Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە لایەنە عێراقییەکان دەکات جیاوازییەکان وەلاوەنێن و گفتوگۆیەکی ڕاستەقینە دەستپێبکەن


نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق لە ڕاپۆرتێکیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووکەن گوتی " لە ماوەی ١٢ مانگی ڕابردوودا، تیشکمان خستووەتە سەر گرنگی پاراستنی ئارامی، پاراستنی هێشتنەوەی دیالۆگ، پابەندبوون بە دەستوور، ڕێزگرتن لە بنەما دیموکراسیەکان، کارکردنی بێ بەربەستی دامەزراوەکانی دەوڵەت و حکومەتێکی کارا بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر مامەڵە لەگەڵ داواکارییە ڕەواکاندا بکرێت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان، هەلی کار، ئاسایش، کۆتاییهێنان بە گەندەڵی، و دادپەروەری و لێپرسینەوە."

خاتو جنین پلاسخارت لە گوتارەکەیدا گوتی " بەڵام بەداخەوە ناتەبایی و یاریکردنی دەسەڵات بەسەر هەستکردن بە ئەرکی هاوبەشدا زاڵ بوو. وە لە ئەنجامی ڕاستەوخۆی بێهەڵوێستی سیاسی درێژخایەن، عێراق چەند ساتێکی زۆر سەخت و مەترسیداری بەڕێکرد."

ئاماژەی بەوەش کرد خەڵکی هەموو متمانەیەکیان بە دەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتەدا نەماوە و گوتیشی ئەوان وەکو نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی لە دیالۆگی نێوان لایەنەکان دەکەن و هەوڵێکی زۆریشیان داوە بەڵام ئەمە پێویسی بە " خواستی سیاسیی هەیە."

ڕایگەیاند هەموو لایەنەکان لە ماوەی دوای هەڵبژاردنەکاندا "هەڵەی ستراتیژی و لێکدانەوەی هەڵە"یان کردووە و دەرفەتی بەنرخیان لەدەستداوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان. و جەختی لەوە کردووە " لەگەڵ ئەوەی مەترسییەکانی ناکۆکی و خوێنڕشتنی زیاتر لە ئارادایە، مشتومڕکردن لەسەر ئەوەی کێ چی کردووە چیتر بژاردەیەک نییە."

گوتیشی ئێستا کاتی یەوەی هەموو سەرکردە عێڕاقییەکان بکەونە گفتوگۆوە و پێکەوە کرۆکی پێداویستییەکانی عێراق دەستنیشان بکەن و وڵاتەکە ڕزگاربکەن. واتە پێویستە هەموو سەرکردەکان " بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن و تیشک بخەنەوە سەر خەڵکی عێراق."

سەربارەت بە چارەسەریش خاتوو پلاسخارت تیشکی خستە سەر پێویستی "دیالۆگی ڕاستەقینە و لە کاتی خۆیدا" شانبەشانی ئامادەیی بۆ لەبەردانواندن. ئاماژەی بەوەشکردووە، پێکهێنانی حکومەتێکی کارا تەنیا هەنگاوی یەکەمە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئێستا.

دۆخی سیاسی عێراق و هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوە و دیالۆگی نیشتیمانی
please wait

No media source currently available

0:00 0:07:26 0:00

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەشی زیاد کرد کە دەبێت کۆمەڵێک پرسی گرنگ چارەسەر بکرێت، بە شێوەیەکی سەرەکی پەسەندکردنی بودجەیەکی فیدراڵی، لە کاتێکدا دەبێت کارەکان بەرەو گۆڕانکاری دەستپێبکات. ئاماژەی بە 20 ساڵی بەفیڕۆدانی دەرفەت کرد بۆ گفتوگۆی مانادار و چاکسازی زۆر پێویست لە عێراقدا و وتی سەرکردەکان دەبێت دان بەوەدا بنێن کە گۆڕانکاری بەبەرنامە بۆ داهاتووی وڵات زۆر گرنگە. هەروەها ئاماژەی بە گرنگی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی لە وڵاتەکەدا کرد.

لە بەشێکی وتەکانیدا خاتو پلاسخارت هێرشەکانی ئێرانی بۆ ناو هەرێمی کوردستان شەرمەزار کرد کە لە هەفتەی ڕابردوو کرایە سەر لایەنە ئۆپزسیۆنە کوردەکانی ئێران و دەیان کەس تیاید بوونە قوربانی.

پالاسخارت گوتی ئێران تورکیا ماوەیەکە بە بەردەوامی ناوچەکە تۆپباران دەکەن و ئەمەیان کردووەتە شتێکی "ئاسایی نوێ" بۆ عێراق و داوای کۆتاییهێنانی بەم "کردەوەیە بێباکانە"نە کرد کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی خەڵکی لە هەرێمی کوردستان.

XS
SM
MD
LG