Accessibility links

سەرکردەیەکی یەکێتی: ریفراندۆم کرایە بیانوو بۆ پەلاماردانی کەرکوک


ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی ڕایدەگەیەنێت، ریفراندۆم ئەنجامدرا تا لە عێراق جیا ببینەوە، کەچی دواتر وا ڕاگەیەنرا، ڕیفراندۆم بۆ جیابوونەوە نەبووە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە تاکە چارەسەر بۆ کێشەی کەرکوک، یەکدەنگ بوونی هێزە کوردییەکانە لە بەغدا.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئەحمەد عەسکەری ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت"تاکە چارەسەر بۆ کێشەی کەرکوک جێبەجێکردنی مادەی 140ە، گەر ئەم مادەیە جێبەجێ نەکرێت، کە شەرعیترین وەسیقەیە لە عێراق، ئەوا کێشەکان زیاتر کەڵەکە دەبن و قوڵتریش دەبنەوە."

ئەحمەد عەسکەری ڕوونیکردەوە، ریفراندۆم ئەنجامدرا بۆ جیابوونەوە لە عێراق، کەچی دواتر پاشگەز بوونەوە ڕوویدا، گوایە ریفراندۆمەکە بۆ جیابوونەوە نەبووە، وتی"کەواتە ئێمە لە عێراقداین، دەبێت کێشەکان بەپێی یاسا و دەستور چارەسەر بکەین، با فشار بخەینە سەر بەغدا و ڕێککەوتنەکانمان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، مادەی 140 ی تێدا بکەینە مەرج."

سەرکردەکەی یەکێتی پێیوانییە، کۆنترۆڵکردنی کەرکوک بە تەنها پەیوەندی بە ریفراندۆمەوە هەبێت، دەڵێت"رەنگە بەشێکی کێشەکە ریفراندۆم بێت، ریفراندۆم کرایە بیانوو، بەڵام هێرشی سەر کەرکوک هەر لە بەرنامەیاندا هەبوو، بۆیە کۆنترۆڵکردنی حەویجەیان خستە دوای موسڵ، ئەگینا حەویجە بە پێشمەرگە کۆنترۆڵ دەکرا و پێویستی بەو هێزە زۆرەی عێراق نەبوو."

وتیشی"بەڵام گەر ریفراندۆم نەبایە، ڕەنگە کێشەکە رەهەندێکی تری وەرگرتبا، بۆ نموونە ئەوکات عێراق داوای گەڕانەوەی فیرقەی 12 ی دەکرد بۆ کەیوەن و سەربازگەکان، دەیانویست نەوتەکە ببەن، ئەو برادەرانە ڕازی نەبوون، ئەوە بوو دواتر نەوتەکەشیان لەدەست دەرهێنرا، پاشان وتیان داگیرکراوە، ئەی خۆ عەینی هێز لە موسڵ بوو، بۆ نوێنەر دەنێریت بۆ ئەوێ و بۆ کەرکوک ناینێری، چونکە نەوتەکە دەرهێنرابوو لەدەستیان."

عەسکەری یەکدەنگبوونی کورد بە چارەسەر بۆ دۆخی کەرکوک دەزانێت، ئاماژەبەوەدەکات بەغدا لە دۆخێکدایە بۆ پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە کوردە، بۆیە گرنگە کورد جێبەجێکردنی مادەی 140 و کاراکردنەوەی لیژنەکانی بکاتە مەرج، یاخود چارەسەرێک بدۆزرێتەوە هاوتەریب بێت لەگەڵ مادەی 140 دا.

لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئەحمەد عەسکەری یەکدەنگ نەبوونی هێزە کوردییەکان بۆ بەرژەوەندی حیزبی دەگێڕێتەوە، لە کاتێکدا چارەسەری کێشەکانی کەرکوک دەبەستێتەوە بە یەکهەڵوێستبوونی ئەو هێزانەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:55 0:00

XS
SM
MD
LG