Accessibility links

لە درێژەی دەستبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی لە ئێران بەیان عەزیزی لە شاری سنە دەستبەسەر دەکرێت


بەیان عەزیزی
بەیان عەزیزی

بەیان عەزیزی، چالاکی مافەکانی ژنان، شاعیر و نووسەر، ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری سنە دەستبەسەر دەکرێت.

بە پێی هەواڵێکی ڕێکخراوی هەنگاو، لە درێژەی شەپۆلەکانی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کە لە دوای دەسپێکی ناڕەزایەتییە گشتییەکانی ئەو وڵاتە دەستیپێکردوە، بەیان عەزیزی کە چالاکێکی مافەکانی ژنانە شاری سنە دەستبەسەر کراوە.

عەزیزی کە خوێندکاری دکتۆرایە لە یاسای نێودەوڵەتی و توێژەری مافەکانی مرۆڤ و ژنانە، ساڵانێکی زۆرە لە بواری کوشتن لە ژێر ناوی شەرەف و توندوتیژی خێزانییەدا کاردەکات.

هەروەها دوو ڕۆژ پێش ئێستا هەنگاو ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و گوتی لە میانەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی شارە کوردنشینەکانی ئێراندا لە دژی کوشتنی ژینا ئەمینی دەیان ژنی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر کراون و تا ئێستاش ئەو ڕێکخراوەیە ناسنامەی 52 کەسیانی پشتڕاستکردوەتەوە.

ئەو ڕێکخراوەیە ڕایگەیاندوە کە لانی کەم 4 لەو ژنانەی کە دەستگیرکراون نەوجەوانن و تەمەنیان لە خوار 18 ساڵە کە ناوەکانیان بریتین لە ئیلاهە مۆمنی تەمەن 16 ساڵ، نیلوفەر قازی تەمەن 17 ساڵ، سارا شیردڵ تەمەن 18 ساڵ خەڵکی ئیلام و هەروەها ئایدا دەروێشی تەمەن 17 ساڵ خەڵکی شاری پاوە.

خۆپیشاندانەکان لە ئێران ماوەی دوو هەفتەیە بەردەوامن و هۆكاری ده‌ستپێكردنی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانیش گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی بوو کە بە گوتەی شایەتحاڵان بە هۆی توندوتیژی پولیسی ئێرانەوە گیانی بەختکردوە.


XS
SM
MD
LG