Accessibility links

پوتن هێزی زیاتر بۆ ئۆکرانیا کۆدەکاتەوە و دەڵێت ڕۆژئاوا دەیەوێت ڕووسیا لەناوببات


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن فەرمانی بە یەکەمین کۆکردنەوەی سەربازیی کرد لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، هۆشداریدایە ڕۆژئاوا و وتی ئەگەر بەردەوام بن لە " ڕەشبگیری ئەتۆمی " ئەوا مۆسکۆ بە سەرجەم جبەخانە گەورەکانییەوە وەڵام دەداتەوە.

پوتن گوتی " ئەگەر سەروەری خاکەکەمان هەڕەشەی لەسەر بێت ئەوا هەرچی لەبەردەستماندا بێت بەکاری دەهێنین بۆ پاراستنی خەڵکەکەمان، ئەمە گاڵتە نیە." وتیشی ڕووسیا " چەکێکی زۆری هەیە بۆ ئەوەی وەڵام بداتەوە."

وەزیری بەرگری ڕووسیا گوتی کۆکردنەوە سەربازییە بەشییەکە بانگی 300,000 سەربازی یەدەگ دەکات و ئەوانەش دەگرێتەوە کە پێشتر ئەزموونی سەربازییان هەبووە.

ئەم کۆکردنەوەی سەربازانە کە پوتن فەرمانی پێکردووە ڕەنگە ململانێکان لەسەر ئۆکرانیا گرژتر بکات و لە کاتێکدایە کە ڕووسیا ڕووبەڕووی هێرشە پێچەوانەکەی ئۆکرانیا بووەتەوە کە هێزەکانی ناچار کردووە بکشێنەوە و هەندێک لە ناوچە داگیرکراوەکان بدەن بە دەستەوە.

وەزیری ئۆفیسی وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا گیلیان کیگان بە سکای نیوزی گوت " ئاشکرایە ئەمە شتێکە کە دەبێت زۆر بە جددی وەریبگرین چونکە کۆنتڕۆڵ لە دەست ئێمەدا نیە، دڵنیا نیم ئەویش ' پوتن ' کۆنتڕۆڵی لەدەستدا بێت. ئەمە بە ئاشکرا زیادکردنی گرژییەکانە."

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا میخایلۆ پۆدۆلیاک گوتی کۆکردنەوەی سەربازەکان هەنگاوێکی پێشبینیکراو بوو و تیشک دەخاتە سەر ئەوەی جەنگەکە بەو شێوەیە بەڕێوە ناچێت کە مۆسکۆ پلانی بۆ دانابوو.

پوتن گوتی کۆکردنەوە سەربازییە بەشییەکەی ڕووسیا کە 2 ملیۆن سەربازی یەدەگی هەیە بۆ ئەوە بووە کە بەرگری لە ڕووسیا و خاکەکەی بکات، وتیشی ڕۆژئاوا ئاشتی لە ئۆکرانیا ناوێت.

گوتیشی واشنتن و لەندەن و بڕۆکسل کیێڤیان ناچار کردووە " ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بگوازنەوە بۆ سەر خاکی ئێمە " و بە ئامانجی ئەوەی " وڵاتەکەمان بە تەواوەتی تاڵان بکەن."

پوتن گوتی " ڕەشبگیری ئەتۆمیش بەکارهێندراوە." ئاماژەی بە وێستگەی ناوەکی زاپۆریژادا کە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە ئەوروپادا. ئۆکرانیا و ڕووسیا یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی بۆردومانکردنی وێستگەکە و دەوروبەری.

پوتن بەرپرسانی باڵای وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆی تۆمەتبار کرد بەوەی لێدوان دەدەن سەبارەت بە " ئەگەر و پەسەندکردنی بەکارهێنانی چەکی کاولکاری دژی ڕووسیا، لەوانەش چەکی ناوەکی."

پوتن گوتی " بۆ ئەوانەی کە ڕێگە بە خۆیان دەدەن ئەو جۆرە لێدوانانە بدەن سەبارەت بە ڕووسیا، دەمەوێت بیرتان بخەمەوە کە وڵاتەکەی ئێمەش چەکی جۆراوجۆری کاولکاری هەیە، هەندێک لەو چەکانەش لە چەکەکانی وڵاتانی ناتۆ نوێترن."

پوتن دووبارە جەختی لە " ئازادکردنی " هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کردەوە کە ناوچەیەکی پیشەسازییە، وتیشی زۆربەی خەڵکەکەی نایانەوێت بچنەوە ژێر دەسەڵاتی " زۆرداریی ئۆکرانیا."

پێش وتارەکەی پوتن، ڕابەرانی وڵاتانی جیهان لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیایان کرد، هەروەها هەرێمە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا پلانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمییان ڕاگەیاند بۆ چوونە پاڵ ڕووسیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG