەکەمجارە لە مێژوودا دوو خوشک ببنە خانمی یەکەمی وڵاتەکە.

لەتیف ڕەشید لە بەریتانیا ماوەیەکی زۆر ژیاوە و گوتەبێژی یەکێتی بووە. هەر لەو وڵاتە و لە زانکۆی مانچێستەر، بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەندازیاری بەدەستهێناوە.

پارتی لە ڕێککەوتنی لەگەڵ پارتە عەرەبەکانی عێراق وەکو سازشێک بە لەتیف ڕەشید ڕازیبوو چونکە پارتە عەرەبییەکان ئامادەنەبوون پاڵپشتی کاندیدەکەی پارتی، ڕێبەند ئەحمەد، بکەن. ئامانجی سەرکی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەندامێکی خۆیەوە گۆڕا بۆ هەڵنەبژاردنەوەی بەرهەم ساڵح.

پسپۆڕان دەڵێن ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ڕەوتی سەدرە، بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، تا بزانن چی کاردانەوەیەکی دەبێت. سەدر تەواوی پەرلەمانتارەکانی کشاندۆتەوە و دژی پێکهێنانی حکومەت بووە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە.

XS
SM
MD
LG