Accessibility links

مێینەکانی باڵندەیەک بۆ ڕزگاربوون لە هەراسانکردنیان لەلایەن نێرینەکان ڕەنگی خۆیان دەگۆڕن بۆ شێوەی نێرینە


وادیارە کێشەی هەراسانکردنی ڕۆژانەی ژنان لە لایەن هەندێک پیاو تەنها لە نێو مرۆڤەکاندا نییە.

ئەوەتا بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن زانکۆی کۆرنیڵ لە نیویۆرک ئەنجامدراوە، مێینەکانی باڵندەی جاکۆبینی مل سپی ڕەنگی پەڕوباڵەکانیان دەگۆڕێت بۆ ئەوەی لە نێرینەکان بچن تا بەم ڕێگەیە خۆیان بپارێزن لە هەراسانکردنی لەلایەن نێرینەکانەوە.

بەگوێرەی زانستی بایەلۆجی پەرەسەندن، نێرینەی زۆربەی باڵندەکان ڕەنگاوڕەنگترن لە مێینەکان بەهۆی پێشبڕکێی نێرینەکان بۆ سەرنجڕاکێشانی مێینەکان لە پرۆسەی "هەڵبژاردنی سێکسی" یان (Sexual Selection). ئەمە بۆ جاکۆبینی مل سپییش ڕاستە کە نێرینەکەی بە ڕەنگە پڕشنگدارە شین و سەوزەکەی جیادەکرێتەوە لە مێینەی کە ڕەنگی سەوز و بۆری کاڵە.

بەڵام لێکۆڵینەوەکەی زانکۆی کۆرنێڵ کە بە سەرپەرشتی شارەزای بایۆلۆجی جەی فاڵک ئەنجامدراوە دەریخستووە کە لەنێو جاکۆبینی مل سپی ڕێژەی 20%ی باڵندە مێینەکان هەمان ڕەنگە پڕشنگدارەکانی نێرینەکانیان هەڵگرتووە وەک ڕێگایەکی "لاساییکردنەوەی فریودەر" بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان لە هەراسانکردن بپارێزن لەلایەن نێرینەکان.


جەی فاڵک سەبارەت بەم ئەنجامە ڕایگەیاند، "تاقیکردنەوەکانمان دەریانخست کە ئەو مێینانە ئاسایین و کەمتر ڕەنگاوڕەنگن زۆر زیاتر ڕوبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە لەو مێینانەی کە پەڕەکانیان وەک نێرەکانن. جا لەبەر ئەوەی ئەو مێینانەی کە لە نێرینەکان دەچن کەمتر تووشی شەڕانگێزی دەبنەوە، ئەوان دەتوانن زۆرتر خۆراک بەدەستبهێنن - ئەمەش سودێکی ڕوونە بۆیان."

پێشتر توێژەرەوکان چەندین نمونەی "لاساییکردنەوەی فریودەریان" تۆمارکردووە لە نێو ئاژەڵاندا. بۆ نمونە، هەندێک جۆری مار کە ژەهراوی نین لە پرۆسەیەکی پەرەسەندندا چەندین نەخشی ڕەنگاوڕەنگ لەسەر پێستیان نەخشاوە بۆ ئەوەی لە ماری ژەهراوی بچن بە مەبەستی پاراستنیان لە گیاندارە ڕاوکەرەکان.


بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە سود لە زانیارییەکانی Laboratory Equipment وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG