Accessibility links

ئێران لە هێرشەکانی بۆ سەر بارەگای حزبە کوردییەکان بەردەوامە


ئەندامێکی باڵای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە چەند بارەگایەکیان بۆردومان کراوە و زیانی گیانی و ماددی هەبووە بەڵام وردەكاری لەبەردەستدا نییە."

ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران ئیرنا بڵاویكردەوە، سوپای پاسداران بە مووشەک و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشی كردۆتە سەر ئامانجە چەكدارەكانی ناوچە كوردنشینەكانی باكوری عێراق.

ئێران پێیوایە هێزە كوردییەکان تاوانبارن به‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ نائارامییه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ به‌ تایبه‌تی له‌ باكوری ڕۆژئاوا كه‌ زۆرینه‌یان کوردن و نزیکەی 10 ملیۆن كوردی ئێرانی لێ ده‌ژین و دانیشتوانی ئەو شارانە خۆپیشاندانی ناڕازییان بەرپاکردووە.

سوپای پاسداران دوای هێرشەکان ڕایگەیاند کە بەردەوام دەبن لە بە ئامانجکردنی ئەو کەسانەی کە بە تیرۆریست لە ناوچەکەدا ناویان دەبەن.

سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا کە لە کەناڵی تەلەفزیۆنی دەوڵەتیەوە بڵاوکراوەتەوە دەڵێت "ئەم ئۆپەراسیۆنە بە ئیرادەیەکی تەواومان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی هەڕەشەکە بە شێوەیەکی کاریگەر بەرپەرچ دەدرێتەوە و بنکەکانی ئەو گروپانەی بە تیرۆریست ناویان دەبات هەڵدەوەشێنرێنەوە و دەسەڵاتدارانی ناوچەی کوردی ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ دەگرن."

هاوکات خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێران زیاتر گوشاری بۆ سەر دەوڵەت دروستکردووە.

ئاژانسی هەواڵی عێراق بڵاویكردەوە، یەكێتی نیشتمان كوردستان كە یەكێكە لە دوو حزبی باڵادەستەکەی باكوری عێراق، بۆردومانكردنی ناوچەكانی كوردستانی عێراق لەلایەن ئێرانەوە شەرمەزار كرد.

مەرگی ژینا ئەمینی ئەو کچە کوردە لاوەی لە دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە گیانی لە دەستدا، خۆپیشاندانی بەرفراوانی لە شەقامەکانی ئێراندا بە دوای خۆیدا هێناوە لە دژی دەسەڵاتدارانی ئێران دوابەدوای ناڕەزایەتییەکانی دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و سوتەمەنی لە ساڵی 2019.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG