Accessibility links

عومەر ئیلخانی زادە: له‌به‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌ ده‌ستمان نه‌داوه‌ته‌ كاری چه‌كداری ئه‌گه‌رنا زۆر شت ده‌كرێت و ده‌توانین بیكه‌ین


عومەر ئیلخانی زادە سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

عومەر ئیلخانی زادە سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت " هه‌رێمی كوردستان له‌بارەی چۆڵکردنی بارەگاکانمان‌ فشارێكی نه‌هێناوه‌ بۆ ئێمه‌، به‌ڵام بۆخۆیان له‌ژێر فشاردان، ئیلخانی زادە دەشڵێت" ئێمه‌ هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان بووین باره‌گامان بووه‌ دۆخی واقعی ئه‌وانیش ده‌زانین زۆرجاریش ئه‌وه‌مان (رعایه‌ت) ڕه‌چاوكردووه‌) ئه‌وه‌ش كه‌ ئێستا هێزی چه‌كدار نانێرینه‌وه‌ بۆ ئێران له‌به‌ر هه‌رێمی كوردستان و مه‌وقعیه‌تێكه‌ كه‌ هه‌یه‌تی، گوشاری حكومه‌تی ئێران له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان زۆره‌، دروسترین كاریش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وانیش هه‌وڵ بده‌ن ئه‌م كاره‌ ناڕه‌واییانه‌ی كۆماری ئیسلامی ئیدانه‌ بكه‌ن و دنیاش به‌رامبه‌ریان ڕابوه‌ستێت و سه‌روه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم و ده‌وڵه‌تی عێراقیش بپارێزرێت، سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەوەشی وت. " ئێمه‌ له‌ئێستادا هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی سه‌ربازیمان نابیت، چونكه‌ ئه‌وه‌ به‌ نادروست ده‌زانین، هەروەها ئێمه‌ له‌به‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌ ده‌ستمان نه‌داوه‌ته‌ كاری چه‌كداری بەرامبەر بە ئێران ئه‌گه‌رنا زۆر شت ده‌كرێت و ده‌توانین بیكه‌ین. "


" بناغه‌ی ده‌سه‌ڵات و توانایی كۆماری ئیسلامی له‌رزاندووه‌ بینیمان كه‌ حزبه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان له‌و بابه‌ته‌وه‌ پێشڕه‌و بوون توانیان كاریگه‌ری دابنێن"

لە سەرەتای قسەکانیدا سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕایگەیاند"
ئێمه‌ ماوه‌ی 43 ساڵه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵات و ڕژێمه‌دا ڕاوه‌ستاوین، گه‌لی كورد ئه‌زموونی زۆر زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه‌،وه‌ ئێمه‌ ئه‌و حزبانه‌ی له‌ ناوه‌ندی هاوكاری حزبه‌كانی كوردستانی ئێرانین له‌ پێشووشدا به‌رامبه‌ر به‌و ڕژێمه‌ ڕاوه‌ستاوین و ئێمه‌ ده‌یان جار هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیمان بوو، ئێستا ناوه‌ندی هاوكاری له‌م بابه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌ به‌رامبه‌ر به‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی كه‌ سه‌رانسه‌ری ئێرانی گرته‌وه‌ دوای كوشتنی (ژینا) ی جوانه‌مه‌رگ، هاتین پشتیوانیمان له‌ خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵک كردووه‌ و داوای مانگرتنێكی سه‌رانسه‌ریمان كرد له‌ كوردستان خه‌ڵک به‌هانامانه‌وه‌ هات، وه‌ ناڕه‌زایه‌تیش به‌رده‌وام بووه‌ جگه‌ له‌وه‌ كوردستان به‌ته‌نها نه‌مایه‌وه‌ ئه‌مجاره‌، به‌ڵكو هه‌موو خه‌ڵكی ئێران و هه‌موو شاره‌كان هاتنه‌ پشت سه‌ری ڕۆژ نییه‌ له‌ به‌شێک له‌ شاره‌كانی ئێران ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌ نه‌كرێت، زانكۆكان هه‌موو هاتوون و هه‌موو كه‌سایه‌تی كورد و ئێرانی و ته‌نانه‌ت ده‌ره‌كی و ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی له‌م بابه‌ته‌وه‌ هاتن به‌هانای ئه‌و خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌بینین دروشمی (ژن-ژیان-ئازادی) دروشمێكی سیكۆلار و پێشكه‌وتنخواز هه‌موو سه‌رانسه‌ری ئێرانیشی گرتۆته‌وه‌، وه‌ ژنان له‌ ناوه‌ڕاست و ناوه‌ندی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌دان بۆ یه‌كه‌مجاره‌ كه‌ حكومه‌تێكی دژه‌ ژنه‌ به‌ یاسای دژه‌ ژن 43 ساڵه‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ده‌كات فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌كه‌ی به‌ به‌ربه‌ره‌كانێ كێشرا، وه‌ بنه‌وان و بناغه‌ی ده‌سه‌ڵات و توانایی كۆماری ئیسلامی له‌رزاندووه‌ بینیمان كه‌ حزبه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان له‌و بابه‌ته‌وه‌ پێشڕه‌و بوون توانیان كاریگه‌ریی دابنێن، خه‌ڵكی كوردستان ئێستا له‌ ناوه‌ندی خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تیه‌كی دیموكراتیدایه‌ كه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری ئێراندا هه‌یه‌، وه‌ هاوبه‌سته‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئازه‌ری و تورک و عه‌ره‌ب و فارس و هه‌موو گه‌لانی تردا. "

" هێرشەکان بەردەوامییان هەیە "

عومەری ئیلخانی زادە ئاماژەی بە بەردەوامی هێرشەکانی ئێران کرد و وتی" هه‌ر ئه‌مڕۆش هێرشه‌كانی ئێران به‌رده‌وام بووه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ چه‌ند باره‌گایه‌كی ئێمه‌یان له‌ سنوره‌كان و لای هه‌ڵگورد موشه‌كبارانیان كردووه‌ موشه‌كیان لێداوین و زیانیش هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ هه‌تا ئێستا ئێمه‌ شه‌هیدمان نه‌بووه‌، له‌و بابه‌ته‌وه‌ ئاماده‌ییمان هه‌یه‌ و خۆمان پاراستووه‌، 6-7 بریندارمان بووه‌ چ له‌ موشه‌كبارانه‌كان و چ له‌و شتانه‌ی كه‌ له‌ شاخ ڕوویداوه‌. "

" ئێران هه‌تا بتوانێت هێرش ده‌كات و ده‌ست له‌هیچ شتێک ناپارێزێت"

ئیلخانی زادە ئەوەشی وت" من پێموایه‌ ئێران هه‌تا بتوانێت هێرش ده‌كات و ده‌ست له‌هیچ شتێک ناپارێزێت، وه‌ به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک كه‌ توانیوویه‌تی بۆ لێدانی ئێمه‌ و بۆ قه‌ڵاچۆكردنی بزوتنه‌وه‌ی كوردستان و گه‌لی كورد هیچ درێغی نه‌كردووه‌ پێویست ناكات بڵێین ئه‌وه‌ ئێستا هه‌ڕه‌شه‌یان كردووه‌ 43 ساڵه‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و ڕژێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ته‌نانه‌ت باقری ده‌ڵێت، ئێمه‌ كارمان به‌ ئه‌مه‌ریكایه‌كان نییه‌ و له‌گه‌ڵیان ده‌سازێن ڕێمانگه‌ڕێن له‌ كورد بده‌ین پێموایه‌ ئه‌وه‌یان بۆ ناچێته‌سه‌ر، وه‌ بینیمان له‌ به‌رامیه‌ر ئه‌وه‌دا هه‌ر ئه‌مڕۆ وه‌ڵامێكی گه‌وره‌یان له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان وه‌رگرته‌وه‌ كه‌ ناڕه‌زایه‌تی گه‌وره‌ له‌ زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێران بووه‌ و هه‌موو زانكۆكانی ئێران داخراون له‌ كوردستان قوتابخانه‌ و ئیداره‌ و زانكۆ هه‌موو جێیه‌ک داخران ئه‌وه‌ وه‌ڵامێكی تونده‌، نه‌ ئێمه‌ به‌ زۆریی چه‌كداری له‌ناوده‌چین ئایا به‌ ئه‌نفال گه‌لی كورد تیاچوو نه‌خێر گه‌لی كوردی سوورتر كرد ڕه‌وایه‌تی ئه‌و گه‌ل و خه‌باته‌ی زیاتر نیشاندا، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ و گوشارانه‌ی كۆماری ئیسلامی له‌وانه‌یه‌ بتوانێت له‌ جێگه‌یه‌ک زیان به‌ ئێمه‌ بگه‌یه‌نێت و داویشه‌تی، به‌ڵام كۆماری ئیسلامی ته‌خت و به‌خت و بناویانی هاتۆته‌ له‌رزه‌ و كه‌ دڵنیام ئه‌و قۆناغه‌ به‌ئاسانی تێناپه‌ڕێنێت."

