Accessibility links

ئەمەریکا بانگەشەکانی ئێران بۆ ئازادکردنی سامانە سڕکراوەکانی بە درۆ دەخاتەوە


میدیا حکومەتییەکانی ئێران ڕایانگەیاندوە لە کاتێکدا دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران لەگەڵ ئەمەریکا و زلهێزەکاندا تاکو ئیستا نەگەیشتوەتە ئەنجام، بەڵام لەگەڵ ئەمەریکا بە شێوەیەکی جیا لە ڕەوتی دانوستانە ئەتۆمییەکاندا خەریکی مامەڵەن بۆ پرسی ئازاد کردنی هاوڵاتیانی ئەمەریکا لە زیندانییەکانی ئێران و لە هەمان کاتیشدا بۆ ئازادکردنی سەرچاوە داراییە سڕکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە کۆریای باشوور.

ئاژانسی هەواڵی حکومەتی ئیرنا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاندبووکە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا دانوستانێکی چڕ بە نێوندگیری یەکێک لە وڵاتانی ناوچەکە سەبارەت بە ئازادکردنی زیندانیانی ئێرانی و ئەمەریکایی بەڕێوەچووە و هەروەها لە هەواڵەکەدا هاتووە کە حەوت ملیار دۆلار لە سامان و دارایی سڕکراوی ئێران لەو چوارچێوەیەدا ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە بۆ ئێران.

شایانی باسە کە هاوکاتی بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانە، هەواڵی ئازاد کردنی سیامەک نمازی هاوڵاتی ئێرانی-ئەمەریکایی بە شێوەی کاتی ڕاگەیەندرا و هەروەها باقەر نمازی، باوکی سیامەک کە ئێران قەدەغەی کردبوو لە ئێران بچێتە دەرێ، ڕێگای پێدراوە بە مەبەستی وەرگرتنی چاورەسەری پزیشکی گەشت بۆ دەرەوەی ئێران بکات .

بانگەشەکانی میدیای حکومەتی ئێران سەبارەت بە ئازادکردنی سامان و داراییە سڕکراوەکانی ئێران لە بەرامبەر ئازادکردنی زیندانیاندا، لە کاتێکدایە کە گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا لەو بارەیەوە ڕۆژی یەکشەممە بەتوندی ئەو بانگەشانەی ڕەتکردەوە.

گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی گوتی ڕاپۆرته‌كانی ئێران سه‌باره‌ت به‌ ئازادکردنی پارە بەرامبەر بە ئازادكردنی باقەر نمازی و ئازادكردنی سیامه‌ک نمازی به‌ ته‌واوی درۆیه‌.

کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندین جارێک گەیاندووە کە ئامادەی ئاڵوگۆڕی زیندانیانە لەگەڵ ئەمەریکادا، بەڵام بەرپرسانی ڕۆژاوا دەڵێن کۆماری ئیسلامی زیندانیان وەک بارمتە بە بەکاردەهێنێت.

XS
SM
MD
LG