Accessibility links

كچێکی تەمەن 20 ساڵ بە چەکەوە هێرش دەکاتە سەر دادگای سەیدسادق


سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی 16ی مانگی نۆی 2022 کچێکی تەمەن 20 ساڵ هێرش دەکاتە سەرباڵەخانەی دادگای سەیدسادق و چەند فیشەکێک بە باڵەخانەی دادگاکەوە دەنێت، قائیمقامی سەیدسادق دەڵێت ئەو کچە دەستگیرکراوە و خوشکی ئەو هاووڵاتیەیە کە هەر لەم مانگەدا بە نارنجۆک هێرشی کردە سەر هێزەکانی ئاسایش و هەشت کەسی بریندار کرد و دواتر کوژرا ، دەشڵێت بۆ ئاسایش هاتووە و شوێنەکەی نەزانیووە و ویستویەتی تۆڵەبکاتەوە.

دوای ئەوەی 4 ی مانگی نۆی 2022 هاووڵاتیەک لە بازگەی قەرەداغ داوای ناسنامەی لێدەکرێت و ئامادە نابێت ناسنامەکەی بداتە هێزە ئەمنیەکان و هەڵدێت، دواتر بە نارنجۆک هێرشی کردە سەر هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و بەهۆیەوە هەشت کەس بریندار بوون، خوشکی کوژراو لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی هێرش دەکاتە سەر بینای دادگای سەیدسادق و دەستگیر دەکرێت.

دیاری ڕەفیق قائیمقامی قەزای سەیدسادق لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " کچەکە تەمەنی 20 ساڵە و چەند فیشەکێکی بە باڵەخانەی دادگاوە ناوە و خوشکی ئەو کەسەیە کە لە قەرەداغ لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە کوژرا، ڕ‌ووداوەکە لە دوای کاتژمێر شەشی بەیانیەوە بووە و بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب کە هی باوکی بووە هاتووە ویستویەتی پەلاماری بینای ئاسایش بدات بەڵام شوێنەکەی لێ تێکچووە و چەند فیشەکێکی بە باڵەخانەی دادگاوە ناوە".

دیاری ڕەفیق قائیمقامی سەیدسادق ئاماژەی بەوەکرد "توانیوانە کچەکە دەستگیر بکەن و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، کەیسەکە دراوەتە دەست ئاسایش و لە کاتی کردنەوەی دەوامی فەرمیدا دەدرێتە دەست پۆلیس."

قائیمقامی قەزای سەیدسادق، ئاماژەی بەوەشکرد هێزە ئەمنییەکان، کارەکانیان لە پێناو ئاسایش و ئارامی هاووڵاتیاندایە و ڕەتیشی کردوەوە ڕووداوەکە پەیوەندی بەە چالاکی داعشەوە بێت لە سنورەکە و ئاماژەی بەوەکرد شوێنی نیشتەجێ بوونی ئەو کچە دیارە و لە ئێستادا دەستبەسەر کراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:16 0:00
XS
SM
MD
LG