Accessibility links

بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان: بۆردومانەکانی ئێران بۆ سەر دەڤەری سیدەکان بەردەوامن


بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان ئاشکرای دەکات کە لە ڕۆژی 24ی ئەم مانگەوە تا ئێستا ئێران بەردەوام بۆردومانی دەڤەری سیدەکان دەکات و بەو هۆیەوە زیانی زۆری مادی لێکەوتۆتەوە.

ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لە 24ی مانگەوە تا ئـەم دەقەیەی کە قسەدەکەم بۆردومانەکان بەردەوامن و لەوانەیە سەدان جار بۆردومانی کردبێت، بەشێوەیەکی بەردەوام بۆردۆمان دەکرێت، لەوانەیە کاتژمێرێک یان نیو کاتژمێر بوەستێت جارێکی تر دەست پێ بکاتەوە".

چەلەبی ڕاشیگەیاند بۆردومانی فڕۆکەکانی ئێران زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە بەڵام زیانی مادی هەبووە، زیانی بە ڕەزو و باخی گوندی بەنێ گەیاندووە و هەروەها گوندی دێواس و بەرزینە و بن پەرێسیش چۆڵ کراون.

گوتیشی ڕەزو و باخی هاوڵاتیانی تێکداوە و بەتایبەتی باخچە زۆر لەناوچوون و خەڵکی لەو شوێنانە نەماون، هەموویان ماڵەکانی خۆیان بەجێهێشتووە، داوامان لە هاوڵاتیانی خۆمان کردووە لەو شوێنانەی کە بۆردومان دەکرێت دووربکەونەوە و خۆیان بپارێزن."

سەبارەت بە ئامانجی ئەو بۆردومانانەی کە ئێران دەیکات، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان دەڵێت" بە قسەی خۆیان ئامانجیان لێدانی بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتە، بەڵام ئەو شوێنانەی کە بۆردومان دەکرێت بەهیچ شێوەیەک هیچ بنکە و بارەگایەکی لێ نییە بەڵکو هەمووی ناو ئاوەدانی و گوندنشینن".

لەبارەی ئەوەی کە ئاخۆ هیچ داواکاریەکیان لە حکومەتی ئێران کردووە تا ئـەو بۆردومانانە بوەستێنن، بەڕێوەبەری ناحیەکە لەوبارەیەوە گوتی" لە ڕێگەی ئیدارەی سۆرانەوە سەرووی خۆمان ئاگادارکردووەتەوە و بەدڵنییاییەوە ئەو قۆناغە بگرنەبەر لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە ئاگاداریان بکرێتەوە".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان گوتی" بە شەوانیش چاودێری ناوچەکە دەکرێت، فرۆکەی بێفرۆکەوان چاودێری دەکات و لە ڕێگای هاون و تۆپیشەوە بۆردومان دەکرێت".

چەند ڕۆژێکە دەڤەری سیدەکان لەلایەن فرۆکە جەنگیەکانی ئێرانەوە بۆردومان دەکرێت و بەو هۆیەوە زیانی زۆری مادی بە ناوچەکە گەیاندووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:01:35 0:00

XS
SM
MD
LG