Accessibility links

پاشماوەی باڵندەیەکی زەبەلاح کە سێ مەتر درێژە و نیو تەن کێشەکەیەتی لە ئوسترالیا دەدۆزرێتەوە


زانایانی بواری شوێنەوارناسی ئوسترالیا ڕایانگەیاند کە پاشماوەی بەردبووی دوو قاچی باڵندەیەکی دێرینیان دۆزیوەتەوە کە پێشبینیدەکرێت 8 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لەسەر ڕووی زەوی ژیابێت.

شارەزایان دەڵێن پاشماوەکان دەگەڕێنەوە بۆ باڵندەی درۆمۆرنیس ستیرتۆنای (Dromornis stirtoni) کە باڵندەیەکی دەنوک زل و کەلەسەر بچووک بووە و مەزندە دەکرێت کێشی نیو تەن و درێژیەکەی سێ مەتر بووبێت.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەم جۆرە باڵندە قەبارە گەورەیە بە "ئامۆزای" باڵندە مۆدێرنەکانی وەکو مریشک و مراوی دادەندرێت.

تا ئێستا پاشماوەی باڵندەی زەبەلاحی درۆمۆرنیس ستیرتۆنی تەنها لە کیشوەری ئوسترالیا دۆزراوەتەوە. زانایان دەڵێن باڵندەکە توانای فڕینی نەبووە و پێشبینی دەکرێت ڕووەکخۆر بووبێت.

پاشماوەکان لە ناوچەی ئاڵیس سپرینگ لە ناوچەکانی باکوری ئوسترالیا دۆزراونەتەوە و شوێنەوارناسان لە ئێستادا سەقاڵی هەڵکۆڵینن بۆ دۆزینەوە تەواوی جەستەی باڵندەکە.

ئادەم یەتس، زانای بواری شوێنەوارناسی لە مۆزەخانە و گەلەری هونەری زانستەکانی زەوی لە ناوچەکانی باکووری ئوسترالیا، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی سایەنس ئەڵێرت ڕایگەیاندووە کە دۆزینەوەی پاشماوەی ئەو باڵندەیە زۆر دەگمەنە چونکە توانای وەچەخستنەوەی سنورداربووە، کە بریتیبووە لە تەنها یەک بۆ دوو جوجەڵە لە ساڵێکدا. وە لە هەمانکاتدا، جوجەڵەیەک پێویستی بە نزیکی 15 ساڵ بووە بۆ پێگەیشتوویی توانای وەچەخستنەوەی. زانایان دەڵێن ئەم خەسڵەتانە هۆکاربوون بۆ لەناوچوونی باڵندەکە دوای ئەوەی پلەی گەرما لە کیشوەری ئوسترالیا ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد.


سەرچاوە، سایەنس ئەلێرت

XS
SM
MD
LG