Accessibility links

زانیاری لەسەر دەستگیرکردنی دوو ڕۆژنامەنووسەکەی لە سنوری کۆیە دەستگیرکراون


دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو دوو ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی ئیبراهیم عەلی و سەرتیپ قەشقەیی لە سنوری کۆیە دەستگیرکران، لەسەرەتادا وا بڵاوکرایەوە کە دوای ئەوەی تەقەیان لێکراوە، بە برینداری دەستگیرکراون، بڵاوبونەوەی هەواڵەکە بەشێک لە پەرلەمانتاران و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی هێنایە قسەو ڕەخنەی توندیان ئاڕاستەی هێزە ئەمنیەکانی سنوری سلێمانی کرد، دەنگی ئەمەریکا بۆ بەدواداچوون بۆ کەیسی ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان پەیوەندی کرد بە هەریەک لە بەدریە ئیسماعیل بڕیاردەری لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکی کردن لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و کاروان ئەنوەر سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کورستان، ئەوان ڕایانگەیاند سەردانی دەستگیرکراوەکانیان کردووە و لە نزیکەوە ئەوانیان بینیوە، هەموو ئەو دەنگۆیانەش کە باس لە ڕفاندن و ئەشکەنجەدانیان دەکرێت ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند ئەوان بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون. هەرچەندە ئەوان دەڵین کە دوو سکاڵای جیاوازیان لەسەرە کە یەکێکیان پەیوەندی بە دژە تیرۆرەوە هەیەو ئەوەی تریشیان پەیوەستە بە وەزارەتی داراییەوە بەڵام، بە پێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا کە لە سەرچاوەیەکەوە دەستی کەوتوون و نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕۆژنامەنوسەکان تۆمەتبار کراون بە ئیش کردن بۆ چەند کەسایەتیەکی سیاسی دیاری کراوو حزبێکی دیاری کراو لە هەرێمی کوردستاندا.

لەو بارەیەوە بەدریە ئیسماعیل ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای وت ئەوان تێبینیان لەسەر شێوازی دەستگیرکرنەکەیان هەیە و کە دەکرا پێشتر ئاگاداربکرێنەوە، بەڵام ئاگادارنەکراونەتەوە و لە بازگە دەستگیرکراون.

" تەبعەن سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە خۆی تێبینی لەسەر جۆری دەستگیرکردنەکەیان هەیە، ئەگەر بێتوو تەبلیغێک ئاگادارکردنەوەیەک بۆ ئەمان بچوایە لە ڕێگەی شوێنی کارەکەیان و یان لایەنی پەیوەندیدار پێدەچێت وەزعەکە ئەهوەنتر بێت، خۆتان دەزانن بەپێی یاسا جاری یەکەم دووەم بۆ سێیەم، واتا تا سێ جار مەجالی هەیە ئەگەر نەچوو بەدەم داواکاریەکەیەوە کە لە دادگاوە تەڵەب دەکرێت ئینجا دەگیرێت، ئەمان دەبوایە تەبلیغ بکرێن، وە بەدەم تەبلیغەکەوە بچونایە یان بۆ نموونە پارێزەریان هەبوایە، واتە ئەو زەجەیەی دروستبووە لەسەر جۆری دەستگیرکردنەکەیەتی کە تەبلیغ نەکراون وە لە کاتی گەڕانەوەیان بووە بۆ شاری هەولێر و لە بازگەی کۆیە دەستگیرکراون، سەبارەت بەم دوو هاوڵاتیە کە دەستگیرکراون بەداخەوە هەندێ دەنگۆی ناڕاست بڵاوکرایەوە کە بۆ دڵ و دەرونی کەسوکاریشیان ناخۆش بوو، وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل یان تەقە لێکردن برینداربوون، یان ئاسەواری گولە، بەڵام خۆشبەختانە کە ئێمە لە نزیکەوە بینیمانن نە سەیارە وەرگەڕاوە، نە ئاسەواری گولەو برینداریمان پێوە بینین، هەرکەس دەستگیر بکرێت لایەنی دەرونی هەر باش نابێت، واتە ئەوان بێتاقەت و ناجێگیرن، بەتایبەت یەکێکیان نەخۆشی درێژخایەنی هەیەو 5 جۆر چارەسەر بەکار دەهێنێت".

سەبارەت بەو زانیاریانەی دەنگی ئەمەریکا کاروان ئەنوەر سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان دەڵێت، کەیسی دەستگیرکردنی ئەوان پەیوەستە بە کەیسی بڵاوکراوەوە، ڕۆژنامەنووس لە دەرەوەی کارەکەی خۆی ئیشی تر بکات ئەوە شتێکی ترە، بەڵام دەڵێت کەیسەکەی ئەوان کەیسێکی ئاساییە و هیچ کێشەیەکی یاسایی تێدا نیە، وە ئەو دەنگۆیانەش ڕەت دەکاتەوە کە باس لە ئازاردان و ئەشکەنجەدانیان دەکرێت و دەڵێت کە تەندروستی جەستەیی و دەرونیان زۆر باشە.

" ئەوە ناچێتە چوارچێوەی ئەو کەیسەی ئەوانی لەسەر دەستگیرکراوە، ئەمان کەیسەکەیان لەسەر بابەتی بڵاوکردنەوەیە، ئیتر ڕۆژنامەنووس لەدەرەوە کارەکەی خۆی ئیشی تر دەکات خۆی ئازادە، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە کارەکەیی و ئەو سکاڵایەی لەسەری دەستگیرکراوە، لەسەر سکاڵای بڵاوکردنەوەی بابەتەکانە، سەبارەت بە کەیسەکەیان ئێمە سەردانی ئاسایشمان کرد بە فەرمانی داوەر دەستگیرکراون، دوو کەیسیان لەسەرە، کاتێک دادوەر فەرمان دەردەکات بۆسەرجەم هێزە ئەمنیەکان دەچێت، لە هەرشوێنێک بن دەستگیردەکرێن، کەیسەکە کەیسێکی ئاساییە و ئێمە ڕۆژانە لە سلێمانی ئەم کەیسانە بەڕێدەکەین، ڕۆژنامەنووس دەبێ بچێتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە، ئەگەر داوای یاسایی بۆ ڕۆشت، بەڵام خۆی دەرنەخست دەبێت بە دەستگیرکردن، واتە ئەوەی ڕۆژنامەنووسەکان بڕیاری دەستگیرکردنیان هەبووە، ئێستا لە ئاسایش دانراون بەڵام هێشتا حاکم نەیبینیون، تا نیوەڕۆ لەوێ بووین و بینیمانن حاکم هێشتا نەیبینیون، بڕیاری ئەوەڵ و ئەخیر لای دادوەرە، بە پێی ئەو تۆمەت و سکاڵایەی لەسەریانە یان غەرامە دەکرێن یان ئازاد دەکرێن".

دەنگی ئەمەریکا بۆ زانیاری و لێدوانی فەرمی هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی کە لە ئێستادا دوو ڕۆژنامەنووسەکە لەلایان دەستبەسەرن، پەیوەندی کرد بە ئاسایشی سلێمانیەوە بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.

شایانی باسە ئەمە یەکەم جار نیە لە هەرێمی کوردستان ڕۆژنامەنووسان دەستگیربکرێن، لە ماوەکانی ڕابردوشدا چەندین جار لەلایەن ڕێکخراوە ناوخۆیی و دەرەکیەکان و نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەمەریکاشەوە هۆشداری لە بەرتەسکبوونەوەی ئازادی و پێشێلکاریەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان دراوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و داوای باشتر بوونی دۆخەکە کراوە، بەڵام دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان هێشتا بەردەوامە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:41 0:00

XS
SM
MD
LG