Accessibility links

کوژران و دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیانی ناڕەزایی لە ئێران


کوژران و دەستبەسەرکردنی خۆپیشاندران لە ئێران بەردەوامە و بەپێی هەواڵێک کە بە دەنگی ئەمەریکای بەشی کوردی گەیشتوە، شەوی ڕابردوو ڕێكەوتی ٢٠ی مانگی ٩ مەسعوود كوردپوور سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵی موكریان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە ماڵەكەی خۆی دەستبەسەر كراوە.

هەواڵەکە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە دوای دەستبەسەرکردنی کوردپوور، ماڵەکەی ناوبراو لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە پشکێندراوە و دەشڵێت تاکو ئیستا هۆکاری دەستبەسەربوونەکەی ئاشکرا نییە.

مەسعوود کوردپوور سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵی موكریان لە كوردستانی ئێرانەوە هەواڵی پەیوەندیدار بە ناوچە كوردستانییەكانی ئێران بڵاو دەكاتەوە.

دەنگی ئەمەریکای بەشی کوردی لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ خەسرەو کوردپور، برای ناوبراو هەواڵی دەستبەسەربوونەکەی پشتڕاسترکردوەتەوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، پێنج ژنی چالاکی کورد بە ناوەکانی فەرانک ڕەفیعی، باران سەعیدی، ماهرۆ هێدایەتی، ئازاد جەماعەتی و بەهار زەنگیبەند لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سنەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار .

دوای چەند ڕۆژ خۆپیشاندان لە شارە جیاجیاکانی ئێران، هیچ ئامارێکی ورد لەسەر ژمارەی کوژراو و بریندار و دەستبەسەرکراوان لەبەردەستدا نییە.

پارێزگاری کوردستان تاکو ئێستا کوژرانی سێ کەسی لەو پارێزگایەدا پشتڕاست کردۆتەوە و هەروەها داواکاری گشتی کرماشانیش کوژرانی دوو کەسی لە کرماشان ڕاگەیاندووە.

هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەکات، لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت لە ماوەی چوار ڕۆژی یەکەمی ناڕەزایەتییەکانی ئێران کە هێشتا بەردەوامن، بە گشتی ٦ خۆپیشاندەر بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەتەوە گیانیان لەدەستداوە و کوژران و هەروەها ئاماژەت بەوەش دەکات کە ٤٥٠ کەس بریندار بوون کە زۆربەیان لە ترسی دەستگیرکردنیان ناتوانن بڕوەنە نەخۆشخانە و ناوەندە پزیشکییەکان بۆ چارەسەرکردن.

لە ڕۆژی ١٧ی مانگی ٩وە و دوای بە خاک سپاردنی ژینا ئەمینی، ئەو کچێکی لاوەی خەڵکی سەقز کە ژێر دەستی پولیسی ئاکاری ئێراندا گیانی سپارد، زۆربەی شارەکانی ئێران بوون بە گوڕەپانی ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە دژی حیجابی زۆرەملێ و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

XS
SM
MD
LG