Accessibility links

ڕاپۆرتەکان: ڕووسیا فەرماندەی ناوچەی سەربازی ڕۆژئاوای وڵاتەکە لە کارەکەی دووردەخاتەوە


دەزگای هەواڵی ئاڕ بی سی بڵاویکردەوە ڕووسیا فەرماندەی ناوچەی سەربازیی ڕۆژئاوای وڵاتەکەی لە کارەکەی دوورخستۆتەوە، ئەمەش لە نوێترین زنجیرەی دەرکردنی بەرپرسە باڵاکانی ڕووسیادا دوای شکستەکانی ڕووسیا لە گۆڕەپانی جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا.

ئاڕ بی سی بڵاویکردەوە کۆلۆنێڵ جەنەڕاڵ ئالیکساندەر ژوراڤلیۆڤ لادەبرێت و جەنەڕاڵ ڕۆمان بێردنیکۆڤ دەخرێتە شوێنی. هێشتا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەڕمی لەسەر گۆڕینەکە ڕانەگەیەندراوە کە لەلایەن ماڵپەڕە هەواڵییەکانی دیکەشەوە بڵاوکراوەتەوە.

ناوچەی سەربازی ڕۆژئاوا ڕووسیا یەکێکە لەو پێنج ناوچە سەربازییەی کە سوپای ڕووسیا پێکدەهێنن. هەواڵی دوورخستنەوەی ژوراڤلیۆڤ دوابەدوای شکستەکانی هێزەکانی ڕووسیا دێت لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و گرتنەوەی شاری لیمانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لەلایەن ئۆکرانییەکانەوە، لیمان ناوەندێکی گرنگی سەرەکی بوو بۆ ئەرکە لۆجیستییەکانی ڕووسیا و پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە باکووری هەرێمی دۆنێتسک.

هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی بەرگری ڕووسیا گوتی جێگری وەزیری بەرپرس لە ئەرکە لۆجیستیکییەکان جەنەڕاڵ دمیتری بولگاکۆڤ گۆڕدراوە.

لە مانگی هەشتدا دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی سەر بە دەوڵەتی ڕووسیا بڵاویکردەوە فەرماندەی کەشتیگەلی ڕووسیا لە دەریای ڕەش لە کارەکەی دوورخراوەتەوە، ئەوەش دوای شکستەکانی، لەوانەش نقومبوونی کەشتیە جەنگییە سەرەکییەکەی و لە دەستدانی هەشت فڕۆکەی جەنگی لە هێرشێکدا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی ڕووسیا لە کرایمییە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG