Accessibility links

خانمێکی کورد دوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی تارانەوە گیانی لەدەستداوە


ژنێکی گەنجی کورد دوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاق لە تاران (پلیس امنیت اخلاقی تهران)، گیانی لەدەستداوە.

میدیاكانی دەوڵەتی ئێران بڵاویانكردەوە، وەزارەتی ناوخۆ و داواكاری گشتی تاران دوای پەیوەندییەكی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆكی ئێران، لێكۆڵینەوەیان لە دۆسیەی ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) دەستپێكردووە، بەڵام خاڵی لە زاری ماڵپەڕی هەواڵی ئیمتێدادەوە بڵاویكردووەتەوە، كە ئەو کچە گەنجە تەمەن 22 ساڵە دوای دەستگیرکردنی لە بنکەیەکی پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاق و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

تەلەفزیۆنی دەوڵەت لە هەواڵێکدا مردنەکەی پشتڕاستکردەوە. دەڵێت مەهسا ئەمینی تووشی جەڵتەی دڵ بووە، دوای ئەوەی گوازراوەتەوە بۆ بارەگای "قەناعەت پێکردن و پەروەردەکردن"، بەمەش ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە کە بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەوە گیانی لەدەست دابێت.

لە زاری دایک و کەسوکاری ژینا ئەمینیەوە ئەوە ئاشکرا بووە کە ئەم خانمەی خەڵکی شاری سەقزە، لەگەڵ براکەیدا ڕۆیشتووە بۆ شاری تاران بۆ سەردانیکردنی کەسوکاریان لەوێ بەڵام بە ناوی پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستگیردەکرێت و ئەشکەنجەدراوە و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

لە چەند مانگی ڕابردوودا چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤی ئێران داوایان لە ژنان کرد بە ئاشکرا لەچکەکانیان لاببەن، ئەمەش دووچاری مەترسی دەستگیرکردن بوونەتەوە بەهۆی سەرپێچیکردن لە یاسای جلوبەرگی ئیسلامی لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی توندڕەوی ئەو وڵاتە توندتر سەرکوت دەکەن بە بیانوی "ڕەفتاری نائەخلاقی".

دوابەدوای بانگەوازی ناڕەزایی دژ بە حیجاب، ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، حاڵەتی ئەوەیان پیشان دەدا کە یەکەکانی پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاق بە توندی ڕووبەڕووی دژی ئەو ژنانە دەبنەوە کە حیجابیان لابردبوو.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو مەحمود سادقی سیاسەتمەداری ڕاشكاوانەی ڕیفۆرمخواز و پەرلەمانتاری پێشوو داوای لە ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی ڕێبەری باڵای ئەو وڵاتە كرد لەسەر دۆسیەی مەهسا ئەمینی بێتەدەنگ.

سادقی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت "ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی کە ئیدانەی پۆلیسی ئەمەریکای کرد لەسەر مردنی جۆرج فلۆید، ئایا چی دەڵێت سەبارەت بە مامەڵەی پۆلیسی ئێران لەگەڵ مەهسا ئەمینی؟"

خامەنەیی لە ساڵی 2020 دا گوتی کوشتنی جۆرج فلۆید لە دەستبەسەرکردنیدا لەلایەن پۆلیسەوە "سروشتی ڕاستەقینەی" فەرمانڕەواکانی ئەمەریکای ئاشکرا کردووە.

ئەو پۆلیسەی بووە هۆی گیان لەدەستدانی جۆرج فلۆید، حوکمی سزای 22 ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی یاسای هاوبەشی ئیسلامی ئێران، کە دوای شۆڕشی 1979 سەپێندرا، ژنان دەبێت پابەندن بە داپۆشینی قژیان و جل و بەرگی درێژ و باڵاپۆش لەبەربکەن بۆ ئەوەی خۆیان بە تەواوەتی داپۆشن. سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی سەرزەنشتکردنی گشتی، غەرامەکردن یان دەستگیرکردن دەبنەوە.

دوای چەندین دەیە لەو شۆڕشە، فەرمانڕەوا ئاینییەکانی ئەو وڵاتە هێشتا لە هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی یاساکانیان. زۆرێک لە ژنان لە هەموو تەمەن و پاشخانێکدا مانتۆ و جلوبەرگی باڵاپۆشییان لەبەردایە و سەرپۆشی ڕەنگاوڕەنگ لەسەر دەکەن و بە ئاستەم قژیان دادەپۆشن بۆ ئەوەی زیاتر قژیان دەربکەوێت.

بەشێک لە زانیارییەکان لە ڕۆیتەرزەوە وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG