Accessibility links

جەلال تاڵەبانی، سەرکردەیەک کە دوای مردنیشی لایەنە ناکۆکەکان کۆدەکاتەوە


هەندێک لە لایەنە عێراقییە ناکۆکەکان کە نزیکەی ساڵێکە نەیانتوانیووە حکومەتێکی هاوپەیمانی پێکبهێنن ڕۆژی دووشەممە لە هەولێر لە هۆڵێکدا کۆبوونەوە بۆ یادکردنەوەی ساڵۆگەڕی کۆچکردنی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق جەلال تاڵەبانی.

کە لە ژیاندابوو، تاڵەبانی وەکو پردێک سەیردەکرا کە لایەنە ناکۆکەکانی عێراقی کۆدەکردەوە. بەڵام لە دوای مردنییەوە، پێنج ساڵ پێش ئێستا، ناکۆکییەکی قوڵ لەسەر پڕکردنەوەی پۆستەکەی دروست بووە.

جۆرێک لە ڕێکەوتنی نەنووسراو هەیە کە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پشکی کوردە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت ئەو پۆستە نابێت هەمیشە بدرێت بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە گوتارێکدا لە یادەکەی تاڵەبانی گوتی " بارەگای مام جەلال لە بەغدا ببووە شوێنی خاوکردنەوە و نە‌هێشتنی ناکۆکییەکان، بە نەمانی مام جەلال لە بەغدا، کۆڵەگەیەکی گەورەی تەوافوق لەدەست چوو، سەنتەرێکی سەرەکی گفتوگۆی سیاسی نەما، بە ڕادەیەک ئێستاش خەڵک و ‌هێزە عێراقییەکان هەستی پێدەکەن."

پاشان بارزانی گوتی بارودۆخێکی نوێی ئێستا لە هەرێمی کوردستان و عێراق دروستبووە کە دەخوازێت پارتی و یەکێتی بەو ڕێکەوتنەیاندا بچنەوە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی دابوو بە پارتی و سەرۆک کۆماری عێراقی دابوو بە یەکێتی.

بارزانی، کە مەدالیاکەی وێنەی جەلال تاڵەبانی لەسەر سنگ بوو، گوتی "پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئێستا و جارێکی دیکە پێویستیان بە ڕێککەوتنێکی نوێی هاوبەشە بە گوێرەی ئەم قۆناخە."

ئەم بۆچوونەی بارزانی نوێ نییە. چوار ساڵ پێش ئێستا پارتی هەمان هەڵوێستی هەبوو کاتێک ڕەتیکردەوە پاڵپشتی کاندیدی یەکێتی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆک کۆمار بکات. بەڵام سەرەڕایی دژایەتی پارتی، بەرهەم ساڵح بە دەنگی لایەنە عێراقییەکان سەرکەوتنی بەسەر کاندیدەکەی پارتی فوئاد حوسێندا بەدەستهێنا.

بەڵام یەکێتی دەڵێت ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژییە کە دوای شەڕی ناوخۆی ساڵانی نەوەتەکان دروست بوو هێشتا دەبێت کاری پێبکرێت. لە گوتارێکدا بەرهەم ساڵح گوتی عێراق بە بارودۆخێکی "یەکجار هەستیار و پڕکێشمە کێشمدا" تێپەڕدەبێت.

بەرهەم ساڵح گوتی، " لە هەرکات و ساتێک زیاتر پێویستی بە وردبینی لە بڕیار و هۆشمەندی بە هەنگاونان هەیە، پێویستی بە یەکهەڵوێستی و یەک ئیرادەیی و هاوئاهەنگی هێزە سیاسیی و نیشتمانییەکان و تەواوی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان هەیە."

لە یادەکەی تاڵەبانیدا لە سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی بە بەرهەم ساڵحیشەوە لە تەنیشتی یەک دانیشتبوون. سەرۆک وەزیرانی عێراق موستەفا کازمیش ئامادەی بۆنەکە بوو.

مردنی تاڵەبانی هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی نیشتمانی عێراق. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا تۆنی بلینکن لەم ڕۆژەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی "هانی سەرکردە عێراقییەکان دەدەین بۆ دەستپێکردنی دیالۆگێکی بنیاتنەر و گشتگیر بۆ زاڵبوون بەسەر بنبەستی پرۆسەی سیاسی و کارکردن بە ئاڕاستەی باشکردنی ژیانی عێراقییەکان."

هەرچەندە ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار یەکێکە لە هۆکارەکانی پەکخستنی پرۆسەی سیاسی وڵاتەکە بەڵام تاکە هۆکار نییە. شیعەکان لە نێو خۆیاندا ناکۆکن.

موقتەدا سەرد، کە کوتلەکەی زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، لە یادی رۆژی نیشتمانی عێراقدا بەیاننامەیەکی لە تویتەر "رۆژی نیشتمانی ڕاستەقینەی عێراق ڕۆژی چاکسازیی ڕاستەقینەیە بە بێ پاشکۆیی و پشکپشکێنە. بەبێ گەندەڵی و دەستوەردانی دەرەکی و گرووپە چەکدارەکانیش."

مەبەستی سەدر لە گروپە چەکدارەکان، گروپەکانی ناسراو بە حەشدی شەعبی بوون کە هاوکاری ئێران دوای دروستبوونی داعش دروستکران و پسپۆڕان ئەمڕۆ بە هەڕەشە بۆ سەر دیموکراسی سەیری دەکەن.

د. نەهرۆ زاگرۆس، مامۆستای زانکۆ لە هەولێر و لێکۆڵەر لە پەیمانگای گۆڵد لە واشنتن، دەڵێت "هۆکاری دەرەکی" ڕێگر بووە لە دروستبوونی ڕێکەوتن لە نێوان پارتی و یەکێتیدا لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار و بوارماوە بۆ ئەو دووپارتە بگەنە رێککەوتن.

د. نەهرۆ بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "ئایا مەحاڵە ئێستا [یەکێتی و پارتی] ڕێکبکەون لەسەر کەسێک و کاندیدی هاوبەشیان هەبێت، دیسانەوە مەحاڵ نییە. بەڵام ئێستا ئەولەویەت لە عێراق کێشەی سەرۆک کۆمار نییە. ئەولەویەتی عێراق کێشە لە نێو خودی ماڵی شیعەدا هەیە، بە کاندیدێکی یەکگرتوو، بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە پەرلەمان گرفتی عێراق چارەسەر نابێت. کۆی پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق لە ژێر هەڕەشەدایە."

XS
SM
MD
LG