Accessibility links

ناسر هەركی : مەگەر هێزێكی دەرەكی بتوانێت ئەم بارۆدۆخە لە عێراقدا چارەسەر بكات


ناسر هەركی بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق

بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆڵی خۆی ببینێت و داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش بكات كە چارەسەرێك بۆ بارۆدوخی عێراق بدوزنەوە.

ناسر هەركی بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند " بارۆدوخی ئەمنی عێراق ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو ئالۆزتر دەچێت بە تایبەتی ئێستا عێراق لە بارۆدوخێكی ناسەقامگیری سیاسیدا دەگوزەرێت، و هۆكارەكەیشی بۆ بیركردنەوەی ئەو لایەنانە دەگەرێتەوە كە ئێستا لە دەسەلاتن. گوتیشی لە 2003 ئەو دەسەلاتە نەیانتوانیوە بە بەرنامە خزمەت وكاری خۆیان بكەن ئێستا دەسەڵاتەكە وایكردووە كە ڕێگەنەدەن دیموكراسی بەرقەراربێت و ئەوەیشی كە ئێستا دەگوزەرێ پەیدابوونی دوو لایەنی شیعیە كە ئەو دوو لایەنە زۆر زەحمەت بگەن بە خاڵێكی هاوبەش چونكە بیروبۆچوون و بەرژوەندیان جیاوازە".

هەركی گووتیشی" ئەوەی كە ئێستا دەیبینین گەیشتن بە رێككەوتن و پێكهێنانی حكومەتێك ڕەنگە زۆر ئەستەم بێت، و لایەنی سەدریش هەڵەیەكی سیاسیان كرد كە لە پەرلەمان كشانەوە، گەر ئەوان لە پەرلەمان بوونایە ڕەنگە بیانتوانیبا هاوكێشەكان یەكلایی بكەنەوە، چوارچێوەی هەماهەنگیش ناتوانێت زۆرینەیەك لەپەرلەمان ئامادە بكات و حكومەتێك پێكبهێنێت گەر حكومەتیش پێكبهێنێت ئەم حكومەتە تەمەنی كورت دەبێت چونكە فەراموشكردنی لایەنی سەدری ڕەنگە لەبەرژەوەندی هیچ حكومەتێكدا نەبێت".

لەبارەی پاڵپشتی و هاوكاریەكانی ئاستی نێودەوڵەتی بۆ تێپەڕاندنی ئەم ڕەوشەی كە عێراق تێیكەوتووە، ئەو بڕیاردەرەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاشكرای دەكات كە تا ئێستا ئەمەریكا تەماشاكارە و لە دوورە سەیر دەكات و لایەنی ئێرانیش هەوڵی زۆری داوە بەڵام نەیانتوانیوە بیانگەیەنێتە خاڵێكی هاوبەش و حكومەت پێكبهێنن و لایەنی خەلیجیش بەهەمان شێوە هەوڵی خۆیان هەیە، و دەشڵێت" بەداخەوە هەموویان دۆستی عێراقن بۆ بەرژوەندی خۆیان هیچ كامیان دۆستی عێراق نین بۆ بەرژوەندی عێراق بۆیە ئەمە كێشەیەكە پێویستە لایەنە سیاسیەكانی عێراق بیر لەبەرژەوەندی عێراق بكەنەوە و دۆستایەتی وڵاتانی دەرەوە نەبێتە بەشێك لەوەی كە ناو ماڵی عێراق بەرەو داڕمان بڕوات یاخود چارەنووسی عێراق بەرەو چارەنوسێكی نادیارتر بڕوات".

ناسر هەركی بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەكۆتایی لێدوانەكەیدا بۆ دەنگی ئەمەریكا لەبارەی چارەنووسی عێراقەوە دەڵێت" ئەوەی تا ئێستا كە ئێمە دەیبینین ئەو لایەنە سیاسیانەی كە ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی كاردەكەن دژی یەكترن و خاڵی هاوبەشیان نییە، بۆیە گەیشتن بە خاڵی هاوبەش بە دووری دەزانم مەگەر هێزێكی دەرەكی بتوانێت ئەم بارۆدۆخە لە عێراقدا چارەسەر بكات، گەر نا گەیشتن بە خالێكی هاوبەش لە نێوان ئەو دوو لایەنە شیعەدا كارێكی ئەستەمە".

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:32 0:00

XS
SM
MD
LG