Accessibility links

راوێژکاری سەرۆک کۆمار: خۆپیشاندانەکانی ئێران کاریگەرییان لەسەر هاوکێشە سیاسیەکانی عێراق هەیە


ئیسماعیل حەدیدی راوێژکاری سەرۆکایەتی کۆماری عێراق
ئیسماعیل حەدیدی راوێژکاری سەرۆکایەتی کۆماری عێراق

راوێژکارێکی سەرۆک کۆماری عێراق رایدەگەیەنێت، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی نێو ئێران، کاریگەری گەورەیان لە سەر دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق دەبێت، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە خۆپیشاندەرانی عێراق و ئێران لە ژێر کاریگەری یەکتریدان.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئیسماعیل حەدیدی راوێژکار لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، دەڵێت"ئێران کاریگەری گەورەی لە سەر عێراق هەیە، بۆیە خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە بێ کاریگەری نابن لەسەر خەڵکی عێراق، گەر خۆپیشاندانەکانی ئێران بەردەوام بن، ئەمە دەبێتە فاکتەری جوڵێنەر بۆ پاڵنانی گەنجانی عێراقیش."

بەپێی وتەی ئیسماعیل حەدیدی، خۆپیشاندانە نێوخۆییەکانی ئێران، کاریگەریان لەسەر دانوستانی نێوان لایەنە عێراقیەکانیش هەبووە، چونکە ئێران ئامادەگییەکی گەورەی لە ناو هاوکێشە سیاسیەکانی عێراق هەیە.

دەربارەی هەڵوێستی تازەی ڕەوتی سەدر لە دوای خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی ئێران، راوێژکارەکەی سەرۆکایەتی کۆمار دەڵێت"هەڵوێستی سەدر نەگۆڕاوە، هەرچەندە خۆپیشاندانی رۆژی شەممەی تشرینییەکان بەهێز نەبوو بە هۆی بەشداری نەکردنی لایەنگرانی سەدر، بەڵام گەر پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆببێتەوە، ڕەنگە سەدر پەنا بباتەوە بۆ شەقام."

لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئیسماعیل حەدیدی راوێژکار لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، وتی"تا ئێستا پارتی و یەکێتی ڕێکنەکەوتوون، ڕەنگە کێبەرکێکە ببەنە نێو پەرلەمان، هەرچەندە باسیش لە موفاجەئە و رێککەوتن لە دوا ساتەکاندا دەکەن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:08 0:00

XS
SM
MD
LG