Accessibility links

هێزەکانی ڕووسیا هێرشی نوێیان بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا دەستپێکرد


هێزەکانی ڕووسیا ڕۆژی شەممە دەستیان بە هێرشی نوێ کرد بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا لە کاتێکدا دەنگدان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا بەردەوام بوون بۆ ئەوەی زەمینە بۆ مۆسکۆ خۆش بکات بۆ لکاندنیان بە ڕووسیاوە.

ئۆلیکساندر ستاروخ، پارێزگاری زاپۆریژیا گوتی ڕۆژی شەممە ڕووسەکان دامەزراوە ژێرخانییەکانی شاری ڕووباری دنیپەریان کردۆتە ئامانج و یەکێک لە مووشەکەکان بەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوتووە و بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون.

هه‌روه‌ها بۆمبارانی هێزه‌کانی ڕووسیا له‌ ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئۆکرانیادا، زیانی به‌ باڵەخانەی نیشته‌جێبوون و ژێرخانی سڤیڵ گه‌یاندوە.

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاند، ڕووسیا بەنداوی پێچنیهی لەسەر ڕووباری سیڤەرسکی دۆنێتس لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەکاتە ئامانج، ئەوەش دوای ئەوەی پێشتر هێرشی کردبووە سەر بەنداوێک لەسەر کۆگایەکی نزیک کریڤیری، کە بووە هۆی دروستبوونی لافاو لەسەر ڕووباری ئینهولێتس.

بەریتانییەکان دەڵێن "هێزەکانی ئۆکرانیا زیاتر بەرەو خوارەوەی ڕووبارەکە بە درێژایی هەردوو کەنارەکەی پێشڕەوی دەکەن، لە کاتێکدا فەرماندەکانی ڕووسیا زیاتر نیگەرانن لە پاشەکشەی ئۆپەراسیۆنەکانیان، ڕەنگە هەوڵی لێدانی دەروازەی بەنداوەکان بدەن، بۆ ئەوەی خاڵی پەڕینەوە سەربازییەکانی ئۆکرانیا بپچڕێنن.

لە ناوەڕاستی شەڕەکەدا دەنگدان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ناوچە داگیرکراوەکان بەردەوام بوو، ئەو دەنگانەی ئۆکرانیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی وەک کارێکی بێ شەرمانە و نایاسایی ڕەتیان کردەوە.

سەرچاوە: AP

XS
SM
MD
LG