" ئێمه‌ له‌ئێستادا هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی سه‌ربازیمان نابیت "

ئایا پلانتان هه‌یه‌ وه‌ڵامی ئه‌م هێرشانه‌ی ئێران بده‌نه‌وه‌ كه‌ له‌به‌رامبه‌رتان ئه‌نجام ده‌درێت؟
لە وەڵامدا عومەری ئیلخانی زادە وتی" ئێمه‌ له‌ئێستادا هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی سه‌ربازیمان نابیت، چونكه‌ ئه‌وه‌ به‌ نادروست ده‌زانین ئه‌وه‌ كۆماری ئیسلامیه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت بیكێشێته‌ كاردانه‌وه‌ی سه‌ربازی هێشتا ئێمه‌ له‌ ده‌وره‌ی ڕاپه‌ڕینی چه‌كدارانه‌ نین له‌ سه‌رانسه‌ری ئێراندا، پلانی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ بزوتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی دیكه‌ی گه‌لانی ئێران نزیک بێته‌وه‌ و هاوپه‌یمانی و یه‌كگرتوویمان زۆرتر بكه‌ین و په‌یوه‌ندی ئێمه‌ و ئۆپۆزیسیۆن زۆرتر بێت دوای ئه‌وه‌ی داواده‌كه‌ین دنیا به‌ده‌نگمانه‌وه‌ بێت، زۆر به‌داخه‌وه‌ له‌م بابه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریكا زۆر شل و خاو ئه‌و هێرشانه‌ی مەحکوم‌ كرد ناوی كوردی ڕۆژهه‌ڵات و حزبه‌ سیاسیه‌كان نه‌برد دڵنیام ڕۆژێكیش به‌وه‌ ده‌گه‌ن شه‌ڕی كۆماری ئیسلامی له‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌م بێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی خۆشیان بپارێزرێت ده‌بێت له‌گه‌ڵ حزبه‌ كوردییه‌كان و له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان په‌یوه‌ندی گه‌رم و گوڕ بگرن و چاره‌یه‌كی دیكه‌یان نابێت، ئێمه‌ش بۆ ئه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه‌ هه‌موو دنیا بێنینه‌ سه‌ر خه‌ت ئه‌وه‌ كارمانه‌ و زانراویشه‌ كه‌ ئێمه‌ هێزی چه‌كداریشمان هه‌یه‌ و كاری سه‌ربازیشمان هه‌یه‌ كاتی ئه‌وه‌ش دێت به‌ ڕاپه‌ڕینی چه‌كدارانه‌ ته‌خت و به‌ختی ئه‌و ڕژێمه‌ به‌ ته‌واوه‌تی تێكبچێت و هێزه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كانی بشكێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئێستا پێمانوایه‌ زۆر كاریگه‌ره‌ ئه‌و خه‌باته‌ سیاسی و جه‌ماوه‌رییه‌ ئه‌و ئاخێزه‌- ڕاپه‌ڕینه‌ گشتگیره‌یه‌ كه‌ هه‌موو كوردستان و ئێرانی گرتۆته‌وه‌ كه‌ له‌ هێزی تانک و موشه‌ک و هه‌موو ئه‌وانه‌ زیاتره‌ ئێمه‌ ده‌بینین شوره‌وی-یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ئه‌وكات به‌ چه‌كی ئه‌تۆمیه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئاخێزی جه‌ماوه‌ریدا ڕووخا. "

"ئێمه‌ له‌به‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ ده‌ستمان نه‌داوه‌ته‌ كاری چه‌كداری ئه‌گه‌رنا زۆر شت ده‌كرێت و ده‌توانین بیكه‌ین. "

سەبارەت بەوەی ئایا هه‌رێمی كوردستان فشاری له‌ ئێوه‌ كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی باره‌گاكانتان چۆڵبكه‌ن وه‌كو لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی ئێران؟
لە وەڵامدا سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان وتی "نه‌خێر هه‌رێمی كوردستان له‌و بابه‌ته‌وه‌ فشارێكی نه‌هێناوه‌ بۆ ئێمه‌، به‌ڵام بۆخۆیان له‌ژێر فشاردان، وه‌ ئێمه‌ هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان بووین باره‌گامان بووه‌ ئێمه‌ دۆخی واقعی ئه‌وانیش ده‌زانین زۆرجاریش ئه‌وه‌مان (رعایه‌ت) ڕه‌چاو-كردووه‌) ئه‌وه‌ش كه‌ ئێستا هێزی چه‌كدار نانێرینه‌وه‌ له‌به‌ر هه‌رێمی كوردستان و مه‌وقعیه‌تێكه‌ كه‌ هه‌یه‌تی كه‌ جه‌ختی بنه‌ڕه‌تیمان له‌سه‌ر خه‌باتی چه‌كدارییه‌ پێموایه‌ ئه‌وانیش ده‌زانن، به‌ڵام گوشاری حكومه‌تی ئێران له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان زۆره‌، دروسترین كاریش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وانیش هه‌وڵ بده‌ن ئه‌م كاره‌ ناڕه‌واییانه‌ی كۆماری ئیسلامی ئیدانه‌ بكه‌ن و دنیاش به‌رامبه‌ریان ڕابوه‌ستێت و سه‌روه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم و ده‌وڵه‌تی عێراقیش بپارێزرێت، ئێمه‌ له‌به‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ ده‌ستمان نه‌داوه‌ته‌ كاری چه‌كداری ئه‌گه‌رنا زۆر شت ده‌كرێت و ده‌توانین بیكه‌ین. "

