Accessibility links

نۆزدە ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی بێ ئاگایی خۆیان لە پڕۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ڕاگەیاند


یاسای بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان ئەو یاسایەی زۆرترین کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا، بەشێکی زۆر لە مامۆستایانی ئاینی و هاووڵاتیان ڕەخنەی توندیان لە یاساکە گرت بەوەی کە لەگەڵ بنەماکانی ئاینی ئیسلام و بەشێکیش دەڵین لەگەڵ یاسا کۆمەڵایەتیەکان و عورفی کۆمەڵگادا ناگونجێت.

لە ئێستادا پڕۆژە یاساکە لە قۆناغی پێشنیاردایە و داوا دەکرێت ڕێگە نەدرێت لە پەرلەمان پەسەند بکرێت، لەو بارەیەوە 19 ڕێکخراوی مەدەنی لە شاری سلێمانی ڕایانگەیاند پڕۆژە یاساکە بێ ئاگاداری ئەوان هەموار کراوەتەوە هەرچەندە پێیان وایە پڕۆژەکە دژی یاساکانی ئاینی ئیسلام و دەستور نیە، ئەمە بەدەر لەوەی یاساکان تازە نین بەڵام ناهۆشیاری لەلایەن خەڵك و پەرلەمانتارانیش هەیە لەسەر یاساکە، بۆیە ئەو دەنگدانەوەیەی دروست کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵین پڕۆژە یاساکە پێشنیاری بەشێک لەحزبەکانی سەر بە دەسەڵاتە و ئەوان ئاگاداری پڕۆژەکە نەبوون ، بەڵام لە ڕێگەی میدیای دەسەڵاتەوە تاوانبار دەکرێن.

شۆخان ئەحمەد
شۆخان ئەحمەد

لەوبارەیەوە پارێزەر شۆخان ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان ڕایگەیاند ئەم پڕۆژەیەی ئێستا لە پەرلەماندا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت پڕۆژەی ڕێکخراوەکان نیە و ئێمەی پێ تاوانبار دەکرێین، هەرچەندە ئێمە دژی یاساکە نین بەڵام تێبینیشمان هەیە لەسەری.

" ئێمە ئەمڕۆ باسی ئەوەمان نەکردووە کە لەگەڵ ئەو یاسایەین یان لەگەڵی داین، بەڵام ئێمە باسی ئەوەمان کرد کە ئەم پڕۆژە یاسایە هی ئێمە نەبووە و لە ناوەرۆکیشدا هەمان ئەو بابەت و تاوانانەیە کە لە یاسای توندوتیژی خێزانیدا دانراوە، بۆیە ئێمە دژی یاساکە نین بەشێوەیەکی گشتی، بەڵام هەندێ ڕێکاری قانونی هەیە کە پێویستی بەوەبوو دیاریتر و سنوردارتر بکرێت، بۆ ئەوەی لە کاتی جێبەجێکردندا کێشەی لێ دروست نەبێت، ئێمە بە شێوەیەکی گشتی دژی پڕۆژە یاساکە نین بەوەی کە دژی شەرع بێت یاخود دژی هەڵوەشاندنەوەی خێزان بێت، بەڵام بە گشتی پڕۆژەکە فکرەی ڕێكخراوەکان نەبووە تا داکۆکی لێبکەین و شەڕی بۆ بکەین، بەڵام دواجار بەبەشێک لە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی دەزانین بۆیە مەبەستمانە ئەگەر بەم کەموکورتیەوە لە پەرلەمان دەیانەوێت ئیشی لەسەر بکەین، داوا دەکەین ئیشی لەسەر نەکرێت و بوەستێنرێت بۆ ئەوەی ئیش بە یاسا کۆنەکە بکرێت."

ئەو پارێزەرە ئاماژە بەوە دەکات پڕۆژە یاساکە 11 ساڵە هەیە بەڵام سەیر لەوەدایە کاتێک ئەمساڵ یاساکە خرایەوە بەر هەموار، پەرلەمانتاران پێیان وابوو پڕۆژەکە تازەیە ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ناهۆشیاریەکی زۆر بە گشتی لەسەر پڕۆژە یاساکە هەیە، دەشڵێت پێیان وانیە دژی بنەماکانی ئاینی ئیسلام بێت.

