Accessibility links

خۆپیشاندان لە ئێران بەردەوامە و تەلەفزیۆنی دەوڵەت دەڵێت 26 کەس کوژراون


خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە سەرانسەری ئێران بەردەوامە و ڕۆژی هەینی لە بەیانییەوە دەستیپێکردووەتەوە. هاوکات تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران دەڵێت ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 26 کەس، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکان و چالاکوانان لە ناو ئێران ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە.

خۆپیشاندانەکان ژمارەیەکی زۆری شار و شارۆچکەی ئێرانی گرتووەتەوە وە بە گەورەترین ناڕەزایی خەڵکی ئێران دادەنرێت لە پاش خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2019 کە بەپێی کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ لەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە سەدان کەس کوژران. ئێستاش حکومەتی ئێران لە هەوڵی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان و بۆ ئەو مەبەستە لە ڕۆژی پێنجشەممە هێڵێ ئنتەرنێت لە زۆر ناوچەی ئێراندا بڕابوو.

لە لایەکی دیکە بێژەرێک لە کەناڵی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی درەنگانێکی پێنجشەممە ڕایگەیاند؛ لەو کاتەوەی خۆپیشاندانەکان لە ڕۆژی شەممەی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە، 26 خۆپیشاندەر و پۆلیس کوژراون، بەبێ ئەوەی وردتر باس لەوە بکات کە چۆن دەسەڵاتداران گەیشتوونەتە ئەو ژمارەیە. ڕاشیگەیاند، ئاماری فەرمی دواتر بڵاودەكرێتەوە، بەڵام لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ڕابردوو حكومەتی ئێران ژمارەی كوژراوانی بە فەرمی بڵاونەكردۆتەوە.

هاوکات ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران بنکە لە ئۆسلۆ، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند بە لایەنی کەم 31 کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەویش پێنجشەممە ڕایگەیاند، لە شارە کوردییەکان 15 کەس کوژراون و 733 کەس برینداربوون و زیاتر لە 600 کەس دەستگیرکراون.


ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس دەڵێت بە پشتبەستن بە لێدوانی میدیای دەوڵەتی و نیمچە فەرمی، بەهۆی ئەم نائارامییەوە لانی کەم 11 کەس کوژراون. لەم دواییانەشدا، ئەبولحەسەن کەبیری، جێگری پارێزگاری قەزوین ڕایگەیاند بەهۆی ئەو خۆپیشاندانانەی کە دوو شاری ئەو پارێزگایەی باکوری ڕۆژئاوای گرتەوە، هاووڵاتییەک و ئەفسەرێکی نیمچە سەربازی کوژراون.

مەرگی ژینا ئەمینی ئیدانەکردنی توندی وڵاتانی ڕۆژئاوا و نەتەوە یەکگرتووەکانی بەدوای خۆیدا هێنا و بووە هۆی وروژاندنی ناڕەزاییەکی نیشتمانی لەو وڵاتەدا. لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت ئەمینی لە کاتی دەستگیرکردنیدا بەرگێکی ڕەشی درێژ و باڵاپۆشی ئیسلامی لەبەردایە کە دەوڵەت سەپاندویەتی بەسەر ژنانی ئێراندا.

پۆلیسی ئێران ئیدیعای ئەوە دەکات ئەو کچە بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستدابێت و خراپ مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە. بەڵام بنەماڵەی ژینا گومانیان هەیە و ئەو قسانەی دەوڵەت ڕەتدەکەنەوە.

خۆپیشاندەران دروشمە سەرەکییەکانیان بریتیە لە "ئازادی، ئازادی" و "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" و "دەبێت مەلاکان بڕۆن".

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە بنکەکەی لە لەندەنە، دەڵێت هێزەکانی ئێران لە بە دار و تێڵا لە خۆپیشاندەران دەدەن و لە نزیکەوە تەقەشیان لێدەکەن. لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت پۆلیس و ئەفسەرانی نیمچە سەربازی تەقە لە خەڵک دەکەن و گازی فرمێسکڕێژ بەکاردەهێنن بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکان.

بەشێکی زۆری خەڵکی ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی توڕەن لەو فشارانەی دەخرێتە سەریان لە ڕووی ئازادی تاکە کەسی و هەروەها خراپی باری ئابوری وڵاتەکەیان.

سەرچاو: ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس، ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران.

XS
SM
MD
LG