Accessibility links

ناڕەزایەتییەکان و مانگرتن لە شارە کوردییەکان لە ئێران بۆ ١٦هەمین ڕۆژ بەردەوامە


بە پێی هەواڵەکان و ئەو گرتە ڤیدیویانەی لە تۆڕەکاندا بڵاو بووەتەوە، خۆپیشاندەران لە ١٦هەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکەی ئێراندا بەردەوامن لە خۆپیشاندان.

سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە خۆپیشاندەران لە شەقامەکانی تاران، مەهاباد، تەبرێز، ڕەشت، بەندەر عەباس و زۆرێک لە شارەکانی دیکەی ئێران بە گوتنەوەی دروشمەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی هاتونەتەوە ناو شەقام و بازاڕەکانەوە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە چەند زانکۆیەکی ئێران گۆڕەپانی ناڕەزایەتی خوێندکاران لەدژی کۆماری ئیسلامی بوون.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی یەکەی تایبەت بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە زۆربەی شارەکاندا و لەوانەش شارە کوردنشینەکان جێگیر کراون.

ڕۆژی شەممە شارە کوردنشینەکان لە پارێزگای کوردستان، ئازەربایجانی رۆژئاوا، ئیلام و کرماشان لە سەر بانگەوازی حیزبە سیاسییەکانی کورد بۆ مانگرتنی گشتی، زۆربەی بازار و دوکانەکانیان داخستبوو.

بازاڕەکان ڕۆژی شەممە لە ناوچە کوردنشینەکاندا بە ڕۆژ داخران و ئێوارەش گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکان دەستی پێکرد، هاوکاتی خاوبوونەوە و سنوردارکردنی هێلەکانی ئینتەرنێتدا، بەڵام ڤیدیۆی زۆری گردبوونەوەی شارەکان بڵاو بوونەوە.

لە مەهاباد، مەریوان و سنە هێزەکانی ئاسایش تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە و بە پێی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەنگاو ڕۆژی شەممەش بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کەسێک بە ناوی موختار ئەحمەدی خەڵکی مەریوان کوژراوە و بە لانیکەمەوە ١٥ کەسیش دەستبەسەرکراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندوە کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێراندا کە تاکو ئێستا بەردەوامن، بە لانیکەمەوە ٢٠ کەس لە شارە کوردنشینەکاندا کوژراون و ناسنامەیان لە لایەن ئەو ڕێکخراوەیەوە پشتڕاستکراوەتەوە و ٧٨٥ کەسیش دەستبەسەرکراون.

لە ڕۆژی ١٧ی مانگی ٩وە و دوای بە خاک سپاردنی ژینا ئەمینی، ئەو کچە لاوەی خەڵکی سەقز کە لە ژێر دەستی پولیسی ئاکاری ئێراندا گیانی سپارد، زۆربەی شارەکانی ئێران بوون بە گوڕەپانی ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە دژی حیجابی زۆرەملێ و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

XS
SM
MD
LG