" ئێمە لەوەیا توشی شۆک بوین کە ئەم یاسایە، خۆی لە ساڵی 2011 ەوە هەیەو چەند قۆناغێکی تێپەڕاندبوو، بەڵام کاتێک کە بینیمان لە هۆڵی پەرلەمان جارێکی تر کە خوێندنەوەی بۆ دەکرا پێیان وابوو، کە ئەمە یەکەم جارە ئەم شتانە باس دەکرێت ویەکەم جارە دێتە ناو یاساکان و کۆمەڵگەی کوردیەوە، بۆیە بەداخەوە ئێمە هەستمان بەوە کرد کە ئێمە نەمانتوانیوە وەک پێویست هۆشیاری بڵاو بکەینەوە لەناو کۆمەڵگا و ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانەی ئێستا ئیش لەسەر دانانی یاسکە دەکەن.

بەپێی بەدواداچوونمان لەگەڵ چەندین دادوەر کە لە بواری قەزائی وشەرعی شارەزاییان هەیە، بەپێی خوێندنەوەی خۆشمان بۆ یاساکە هەموو ئەو بابەتانەی دانراوە هیچی دژایەتی ڕاستەوخۆی تێدا نیە لەگەڵ ئیسلام و دەستور بەڵکو کۆمەڵیک گۆڕانکاریە، بە نمونە بابەتی لێدان دەمێکە لە یاسای ئەحوال شەخسیدا نیە، بابەتی تەئدیبی مێرد بۆ ژن گۆڕانکاری بەسەر هاتووە و وەستێنراو."

کارزان فازل
کارزان فازل

هەر سەبارەت بە پڕۆژە یاساکە پارێزەر کارزان فازل سەرۆکی ڕێکخراوی DHRD دەڵێت ئەوەی کراوە هەڵوەشاندنەوەی یاسا کۆنەکەیە کە نەدەبو بکرێت چونکە یاسا کۆنەکە یەکێکە لە دەستکەوتەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، نەتەوە یەکگرتوەکان داوای لە عێراق کردووە چاو لەو پڕۆژە یاسایەی هەرێمی کوردستان بکەن.

" ئەو بابەتەی ناویان ناوە پێشنیار تەبعەن پێشنیاری هەموار کردنەوە ئەسڵەن هەموار کردنەوە نیە، بەڵكو ئیلغای قانونە کۆنەکەبووە، کە ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین ئەو قانونە کۆنە تاریخێکە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمە نوقتەیەکی ئیجابی بووە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، زۆر جار لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکاندا، لەو خولی گشتگیریەی کە بۆ عێراق و زۆر وڵاتی تری دنیا دەکرێت لە نەتەوە یەکگرتوەکان چوار ساڵ جارێک، هانی عێراق دەدرێت کە چاو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت و یاسایەک دەربچێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی وەک یاساکەی هەرێمی کوردستان بێت، واتە وەک نوقتەیەکی سلبی بەسەر عێراقەوە باسی دەکەن."

ئەو پارێزەرە ئاماژە بەوە دەکات لە لایەن بەشیکی زۆری ڕاگەیاندنەکان تەشهیر و سوکایەتیان پێدەکرێت و تاوان بار دەکرێن بە دەرچوونی یاساکە لە کاتێکدا ئەوان ئاگایان لە پڕۆژە یاساکە نیە.

" یاسایەک هاتووە بە پڕۆسەیەکدا پرس بە ڕێکخراو نەکراوە و لە پەرلەمان دەرچووە، ناو بڵاوبۆتەوە کە فراکسیۆنەکان کێی تێدا بووە بەشدار بووە، ئەم بابەتە چی عەلاقەی بە ڕێكخراوەکانەوە هەیە، بەداخەوە ئەوان بۆیە بە ڕێكخراوەکان دەوێرن چونکە ڕێکخراوەکان چاو سورکردنەوەیان نیە، کە من قەت تەمەنا ناکەم ئەوەمان هەبێت و قەت نامان بێت وە لەگەڵ ئەوەشدا نین، ئێمە چونکە توندوتیژی بەکار ناهێنین، دەتوانم بڵێم ئاسانترین نێچیرین کە ئەوان پەنای بۆ دەهێنن بۆ ئەوەی شتەکانی خۆیانی پێ ببەنە پێش."

یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان یەکێکە لەیاساکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2011 وە دەرچووە، بەڵام زۆرترین ناکۆکی لە نێوان هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا دروستکردووەو لە ئێستادا یاساکە لە هەموارکردنەوەدایە بە مەبەستی چەند گۆڕانکاریەک لە بڕگەکانی یاساکەدا بەڵام بۆ جارێکی تر ناکۆکی زۆری لە نێوان مامۆستایانی ئاینی و ڕێکخراوەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و هاووڵاتیان دروستکردووە و پێناچێت هەمواری تازە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:45 0:00
XS
SM
MD
LG