Accessibility links

بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکەوە لە قوتابخانەیەکی کابول دەیان خوێندکاری کچ و کوڕ کوژران و برینداربوون


سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی تەقینەوەی بۆمبێکی بەهێز پۆلێکی پڕ لە خوێندکاری لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان خاپورکرد و لانیکەم 19 خوێندکار کوژران و 27 کەسی دیکەش برینداربوون.

قوربانیانی ڕووداوەکە بریتین لە کچە خویندکارەکان؛ شایەتحاڵان و بەرپرسانی پۆلیس ڕایانگەیاند کە تەقینەوەکە لەناو سەنتەری پەروەردەی کەج لە ناوچەی داش بەرچی ڕۆژئاوای شارەکە ڕوویداوە کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی شیعەمەزهەبی هەزارەن.

خالید زادران وتەبێژی پۆلیسی کابول ئەو تەقینەوەیەی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاست کردەوە و هاوکات سەرزەنشتی توندوتیژیەکانی کرد. گوتیشی؛ هێزە ئاسایشییەکانی تاڵیبان گەیشتوونەتە ناوچەکە و لێکۆڵینەوەش لە ئارادایە.

زادران گوتیشی "خوێندکاران خەریکی ئامادەکاری بوون بۆ تاقیکردنەوەی وەرگرتن کاتێک خۆکوژێک خۆی کێشا بە ناوەندی پەروەردە، بەداخەوە تا ئێستا 19 کەس گیان لەدەستداوە و 27 کەسی دیکەش برینداربوون."

ڕزگاربووان بە میدیا ناوخۆییەکانیان ڕاگەیاندووە، 400 کوڕ و کچ لەو ناوەندە پەروەردەییەدا بوون، بەپێی ڕێنماییەکانی تاڵیبان بە پەردەیەکی ئەستور لەیەکتر جیاکراونەتەوە، ، ئەوان سەرقاڵی ئەنجامدانی تاقیکردنەوە بوون بۆئەوەی لە زانکۆ وەربگیرێن، کاتێک بۆمبەکە تەقیوەتەوە. ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە زۆر زیاترە.

بەرپرسێکی ناوەندی پەروەردەی کەج نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە کە لانیکەم 25 خوێندکار کوژراون و 35 خوێندکاری دیکەش برینداربوون.

هیچ لایەنێک دەستبەجێ بەرپرسیارێتی بۆردومانەکەی لە ئەستۆ نەگرت.

لە ڤیدیۆ و وێنەکانی سۆشیال میدیادا دەرکەوتووە کە قوربانییەکان شەڵاڵبوون لە خوێندا و لە شوێنی ڕووداوەکە دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی نزیک لە ڕووداوەکە.

سەرۆکی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی ئەمەریکا لە ئەفغانستان هێرشەکەی رۆژی هەینی شەرمەزار کرد و ئاماژەی بەوەشکردووە کە "بە ئامانجگرتنی ژوورێکی پڕ لە خوێندکاران کە تاقیکردنەوە ئەنجام دەدەن شەرمەزارییە؛ دەبێت هەموو خوێندکاران بتوانن بە ئاشتی و بەبێ ترس بخوێنن لە قوتابخانەکاندا."

کارێن دێکەر بەرپرسی کار لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند "هیوادەخوازین بە خێرای قوربانییەکان چاکببنەوە و هاوخەمی بنەماڵەی کوژراوەکانین و خەمبارین."

یونیسێف دەڵێت " ئەو هێرشە ترسناکەکە تووشی شۆک بووین" و توندوتیژی لە ناو دامەزراوە پەروەردەییەکان یان دەوروبەری "هەرگیز قبوڵکراو نییە."

یونیسێف لە هەژماری تایبەتی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویانە "ئەم کارە قێزەونە بووەهۆی گیان لەدەستدانی دەیان کچ و کوڕی نەوجەوانی ئەو وڵاتە و چەندین کەسی دیکەش بە سەختی برینداربوون."

گروپی دەوڵەتی ئیسلامی کە بە لقی خۆراسانی داعش ناسراوە، پێشتر بانگەشەی شانازی کردووە بۆ پیلانگێڕی لەو جۆرە هێرشانە لە ناوچەکەدا و لە شوێنەکانی دیکەی ئەفغانستان.

داعش چالاکییە توندڕەوەکانی لە وڵاتەکەدا چڕکردووەتەوە لەو کاتەوەی تاڵیبان لە مانگی 8 ی ساڵی ڕابردوودا دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت، کاتێک هەموو هێزە بیانییەکان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا دوای نزیکەی 20 ساڵ لە شەڕ و ململانێکانی ئەفغانستان کشانەوە.


XS
SM
MD
LG