Accessibility links

کۆریای باشوور و ئەمەریکا و ژاپۆن مەشقی سێ قۆڵی ژێردەریایی ئەنجام دەدەن


کەشتییە جەنگییەکانی کۆریای باشوور و ئەمەریکا و ژاپۆن ڕۆژی هەینی یەکەم مەشقی سێ قۆڵی دژە ژێردەریایییان لە ماوەی پێنج ساڵدا دەستپێکرد، دوای ئەوەی کۆریای باکوور لەم هەفتەیەدا تاقیکردنەوەی مووشەکی نوێکردەوە وەک وەڵامێکی ڕواڵەتی بۆ مەشقی دوولایەنەی هێزەکانی کۆریای باشوور و ئەمەریکا.

پێنج مووشەکی ئەم دواییەی کۆریای باکوور کە یەکەم تاقیکردنەوەی لەو جۆرەیە لە ماوەی مانگێکدا، لە کاتێکدا بوو کە کاملا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی کۆریای باشووری کرد و پابەندبوونی ئەمەریکای بە ئاسایشی هاوپەیمانە ئاسیاییەکان دووپاتکردەوە.

بەپێی بەیاننامەیەکی هێزی دەریایی کۆریای باشوور، مەشقەکانی هەرسێ وڵات بۆ ماوەی یەک ڕۆژە و لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی نیمچە دوورگەی کۆریا بەڕێوە دەچێت کە مەبەست لێی ڕووبەڕووبوونەوەی هەنگاوەکانی کۆریای باکوورە بۆ پێشخستنی توانای تەقاندنی مووشەک لە ژێردەریاییەکانەوە.

کۆریای باکوور خەریکی دروستکردنی ژێردەریایی گەورەترە لەنێویاندا ژێردەریایییەکی بەهێزی ئەتۆمی و تاقیکردنەوەی مووشەکی ئاڵۆز کە ئەوە پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ ڕکابەرەکانی چونکە قورسترە پێشوەختە ئەو مووشەکانەی کە لە ژێر ئاودا هەڵدەدرێن دەستنیشان بکرێت.

کاربەدەستانی کۆریای باشوور لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو ڕایانگەیاند ئاماژەکانیان دۆزیوەتەوە کە کۆریای باکوور ئامادەکاری دەکات بۆ تاقیکردنەوەی مووشەکێک لە ژێر دەریاییەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، مەشقەکانی ڕۆژی هەینی بریتین لە کەشتی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس ڕۆناڵد ڕیگان کە بەهێزی ئەتۆمی کاردەکات و هەروەها فڕۆکە تێکشکێنەرەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور و ژاپۆن.

سەرچاوە: AP

XS
SM
MD
LG