Accessibility links

کاردانەوەکانی جیهان بەرامبەر مەرگی ژینا ئەمینی و خۆپیشاندانەکانی ئێران زیاد دەکەن


سەرکردە و کەسایەتییە ناسراوەکانی جیهان، لە سیاسییەکانەوە بۆ هونەرمەندان، لەسەر مەرگی مەهسا ئەمینی (ژینا) هاتوونەتە دەنگ و سەرکۆنەی پۆلیسی ئەخلاقی ئێران دەکەن کە ئەو ژنەیان دەستگیرکرد و لە ژێر دەستیاندا گیانی لەدەستدا.

لە تورکیا، سەرکردەی ناوداری کورد سەلاحەدین دیمیرتاش کە لە بەندینخانەیە، سەری خۆی تاشی وەکو دەربڕینی هاوسۆزی بۆ ژینا. ئەم هەڵوێستەی دیمیرتاش کاردانەوەی ئەرێنی گەورەی لە تویتەر دروستکرد.

ئاسڵی ئایدنتاش باش، نووسەری دیاری تورکیا کە بۆ واشنتن پۆست بۆچوون دەنووسێت، لە تویتەرەکەیەوە نووسی "سیاسەتمەدارێکی زیندانیکراوی کورد وەک هاوسۆزی لەگەڵ ژنانی ئێران قژی دەتاشێت."


لە ئەمەریکا، هیلاری کلینتۆن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا و کاندیدی پێشووی سەرۆکایەتی، گوتی ئێرانییەکان شایەنی ژیانێکی باشترن لەوەی لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بەڕێی دەکەن.

هیلاری لە تویتەر نووسی، "ئێرانییەکان لە پاش مەرگی ترسناکی مەهسا ژینا ئەمینی ناڕەزایەتی خۆیان بۆ مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ دەگێڕن. ئێرانییەکان شایەنی ئەوەن بە دوور لە توندوتیژی و تۆقاندن بژین. جیهان چاودێری دەکات."


لە ئەڵمانیا، سەرۆکی حکومەت (چانسڵەر) ئۆلاف شۆڵز بە هەمان شێوە لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە هاوخەمی خۆی بۆ ژنانی ئێران دەربڕی.

شۆڵز نووسی، "زۆر ناخۆشە کە مەهسا ئەمینی لە ژێردەستی پۆلیس لە تاران گیانی لە دەستدا. قوربانیانی خۆپیشاندانانی ژنی بوێریش خەمبارم دەکەن. گرنگ نییە لە کوێی جیهاندا بن: ژنان دەبێت بتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ بژین، بەبێ ئەوەی ترسیان بۆ ژیانیان هەبێت."


گوڵڕیز قەهرەمان، ئەندامی پەرلەمانی نیوزلاند، ئەویش لە ڕاگەیاندنێکیدا کە لەسەر تویتەر بڵاوکراوەتەوە دەڵێت ئەوەی ئێستا لە ئێراندا ڕوودەدات مێژوویی‌یە. شۆڕشێکە کە ژنان ڕێبەرایەتی دەکەن، لە کوردستانەوە دەستیپێکردووە و سەرانسەری وڵاتەکەی گرتووەتەوە و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و مەرگ بوونەتەوە..."


جگە لە سەرکردەکان، ڕێکخراوە جیهانییەکانیش هاتوونەتە دەنگ. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەی لە مردنی ژینا کرد.



دوو رۆژ پێش ئێستا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنتۆنی بلینکن، هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری ژینا دەربڕی.

لە تویتەر نووسی، "مەهسا ئەمینی دەبوو ئەمڕۆ لە ژیاندا بێت. بەڵکو ئەمەریکا و گەلی ئێران ماتەمینی بۆ دەگێڕن. داوا لە حکومەتی ئێران دەکەین کۆتایی بە سەرکوتکردنی سیستماتیکیی ژنان بهێنێت و ڕێگە بە ناڕەزایەتی ئاشتیانە بدات."

تەنیا سیاسەتمەدارەکان هاوسۆزیان دەرنەبڕیووە. مۆدێلی ناوداری ئەمەریکایی بێلا حەدید هەوڵیدا سەرنجی نزیکەی 55 ملیۆن فۆڵۆوەری لە ئینستاگرام ڕابکێشێت بۆ سەر بارودۆخی ژنان لە ئێران.

لە پۆستێکدا نووسی، "💔بە ئارامی سەربنێوە، مەهسا ئەمینی. تۆ شایەنی ئەمە نەبوویت. ڕەحمەت بۆ خانەوادەکەی و ئازیزانی دەنێرم. "



XS
SM
MD
LG