Accessibility links

پسپۆڕێکی ناسراوی ئەمەریکا پێشنیاری ناردنی چەک بۆ پارتە کوردییەکانی ئێران دەکات


لەدوای هێرشی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەم دواییەی حکوومەتی ئێران لە نزیک کۆیە، دەیڤید رۆمانۆ، پسپۆڕی دیاری کاروباری کورد پێشنیاری ناردنی چەک لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە بۆ گروپە شەرعیەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە عێراق دەکات .

رۆمانۆ، کە نوسەری دوو کتێب و دەیان گوتارە لەسەر کورد، بە دەنگی ئەمەریکای گوت: "هەر جارێک ئێران ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر گروپە شەرعیەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە عێراق دەست پێ دەکات، رەنگە ئیدارەی بایدن بیر لەوە بکاتەوە کە چەکیان بۆ بنێرێت و ئەم کارە زۆر بە نهێنی نەکات، لەنێویاندا ئامرازەکانی بەرگریکردن لە خۆیان لە دژی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران."

ڕۆمانۆ لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ، "پارتە کوردیەکان سەرەڕای ئەوەی کە پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێستا دەکەن، کاریگەری و دەسەڵاتی ئەوەیان نییە خۆپیشاندانی جەماوەری هێندە گەورە دروستبکەن. ئەو دەڵێ ئەو مانگرتنانەی کە لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە دەستی پێکردووە تەنیا ڕێگایەکە بۆ دوورخستنەوەی سەرنج لە پرسە ڕاستەقینەکانی دەست و کوشتنی خەڵکی مەدەنی بێتاوان.

رۆمانۆ گوتی "ڕاستییەکەی ئەوەیە کە حیزبە کوردییەکانی ئێران کاریگەری و دەسەڵاتی ئەوەیان نییە تەنانەت لەناو کوردستانی ئێرانیشدا ناڕەزایەتی جەماوەری بوروژێنن، نەوەک بەشەکانی دیکەی ئێران. ئەوان بەرپرسیار نین لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران، هەرچەندە بە شێوەیەکی سروشتی پشتیوانییان دەکەن. مووشەک و هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە سەرکردایەتی ڕژێم لە تاران لە دژی کۆیە و لە نزیک سلێمانی هاوێشتنی ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی کوشتووە بێ هەبوونی هیچ هۆکارێکی باش."

دوابەدوای مردنی جینا ئەمینی (کە بە مەهسا ئەمینیش ناسراوە) بەهۆی نەپۆشینی حیجابێکی تەواوە، ئێران ڕاپەڕینێکی جەماوەری بەخۆیەوە بینیوە کە ژنان لە پێشەوەین. لە زیاتر لە دەیان شاردا ژنان و پیاوان ناڕەزایەتیان دەربڕیوە بەرامبەر بە یاسای ئیجباری حیجاب بە داکەندنی لەچکەکانیان لەبەردەم خەڵکدا و سوتاندنی.

رۆژی چوارشەممە، جەیک سەلیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، سەرکۆنەی هێرشی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی کرد بۆ سەر هەرێمی کوردستان. گوتی واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی سزاکان و رێگەی دیکە بۆ رێگەکردن لە چالاکییە "ناسەقامگیرکەرەکان"ی تاران.

سەلیڤان لە بەیاننامەیەکدا گوتی"ئێران ناتوانێت تاوانبارکردن لە کێشە ناوخۆییەکانی و ناڕەزاییە ڕەواکانی دانیشتووانەکەی لابدات بە هێرشەکانی ئەودیوی سنوورەکانی." هەروەها گوتی: "بەکارهێنانی ئاشکرای مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە دژی دراوسێکانی" لەلایەن تارانەوە جێگەی قبوڵکردن نییە.

ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو پشتراستی کردەوە کە هاووڵاتییەکی ئەمریکی لە دواین هێرشەکانی ئێراندا کوژراوە.

هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ناسراو بە سێنتکۆم) بڵاویانکردەوە کە فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان خستۆتەخوارەوە.

XS
SM
MD
LG