Accessibility links

پاشماوەی زەبر و زەنگەکانی هێزەکانی ڕووسیا لە شاری ئیزیۆم


هێزەکانی ڕووسیا دوابەدوای داگیرکردنی ئەو شارەی ئۆکرانیا هەر لە مانگی 2 ی ئەمساڵەوە هەستان بە گۆڕینی قوتابخانەیەک بۆ بنکەیەکی سەربازی و دوکانێکی میکانیکی، لە کۆتاییشدا بەهۆی هێرشێکی مووشەکی ئۆکرانیاوە قوتابخانەکە خاپورکرا.

چەند کەسێکی بە تەمەن کە دانیشتوانی شارەکەن، هەندێکیان بە دەستکێش و تورەکە و ئامێری دەستی ئامادەبوون تا لە ڕۆژی دووشەممەوە داروپەردووی ناو بیناکە کۆبکەنەوە. چەند مانگێک دەخایەنێت، ئەگەر زیاتریش نەبێت، تا کارەبا و غاز و ئاو ئاوەڕۆکەی بۆ چاکبکەن بەرلەوەی وەرزی ساردی زستان بگەڕێتەوە.

ئەم شارە لە ڕۆژهەڵاتی دووری ئۆکرانیا یەکەم شار بوو کە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە دەستی بەسەردا گیرا و بوو بە ناوەندێکی فەرماندەیی لەشکری ڕووسیا. تا سەرەتای مانگی 3ی ئەمساڵ بە تەواوەتی شاری ئیزیۆم دابڕێنرا، نە هێڵی مۆبایل هەبوو نە گەرمی، نە کارەبا. دانیشتووانەکەی نەیاندەزانی لە شەڕەکەدا چی ڕوودەدات، ئایا کەسوکاریان لە ژیاندا ماون، ئایا هێشتا ئۆکرانیا ماوە یان نا.

لە 10 ی مانگی نۆدا لە هێرشێکی بەرپەرچدانەوەی خێرادا کە ناوچەی خارکیڤی گرتەوە ئەو شارە لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە ئازاد کرا و لە باشووریش ئازادکردنی ناوچەکان بەردەوامە لە نزیک خێرسۆن. بەڵام دانیشتووان هێشتا لە سەرلێشێواوی و زەبر و زەنگی داگیرکارکارییەکانی ڕووسیا دەرنەچوون، کە دڕندایەتییەکەی هەفتەی ڕابردوو سەرنجی جیهانی ڕاکێشا دوابەدوای دۆزینەوەی یەکێک لە گەورەترین گۆڕە بە کۆمەڵەکانی جەنگ لەناو ئۆکرانیادا.

لە کاتێکدا ئۆکرانیا زەمینەسازی دەکات، ڕووسیا فشارەکان لەسەر ڕۆژئاوا زیاتر دەکات. سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات بە سەرکردەکانی جیهان و دەڵێت جیهان لە 'مەترسی گەورەدایە'.

سەربازانی ئۆکرانیا دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی دوگمەی مس کە بە پەلە لە یەکپۆشی ئەفسەرێکەوە وەرگیراون، یان ئەو ئاڵا چنراوەی ڕووسیا. هەروەها خەریکی کۆکردنەوەی تەقەمەنی ڕووسەکانن، کە دەگونجێت بۆ چەکی ئۆکرانی، هەروەها ئەو ئۆتۆمبێلە جێهێڵراوانە بەکاردەهێننەوە کە هێشتا ژەنگیان نەگرتووە و دەتوانن سودیان لێوەوربگرن.

داگیرکەرانی ڕووسیا مینێکی بێشوماریان بڵاوکردەوە، کە سەربازانی ئۆکرانیا بە وریاییەکی بێشومارەوە یەک بە یەک ئەو مینانە دەتەقێننەوە. هەر چەند خولەک جارێک لە ڕۆژی دووشەممە تا خۆرئاوابوون، تەقینەوە گەورەکان دەبیستران کە شارۆچکەی ئیزیۆمی دەهەژاند، ئەو شوێنە نزیکەی دوو کاتژمێر بە ئۆتۆمبێل لە دووەم گەورەترین شار کە خارکیڤە دوورە و بە ڕێگا سەرەکییە ڕاستەوخۆکانی گوندەکاندا تێدەپەڕێت.

سەرچاوە/ ئەسۆشەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG