Accessibility links

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا هەوڵدەدات هاوبەشی وزە لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە قووڵتر بکاتەوە


ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە رایگەیاند، دەیەوێت هاوبەشی وزەی نێوان هەردوو وڵات قووڵتر بکاتەوە.

شۆڵز لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی کە پێویستە هاوبەشییەکە لە سووتەمەنی بەردینی تێپەڕێت بۆ ئەوەی هایدرۆجین و وزەی نوێبووەوە بگرێتەوە.

ئەڵمانیا کە تا ئەم دواییانە بە شێوەیەکی زۆر پشتی بە ڕووسیا بەستووە بۆ غاز، لە دوای هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە مانگی دووی ئەمساڵەوە، لە ڕێگەی هەمەچەشنەوە هەوڵی دابینکردنی وزەی خۆی دەدات.

شۆڵز لە گەشتێکی دوو ڕۆژەدا بۆ کەنداو ڕایگەیاند، لە وتووێژەکانی لەگەڵ شازادەدا باس لە پرسەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ و مەدەنی کردووە.

سیاسەتمەدارانی دیار و بەرچاوی ئەڵمانیا لە کۆمەڵێک حزبەوە لە وتارێکدا کە ڕۆژی شەممە لە ڕۆژنامەی دێر شپیگڵ بڵاویان کردووەتەوە، داوایان لە شۆڵز کردووە کە باس لەو بابەتە بکات.

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا باسی کوشتنی ڕۆژنامەنوس جەمال خاشقچیشی کردووە، گوتیشی: "دەتوانین وا دابنێین کە هیچ شتێک بە نەگوتراوی نەمایەوە."

کوژرانی خاشقچی لە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ چوار ساڵ لەمەوبەر ناڕەزایی جیهانی لێکەوتەوە و گوشاری خستە سەر فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سعودیە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG