Accessibility links

دەسەڵاتدارانی ئێران هەڕەشە لە خۆپیشاندەران دەکەن


هاوکاتی بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییەکان لە شارە جیاجیاکانی ئێراندا، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ محەمەد باقەر قاڵیباف سەرۆکی ئەنجومەنی یاسادانان و غوڵام حوسێن موحسینی ئێژەیی سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران کۆبوویەوە بۆ تاوتویی پرسە ناوخۆیی و نائارامییەکانی ئێران.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئیرنا کە ئاژانسی هەواڵگری فەرمی حکومەتی ئێرانە، ئیبراهیم ڕەئیسی، ڕۆژی یەکشەممە لە چوارەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای گەشەپێدانی کولتوری فیداکاری و شەهیدبووندا ڕایگەیاندوە کە فەرهەنگی فیداکاری و شەهیدبوون و بیرکردنەوەی بەسیجی وەک پێویستییەکی جەوهەری کۆمەڵگەی ئێرانە. سەرۆکی حکومەتی ئێران هەروەها جەختی لەوە کردوەتەوە کە ئەگەر کەموکوڕییەک لە بڵاوکردنەوەی کولتوری قوربانیدان و شەهیدبووندا بێتە ئاراوە، ئەوا بیرکردنەوە و بیروباوەڕی دیکە جێگەی دەگرێتەوە.

ڕەئیسی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دژی میدیاکانی دەرەوە وەستایەوە و گوتی "هەرچەندە لە ئێران پرسی مردنی خاتوون ئەمینی بە وردی بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و هەموو بەرپرسان جەختیان لەسەر کردۆتەوە، بەڵام دوژمن لە هەمان کاتدا بە ئامادەکردنی ڕێوشوێنی بەرفراوان و لە ڕێگای میدیاکانەوە هەوڵدەدات ڕای گشتی بەلاریدا بەرێت."

قسەکانی ڕەئیسی لەکاتێکدایە کە ساڵح نیکبەخت، پارێزەری ژینا ئەمینی لە دوایین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئێعتماد بە ئاماژەدان بە هاوکاری نەکردنی دەسەڵاتداران بۆ ڕوونبوونەوەی هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی ڕایگەیاندوە و گوتوێتی "بە پشتبەستن بە بەڵگەی تۆکمە، بۆمان دەرکەوت ئەو پۆلیسانەی ئاکار کە ژینایان دەستبەسەرکردوە، کامێرایان لەسەر جلوبەرگەکەیان هەبووە."

ئەو گوتیشی " کچی پووری ژینا کە لەگەڵ ژینا و براکەی بووە لەکاتی دەستبەسەربوونەکەیدا، لە پۆلیسەکان پاڕاوەتەوە کە ژینا دەستبەسەر نەکەن، بەڵام لە لایەن پۆلیسەکانەوە پێی گوتراوە کە لە دوور بوەستێت بۆ ئەوەی وێنەکەی لە کامێرای پۆلیسدا تۆمار نەکرێت"

نیکبەخت جەختی لەوە کردوەتەوە کە "پێویستە گرتە ڤیدیۆییەکانی ناو ئۆتۆمبیل و کامێرای ئەو کەسەی کە ژینای دەستبەسەرکردوە لەگەڵ ئەو ڤیدیۆیانەی کە لەو ناوچانەدا بوون بخرێنە ڕوو."

پارێزەری ژینا گوتیشی " بەڕای من و ئەو پزیشکە متمانەپێکراوانە و هەروەها ئەو زانایانەی کە ڕاوێژیان پێکراوە، بەدڵنیاییەوە ژینا پێش ئەوەی بگاتە ناوەندی دەستبەسەرکردنەکەی پولیسی ئاکار، لێی دراوە و هەروەها پێدەچێت لە ناوەندی دەستبەسەرکردنەکەشدا دووبارە لێی درابێت و زەرپەی بەرکەوتبێت."

میدیا ناوخۆییەکانی ئێران ڕایانگەیاندوە کە ئیسماعیل خەتیبزادە وەزیری ئاسایشی ئێران و هەروەها حوسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران ڕۆژی یەکشەممە هەڕەشەیان لە خۆپیشاندەران کردوە و گوتویانە خۆپیشاندەران ژمارەیەکی کەم لە گەنجانەن کە سەر بە گرووپە تیرۆریستییەکان و ئیستکباری جیهانین.

بە گوتەی زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و چالاکوانانی تۆڕی تویتەر، پێدەچێت حکومەت بییەوێت لە ژێر ئەو تۆمەتانەی کە دەیداتە پاڵ خۆپیشاندەران، لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ کونتڕۆڵی ناڕەزایەتییەکان دەست بداتە سەرکوتێکی توندی خەڵک، بەتایبەتی لەناو کەمایەتییە نەتەوەییەکانی ئێراندا کە پێشتریش بەو تۆمەتانە دەستی داوەتە سەرکوتکردنیان، وەک ناوچە کوردییەکان و شاری زاهیدان کە تاکو ئیستاش زۆرترین کوژراو و دەستبەسەرکردنەکان لەو ناوچانەدا بوون.

XS
SM
MD
LG