" پێموانییه‌ هه‌رێمی كوردستان كات و ساتی هێرشكردنی زانیبێت "

ئایا پێشتر ئاگادار كرابوونه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م هێرشه‌ چڕانه‌ی ئێران كه‌ كراوه‌ته‌ سه‌رتان له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستان یان به‌رپرسه‌ حكومیه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌؟

لە وەڵامدا عومەری ئیلخانی زادە وتی"نه‌خێر چونكه‌ پێموانییه‌ هه‌رێمی كوردستان كات و ساتی هێرشكردنی زانیبێت، به‌ڵام ئێمه‌ش و هه‌رێمی كوردستانیش ده‌یزانی كه‌ ئێران له‌مێژ بوو خه‌ریكبوو هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌كرد و له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوو گورز له‌ ئێمه‌ بوه‌شێنێت بۆیه‌ ئێمه‌ش ئاماده‌ییمان بوو هه‌ر بۆیه‌ش توانیمان لانیكه‌م زیانی گیانیمان كه‌متر بێت. "


"پەیوەندیمان لەگەڵ خەڵکی ڕاپەڕیوو و خۆپیشاندەری ئێران هەیە "

ئیلخانی زادە جەختیکردەوە، پەیوەندییان لەگەڵ خەڵکی ڕاپەڕیوو و خۆپیشاندەری ئێران هەیە، لەو ڕووەوە وتی"ئێمه ‌په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ گه‌لی خۆمان هه‌یه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ نه‌پساوه‌ وه‌ک كۆمه‌ڵه‌، فراوانترین په‌یوه‌ندیشمان هه‌یه‌ بزوتنه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كان هه‌ین، به‌ڵكو ئێمه‌ له‌ شاری سنه‌ و ئیلام و كرماشان و سه‌قز و سابڵاخ و شنۆ و نه‌غه‌ده‌ و بۆكانین حزبه‌ سیاسیه‌كان له‌وێن و چڕترین په‌یوه‌ندیشمان له‌گه‌ڵ گه‌لی خۆمان هه‌یه‌. "

" ئه‌گه‌ر كاری واش بكات سه‌ركه‌شییه‌كه‌ تێیدا ده‌چه‌قێت و زیانی گه‌وره‌ش ده‌بینێت "

سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەدووری زانی ئێران لەمکاتەدا لە ڕێگای زەمینییەوە هێرش بکاتە سەر هەرێمی کوردستان، لەو ڕووەوە عومەر ئیلخانی زادە وتی"من پێموایه‌ ئه‌و (ماجراجویی- سه‌ركێشی) یه‌ ئێران ده‌خاته‌ نێو گێژاوێكی گه‌وره‌وه‌ نه‌ک له‌گه‌ڵ كوردی ئێران، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ باشوریش ڕووبه‌ڕوو ده‌بێتەوە، چونكه‌ ئێمه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ شاهێدی فراوانترین هاوسۆزی و پشتیوانی خه‌ڵكی شاره‌كان و ئه‌و شارۆچكانه‌ی كه‌ له‌ ئێمه‌ نزیكن بووین دڵنیام ئه‌و خه‌ڵكه‌ له‌ باشوریش به‌رامبه‌ریان ڕاده‌په‌ڕن سه‌ركه‌شی وا بۆ ئێران سه‌رناگرێت، ئێران ئێستا دۆخی وانییه‌ كه‌ بتوانێت له‌شكربكێشێت، ئێران خۆی شاره‌كانی پێ ڕاناگیرێت ئێستا خه‌یاڵی هه‌یه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی سنور بێت و له‌شكركێشی بكات! ئه‌گه‌ر كاری واش بكات سه‌ركه‌شییه‌كه‌ تێیدا ده‌چه‌قێت و زیانی گه‌وره‌ش ده‌بینێت. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:45 0:00


XS
SM
MD
LG