Accessibility links

بەسەرهاتی ژینا ئەمینی و سەرنجێک لەسەر مێژووی سەرهەڵدانی یەکەکانی پولیسی ئاکار لە ئێران


ژینا ئەمینی 22 ساڵ تەمەن و خەڵکی شاری سەقز لە سەردانێکی خێزانیدا بۆ تاران کاتێک لەگەڵ براکەی، لە 13ی مانگی نۆدا بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی لە لایەن پولیسی ئاکارەوە کە لە ئێران بە گەشتی ئیرشاد بەناوبانگە، دەستبەسەر دەکرێت.

زۆری پێناچێت کە ناوبراو دوای چەند کاتژمێرێک لە حاڵەتی کۆمادا دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی کەسرا و ماوەیەک لە بەشی چاودێری چڕدا دەبێت و لە کۆتایشدا لە 16ی مانگی نۆ کۆچی دوایی دەکات.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو لە کاتی دەستبەسەربوونیدا لەلایەن پولیسەوە لێی دراوە و مردنەکەشی بەهۆی ئەو لێدانانەوە بووە.

دەزگای پەخش و میدیاکانی سەر بە حکومەتی ئێران لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆییەکەوە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ژینا نەخۆشی دڵی هەبووە و بە هۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە.

بانگەشەکانی میدیای حکومەتی ئێران لەبارەی هۆکاری گیان لەدەستدانی ژیناوە لە کاتێکدایە کە باوکی ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "درۆیە، سوێند بەخودا کچەکەم هیچ جۆرە نەخۆشییەکی نەبووە و تەنانەت بۆ جارێکیش نەچووەتە دکتور و ئەو وەرزشوان بووە."

ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا دەشڵێت " کچەکەم زیندوو نابێتەوە، بەڵام دەمەوێت ئەم کارەساتە جارێکی تر بۆ کەسی دیکە نەخولقێت."

گیان لەدەستدانی ژینا کاردانەوەیەکی بەرفەراوانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی هەبووە، لە میدیا جیهانییەکانەوە بگرە تاکو کاردانەوەی نووسەر و هۆنەرمەندانی جیهان و ئێران.

لە چەند شاری ئێرانیش بە تایبەت لە سەقز و سنە و دیواندەرە خەڵک بەردەوامن لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە گیان لەدەستدانی ژینا و سیاسەتی دژە ژنی کۆماری ئێسلامی ئێران و تاکو ئیستاش چەندین کەس لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە بریندار و دەستبەسەرکراون و دەوترێت کەسێکیش بە هۆی تەقەی هێزەکانی ئاسایشەوە لە دیواندەرە گیانی لەدەستداوە.

بەرفەراوانی کاردانەوەکان وایکردوە سەرۆک کۆماری ئێران و زۆرێک لە دەسەڵاتدارانی دیکەی وڵاتەکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ بێنە ناو بابەتەکە و پەیوەندی بە بنەماڵەی ژیناوە بکەن و بەڵێنی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بدەن.

لە زۆربەی کاردانەوەکاندا، خەڵک و کەسایەتییەکان وێڕای دەربڕینی توڕەیی و بێزاری خۆیان لە چیرۆکی دڵتەزێنی کۆچی دوایی ئەو کچە لاوەی خەڵکی سەقز، هاوکاتیش ڕەخنەی توند ئاڕاستەی سروشت و بوونی گەشتی ئیرشاد و هەروەها حیجابی زۆرەمڵی بۆ ژنان دەکەن.

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەدژی گیانلەدەستدانی ژینا، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت بەرامبەر بە گیان لەدەستدانی ئەم کچە بەرپرسیار بێت و گوتیشی مردنی ژینا لە دوای برینداربوونی لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا "سووکایەتییەکی ترسناک و گەورەیە بە مافەکانی مرۆڤ".

هاوکات جاوید ڕەحمان وەک نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە کاردانەوەیەکدا بۆ کۆچی دوایی ژینا، داوای پەسندکردنی بڕیارنامەیەک لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات بۆ سەرکۆنەکردنی حیجابی زۆرەملێ لە ئێراندا.

مێژووی سەرهەڵدانی یەکەکانی پولیسی ئاکار ( گەشتی ئیرشاد)

باڵاپۆشی و حیجاب بۆ ژنان لە ئێران پاش ماوەیەکی کەم دوای شۆڕشی کۆماری ئێسلامی بوو بە زۆرەملێ و لە ڕێگای سەرکوتکردن و سەپاندنی سزاوە بەسەر ژناندا سەپێندرا.

لە ساڵی 1983دا دوای پەسندكردنی یاسای سزادانی ئیسلامی، ڕووبەڕووبوونەوەی یەکەکانی ئاکار بە فەرمی شێوەی یاسایی دەگرێتە خۆی و ئەو ژنانەی لە شوێنی گشتیدا بەبێ حیجاب دەرکەوتوون، سزای لێدانی 74 قامچیان بەسەردا سەپێندراوە.

هاشمی ڕەفسەنجانی لە سەردەمی سەرۆکایەتییەکەیدا لە وتارێکدا رایگەیاندبوو کە پێویستە خانمان جل و بەرگ بە شێوەیەک لەبەر بکەن کە تەنها دەموچاو و مەچەکیان دیار بێت.

لە ماوەی سەرۆکایەتی هاشمی ڕەفسەنجانیدا یەکەکانی "جوندەڵا" و "مونکرات" لە شارەکاندا دەست بە کار دەکەن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو ژنانەی بە گوتەی ئەوان حیجابەکانیان تەواو نییە.

یەکەکانی پولیسی ئاکار لە ساڵانی دواتردا لە فۆرم و ناوی جیاوازدا بەردەوام بوون لە کارەکانیان.

لە ڕاپۆرتێکی چەند ساڵ پێش ئێستای ئاژانسی هەواڵی مێهردا کە ئاژانسێکی سەر بە حکومەتی ئێرانە، لە زاری ئیسماعیل ئەحمەدی موقەدەم، فەرماندەی پێشووی هێزی پۆلیس ڕاگەیەندراوە کە پێکهێنانی یەکەکانی گەشتی ئیرشاد لەسەر بنەمای بڕیارنامەیەک بووە کە لە دوایین ڕۆژەکانی حکوومەتی محەمەد خاتەمیدا لە ئەنجومەنی باڵای شۆڕشدا پەسند کراوە و لەسەرەتای بەرێوبەرایەتی ئەحمەدی نەژادیشدا جێبەجێ کراوە.

لە هاوینی ساڵی 2006 دا بەرپرسانی پۆلیس دەستبەکاربوونی یەکەکانی گەشتی ئیرشادیان ڕاگەیاند و گوتیان تەنها بۆ ئاگادارکردنەوەی کەسانی بەد حیجابە، بەڵام چالاکی گەشتی ئیرشاد تەنها بە ئاگادارکردنەوە و هۆشداری کۆتایی نەهات و لەو کاتەوە تاکو ئێستا ڕۆژانە بەردەوام بوون لە دەستبەسەرکردن و ئازاری ژنان بە بیانووی بەد حیجابییەوە.

یاساکانی پەیوەست بە حیجابی زەرەملێ کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا ژیانی بۆ زۆرێک لە ژنانی ئێران قورس کردوە، لەگەڵ دەستپێکردنی بەڕێوبەرایەتی ئێبراهیم ڕەئیسیدا توندتر دەبن، تا ئەو جێگایەی کە محەممەد مەهدی ئیسماعیلی وەزیری ئیرشاد لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی فەرهەنگی گشتیدا بە ڕوونی ڕایگەیاند و گوتی "بەڕێوبەرایەتی ئەم خولە لە سەرۆکایەتی بە شێوەیەکی جدی سەرنجی لەسەر‌ ڕه‌چاوكردن و جێبه‌جێكردنی یاساكانی حیجابە و جه‌ختی سه‌رۆک كۆماریش له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گرنگیدان به‌م بابه‌ته‌ ده‌بێت یه‌كێك بێت له‌ ئه‌وله‌ویه‌تییه‌كانی بەڕێوبەرایەتییەکەی."

خوودی ئیبراهیم ڕەئیسی دوای دەستبەکاربوونی بەرامبەر بەوەی کە ئەوە بە بێ ڕەوشتییەکی ڕێکخراو لە کۆمەڵگای ئیسلامیدا وەسفی کردووە، فەرمانی بە ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی فەرهەنگی ئێران کرد کە بڕیارنامەی ساڵی 2004 ی تایبەت بە پاکیزەیی و حیجاب لە وڵاتەکەدا جێبەجێ بکات.

بڕیارنامەی ساڵی 2004 کە ڕەئیسی داوای کردوە جێبەجێ بکرێت، 46 بڕگە لە خۆ دەگرێت، لەوانەش زیندووکردنەوەی نەریتی فەرمانکردن بە چاکە و قەدەغەکردنی خراپە، هەوڵی خێزانەکان بۆ پێکهێنانی ناسنامەیەکی ئایینی لە کچاندا، ڕێگریکردن لە فەشن و لاسایی کردنەوەی مۆدە خۆرئاواییەکان، سەرنجی میدیاکان بۆ خستنەڕووی مۆدێلێکی گونجاوی حیجاب و هەروەهادامەزراندنی ئەو سەرچاوە مرۆییانە کە ئاگاداری بنەما ئاینییەکان و حیجابن.

دوابەدوای فەرمانەکەی ڕەئیسی یەکەکانی گەشتی ئیرشاد بە بەراورد بە ڕابردوو جارێکی تر بە شێوەیەکی چالاک دەست دەکەنەوە بە دەستبەسەرکردنی ژنان لە ژێر ناوی پابەندنەبوون بە یاساکانی حیجابەوە.

لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێک لە کەسایەتییە سیاسی و مەزهەبیەکانی ئێران داوای داخستنی گەشتی ئیرشادیان کردوە، تا ئەو جێگایەی کە داخستنی ئەم یەکەیە یەکێک لە دروشم و بانگەشە سەرەکییەکانی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی دەبێت لە ساڵی 2009دا، وەک بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مەهدی کەڕووبی، سەرۆکی پێشووی پارلمانی ئێران کە ئەو دەم بەڵێنیدا یەکێک لە کارەکانی دوای سەرکەوتنی، لابردنی گەشتی ئیرشاد دەبێت.

مردنی ژینا جارێکی دیکە پرسی نەمانی گەشتی ئیرشادی وروژاندوەتەوە و دوبارە خەڵک و تەنانەت هەندێک لە کەسایەتییە ئایینییەکانیشی هێناوەتە قسە و داوا دەکەن سنورێک بۆ ئەو یەکەیە دابنرێت.

شکاندنی بێدەنگی و ناڕەزایەتی دەربڕینی ژنانی باڵاپوشی ئێران و هەروەها کەسایەتییە ئایینییەکانی ئەو وڵاتە بەرامبەر بە گەشتی ئیرشاد و حیجابی زۆرە ملێ ڕەنگە یەکێک لە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایانە بێت کە کە بە هۆی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینیەوە دەستی پێکردوە و بەردەوامە.

لە ئێستادا پرسی حیجابی زۆرەملێ چیدیکە پرسێکی تایبەت بە گروپێکی دیاریکراو نییە کە وەک دەسەڵاتدارانی ئێران بانگەشەی دەکەن لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران ئاراستە کرابێت، بەڵکو هەڵمەتێکی سەرتاسەرییە کە هەموو چینەکانی ناو کۆمەڵگەی ئێرانی گرتوەتەوە.

XS
SM
MD
LG