Accessibility links

میدیاکانی تورکیا: ئەردۆغان پەیوەندی بە ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهایەوە دەکاتە ئامانج


کەناڵی NTV و چەند میدیایەکی دیکە بڵاویانکردەوە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاندووە ئەندامێتی لە ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای بۆ تورکیای ئەندامی ناتۆ دەکاتە ئامانج.

ناوبراو دوای ئەوەی بەشداری لە لوتکەی ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای SCO لە ئۆزبەکستان کرد پێش ئەوەی بەرەو ئەمەریکا بڕوات، بۆ ڕۆژنامەنووسان قسەی کردووە.

ئەردۆغان دەڵێت "بەم هەنگاوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەرەو پێگەیەکی زۆر جیاواز دەگوازرێتەوە."

کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا مەبەستت ئەندامێتی لە ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای SCOیە، گوتی "بێگومان ئەوە ئامانجە."

تورکیا لە ئێستادا هاوبەشی گفتوگۆی ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای SCO یە کە ئەندامەکانی بریتین لە چین، ڕووسیا، هیندستان، پاکستان، ئێران، قرغستان، تاجیکستان، کازاخستان و ئۆزبەکستانە.

لە میانەی گفتوگۆی دوو قۆڵی لە لوتکەکەدا، ئەردۆغان لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا گفتوگۆی کردبوو و ئەردۆغان ڕایگەیاند؛ تورکیا و ڕووسیا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەک لەسەر دروستکردنی وێستگەیەکی ئەتۆمی لە ئاکویۆ لە باشوری تورکیا.

کەناڵی NTV بڵاویکردەوە ئەردۆغان ڕایگەیاندووە کە بەڵێندەری تورکی ئای سی ئێکتاش لە پڕۆژەکەدا گەڕێنراوەتەوە، ئەمەش لێدوانەکانی دوو سەرچاوەی ڕۆژی هەینی بۆ ڕۆیتەرز پشتڕاست دەکاتەوە.

مانگی ڕابردوو کۆمپانیای وزەی ئەتۆمی دەوڵەتی ڕووسیا کە پرۆژەکە بەڕێوەدەبات، گرێبەستەکەی لەگەڵ ئای سی ئێکتاش هەڵوەشاندەوە بەهۆی "پێشێلکارییە بێشوومارەکانەوە."

ئەردۆغان گوتیشی " پشتیوان بە خوا لە ساڵی 2023 دا دەتوانین یەکەم یەکەی (ئاکویۆ) تەواو بکەین و دەستبەکارەکان بکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG